Monthly Archives: حوزه‌یران 2023

سەرۆکی زانکۆ جەخت لە رەخساندنی هەلی یەکسان و شەفافییەت و دادپەروەریی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا دەکاتەوە

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جەختی لە رەخساندنی هەلی یەکسان و شەفافییەت و دادپەروەریی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا کردەوە و رایگەیاند، نەزاهەتی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستی هێڵی سوورە و دەبێت هەمووان پێوەی پابەندبن.

ئەم گوتانەی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە میانی کۆبوونەوەیەکدا هات کە لەگەڵ سەرۆک بەشەکانی هەرسێ کۆلیژەکانی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر، کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکییی بەمەبەستی ئاگاربوون لە وەرگرتنی داواکاریی خوازیاران بۆ خوێندنی باڵا و و چۆنییەتی خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا، ئەنجامی دا.

لە گوتەیەکدا پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەلی یەکسان بۆ گشت ئەو کەسانەی بڕەخسێندرێت کە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا پێشکەش کردووە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی راسپارد کە بەوپەڕى بەرپرسیارییەتییەوە کارەکە ئەنجام بدەن بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافیەت و بێ لایەنى لە جێبەجێکردنى پرۆسەکە.

دووپاتیشى کردەوە هەموو هەوڵێکمان بۆ داواکارانی خوێندنی باڵا ڕەخساندنى ژینگەى لەبارى خوێندن و فێربون و پێگەیاندنیانە، هەروەها ڕێگر بن لە مەحسوبیەت و نادادپەروەریی. هەروەها جەختیشی کردەوە کە دووربن لە پێشێلکاری و دەستوەردانێکی نایاسایی و بەدەر لە رێنماییەکان.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی هەروەها داوای کرد کە لیژنەکانی دانانی پرسیار لە بەشەکان ئاگادار بکەنەوە و رێنمایی پێویست بە چۆنییەتی دانانی پرسیار لەو جۆرە تاقیکردنەوانە بدەن.

بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، لیژنەیەکی تایبەت بۆ سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان پێکهێندرا و بڕیاردرا کە تاقیکردنەوەکان بەشێوەی ناوەندی ئەنجام بدرێت و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا راسپێردرا کە ئەو هۆڵانەی کە بۆ تاقیکردنەوەکان دیاریدەکرێن پێویستە ئامادەبکرێن و پێداویستیی و کەشێکی گونجاویان بۆ دەستەبەربکرێت.