Daily Archives: حوزه‌یران 21, 2023

راگری پەیمانگە سەردانی زانکۆی سۆرانی کرد و لە لایەن سەرۆکی زانکۆوە پێشوازیان لێکرا

راگری پەیمانگە سەردانی زانکۆی سۆرانی کرد و لە لایەن سەرۆکی زانکۆوە پێشوازیان لێکرا

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 21ـی حوزەیرانی 2023، راگری پەیمانگە د. طالب محەمەد شەریف، سەردانی سەرۆکی زانکۆی سۆرانی کرد و لە لایەن سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. شێروان شەریف قورتاس پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکدا، کە یاردەدەرانی سەرۆکی زانکۆی سۆران ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی چەند پرس بیرۆکەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەشی زانستی و ئەکادیمی لە نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە گشتی و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و فاکەلتیەکانی زانکۆی ناوبراو، بۆ ئەوەی ببێتە مایەی سوود گەیاندن بە بواری ئەکادیمی و خوێندنی باڵا لە سنووری قەزای مێرگەسۆر.

سەرۆکی زانکۆی سۆران خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی بەرێز راگری پەیمانگە و ئامادەیی زانکۆکەی دەربڕی بۆ هەر کارێکی زانستی و ئەکادیمی هاوبەش کە خزمەت بە سنوورەکە بکات.

دواتر راگری پەیمانگە سەردانی فاکەڵتی یاسا و بەرێوەبردنی کرد و لە لایەن د. هیمداد فەیسەڵ راگری فاکەڵتی و د. سالاری یاریدەدەری راگر پێشوازیان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە هەماهەنگی نێوانیان کرا بۆ ئەنجامدانی خولی پێشخستنی توانا کارگێریەکانی ستافی پەیمانگە کە بتوانن سوود لە توانا کارگێڕی و یاساییەکانی فاکەڵتی ناوبراو وەربگرن.

راگری پەیمانگە سوپاسی راگرایەتی فاکەڵتی ناوبراوی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هەماهەنگی کردنیان بۆ پەیمانگە.

هەر ئەمرۆ شاندی پەیمانگە، سەردانی کۆلێژی تەکنیکی سۆرانی کرد و لە لایەن راگری کۆلێژ مامۆستا پاکستان حەمدەمین و ئەنجومەنی کۆلێژ زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە دانشتنیکدا ، باس لە هاوکاری و هەماهەنگی وەک یەک تیم و یەک زانکۆ کرا بۆ سەرپەرشتی کردنی قوتابیانی مەشقی هاوینە و پەرەپێدانی زیاتری توانا ئەکادیمییەکان و فێربوونی پراکتیکی قوتابیان. هەردوو راگر هاوڕابوون لە هاوکاری کردنی یەکتر کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەرکی مامۆستایان و خەرجی هاتووچۆ بۆ قوتابیانی هەردوو دامەزراوەکە

#راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ جاری دووەم رێوڕەسمی بەڕێکردنی بۆ 33 قوتابی ئەنجامدا کە بۆ مەشقی هاوینە دەچنە وڵاتی پۆڵەندا

رۆژی چوار شەممە 21ـی حوزەیرانی 2023 بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، رێورەسمی بەڕێکردنی بۆ ژمارەیەک قوتابی زانکۆمان رێکخست کە بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆکانی جیهان گەشتی وڵاتی پۆڵەندا بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە لە زانکۆی لودز.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ د.ئیدریس هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیادا بەخۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنی گەرمی قوتابیان و کەسوکاری قوتابیانی کرد و گوتی‌: زۆر پێخۆشحاڵم ئەمڕۆ کەدەبینم کۆمەڵە قوتابیەک خۆیان ئامادەکردووە بۆ وڵاتێکی ئەوروپی بەمەبەستی گەشتی زانستی بۆ بەشداریکردن لەکۆرسی مەشق ، بەڕێزان زانکۆ جێگای پێگەیاندنی کادیرو قوتابیانە، زانکۆ گرنگترین دەرگایە لەناو وڵاتاندا، یەکێک لەپێوەرە هەرە گرنگەکانی زانکۆ تابزانیت ئەو زانکۆیە باشە یا خراپە ئەوەیە کە زانکۆ تاچەند دەتوانێت بەنێودەوڵەتی بێت، ئەوەندە لەپێشترە لەڕێزبەندی زانکۆکان، کێبرکێی زانکۆکان ئێستا لەسەرئەوەیە چۆن دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ بەنێودەوڵەتی بوون بکات.

یەکێک لە پێداویستییە هەرە گرنگەکانی زانکۆ ئەوەیە کەچۆن دەتوانی خۆی بەنێودەوڵەتی بکات، ئەو زانکۆیانەی توانیویانە بەنێودەوڵەتی ببن ئەگەر سەیربکەیین دەبینین لەرانکینگی زانکۆکانی دونیا لە پێشەوەی هەموو زانکۆکان دەبینرێن.

خۆشبەختانە ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زۆر گرنگیمان بەو بابەتەداوە کەچۆن دەتوانین ئێمە پەیوەندیمان زیاتر بکەین لەگەڵ زانکۆکانی دونیا، خۆشبەختانە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیمان لە پۆلەندا لەگەڵ پێنچ زانکۆی ئەو وڵاتە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژوو بکەین و بەهاوبەشی کار بکەین ، لەئێستادا لەگەڵ سێ زانکۆی ئەو وڵاتە چوینەتە ناو جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامانەی نێوانمان.

یەکێک لەو زانکۆیانە زانکۆی لۆدزە لەشاری لۆدز لەوڵاتی پۆلەندا کە ئێوەی قوتابیانی خۆشەویست بەنیازن لەهەفتەی داهاتوو لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆکەمان گەشتی زانستی بۆ بکەن، چەندەها وڵاتی تریش بەشدارن و قوتابیانیان دێن بۆ ئەو گەشتە، ئەو زانکۆیە زانکۆیەکی ئاستبەرز و کۆنە و نزیکەی 70 ساڵ  پێش ئێستا دامەزراوە و یەکێکە لە زانکۆ گرنگەکانی پۆلەندا و ئەوروپا، نزیکەی 26 هەزار قوتابی هەیەو 90 بەشی زانستی هەیە .

لە کۆتاییدا ئومێدەوارم قوتابیانی ئێمە بتوانن لەو گەشتە زانستییەدا رووی جوان و کەشی شارستانیەتی وڵاتمان نیشان بدەن، چونکە هەموو تێکەڵ بوونێک ئامانجی ئەوەیە تێکەڵ بەشارستانیەت و کەلتوری یەکتری بن کە ئەوان کەلتوری ئێمە فێربن و ئێمەش هی ئەوان، ئێمە بزانین ئەوان چین و ئەوانیش بزانن ئێمە چین، ئەوە زۆر زۆر گرنگە لەو سەفەرەدا ، هەموو سەفەرێک ئەوەنییە بەس زانست فێربیت ئامانجی هەرە گرنگی ئەوەیە شارەزای داب و نەریت  کەلتور و شارستانیەتی یەکتری بین، وەک ئەوەی لە کوردستان هەیە لە بابەتی پێکەوە ژیان و ئەدەب و ڕەوشتی جوان و هەموو ئەوانەی کەشانازییان پێوە دەکەین بتوانین بەخەڵکی ئەوێی نیشان بدەین، هیوادارم سەفەرێکی سەرکەوتووبێت و دەرگایەکی نوێتان بۆ دەکرێتەوە کە چۆن دەتوانن لەگەڵ دونیای دەرەوەدا هەڵسوکەوت بکەن ، دەرگایەک دەبێت بۆ پێگەیاندنتان بۆئەوەی لە دواڕۆژدا خزمەتی ئەم وڵاتە بکەن.

دەسخۆشی لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی و ستافەکەی دەکەم کەهەوڵ و ماندووبونی زۆریان پێوە دیارە تا گەیشتن بەو هاوبەشی کارکردنە، دڵنیابن ئەوە ئاسان نەبووە و کاری زۆری بۆ کراوە، پار ساڵیش قوتایانمان گەشتیان کرد و ئەمساڵیش بەردەوامە کە ئێوەن گەشت دەکەن و لەساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبێت، ئامانجمان خزمەتکردنی قوتابیانە چونکە زانکۆ بۆ قوتابیانە.

دواتر بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ د.ڕەنج سیروان عەبدوڵڵا بەخێرهاتنی قوتابیان و کەسوکاریانی کرد و ڕێنمایی پێویستی بە قوتابیان دا کە چۆن پێداویستییەکانیان ئامادەبکەن و نەرم و نیان بن لە هەڵسوکەوت و وەڵام دانەوەی پرسیار لەو وڵاتە و ژیرانە هەڵسوکەوت بکەن  بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبن و تاکو بتوانین لەساڵانی داهاتووش گرنگی زیاتر بەو گەشتە بدەین و باش پێشوازیمان لێ بکەن، هەروەها ئەو بەڕێوبەرە گووتی، “ئەو کارە 5 ساڵی خایاند تا ئەم بەرهەمەی لێ پەیدابوو کە ئێوەش گەشت دەکەن بۆ ئەو وڵاتە، ئەو گەشتە تەجروبەیەکی نوێیە بۆتان، ئێوە نوێنەری کورد و زانکۆمانن لەو وڵاتە، کاری باش بکەن و وابکەن ماندووبوونمان بەفیرۆ نەچێت، تەنها قوتابیانی ئێمەو زانکۆی جیهان لە کوردستانەوە گەشت دەکەن بۆ ئەو وڵاتە، هیوای گەشتێکی سەرکەوتوو و پڕ ئەزموونتان بۆ دەخوازین”.

قوتابیانی بەشدار لەم گەشتە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە لە لایەن بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە ژمارەیان 33 قوتابییە بەم شێوەیە (24 قوتابی گەشتی پۆڵەندا دەکەن و 9 قوتابییەکەی دیکە بە شێوەی ئۆنلاین مەشقەکە ئەنجام دەدەن) کە بەپاڵپشتی ڕاستەوخۆی زانکۆمان ڤیزەی سەفەرکردنیان پێدراوە بەمەبەستی گەشتی زانستی بۆ وڵاتی پۆڵەندا ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆری قوتابیان بۆ گەشتی زانستی لە وڵاتانی جیهان، قوتابیانی بەشدار لە لایەن بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دوو مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێروە سەرپەرشتی و رێنمایی دەکرێن.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس هەرکی بڕوانامەی بەخشییە دوو قوتابی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر کە لە ماوەی رابردوودا بەشدارییان کردبوو لە پرۆگرامی (ئەکادیمیک مۆبیلیتی)مەشقی هاوینە لە زانکۆی لاتین ئەمریکا کە توانیان بە سەرکەوتوویی و پلەیەکی شایستە مەشقەکە تەواو بکەن.