Monthly Archives: كانونی دووه‌م 2022

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پێشوازی لە بەرێوبەری گشتی رێکخراوی سپارکی هۆڵەندی دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 10ـی کانونی دووەمی 2022 یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما بتۆ لە نووسینگەی خۆی لە سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازی لە به‌رێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی سپاركى هۆڵه‌ندی میشێڵ ریچتێر و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە بەرێوبەری دڵنیایی جۆری م. کمال محمد عبدالله و بەرپرسی هۆبەی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان پ.ی.د. عبدالله عمر یاسین ئامادەیبوون ی.سەرۆکی زانکۆ باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان رێکخراوی سپارک و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد، هەروەها یارمەتی و پاڵپشتییەکانی رێکخراوی ناوبراوی بەرز نرخاند کە دوای واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردولا لە ساڵی 2019ـەوە تا ئێستا ئەنجامدراون.

لە بەرامبەردا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە کارکردن و پاڵپشتی کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە لە ماوەی رابردوودا چەندین چالاکی هاوبەشیان بەیەکەوە ئەنجامداوە لەوانە کڕینی کەرەستە و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندن لە بوارەکانی مارکێتینگ و زمانی ئینگلیزی و ئۆتۆکاد، هەروەها ئەنجامدانی پرۆگرامی ئینتێرن شیپ بۆ قوتابیان تاکو بتوانن بەشداری بکەن و لە کۆمپانیایەک کار بکەن و رێکخراوەکە پاڵپشتی داراییان کردون و تا ئێستاش بەردەوامن.

هەروەها لە ئێستادا هەردولا کار لەسەر پرۆگرامی ئینۆڤەیشن لاب دەکەن ئەویش بریتییە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشانەی کۆمپانیاکان هەیانە لە لایەن قوتابیانی زانکۆمانەوە.

هەر لەو دیدارەدا هەندێک پرۆژە و پێشنیار خرانەڕوو تاکو لە داهاتوو جێ بەجێ بکرێت لەوانە پاڵپشتی زانکۆ بکرێت لە پرۆسەی بۆلۆنا و دروست کردنی پەیوەندی و لینک لە نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی دەرەوە، هەروەها کارێک بکرێت دوای کۆتایی هاتنی کارەکانی رێکخراوی ناوبراو لە کوردستان زانکۆ بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرەوپێشبردن و بەردەوامیدان بە پرۆژەکان.

هەروەها شاندی زانکۆ پێشنیاری ئەوەشیان کرد کە رێکخراوی ناوبراو هاوکاری زانکۆ بکات تاکو لە داهاتوودا پاڵپشتی دارایی بەدەست بهێندرێت لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەوەی خولی راهێنان بۆ ستافی زانکۆ ئەنجام بدرێت لە نووسینەوەی پرۆپۆزەڵ و پرۆژە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری شاندێک سەردانی زانکۆکانی (پۆلیتەکنیکی دهۆک، دهۆک و زاخۆ) دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 10ـی کانونی دووەمی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی بە یاوەری شاندێک کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک ئەندامانی ئەنجومەن و بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ سەردانی هەر سێ زانکۆی (پۆلیتەکنیکی دهۆک، دهۆک و زاخۆ)ی کرد و لە لایەن سەرۆکی زانکۆکانی ناوبراو پێشوازییان لێکرا.

سەردانەکە بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن بوو لە سەرۆکی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی دهۆک، دهۆک و زاخۆ بە بۆنەی دەستبەکاربوونیان وەک سەرۆکی زانکۆ، هەروەها مەبەستێکی دیکەی سەردانەکە هەمەهەنگی کردن بوو بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی هاوبەش لەگەڵ هەریەک لە زانکۆکان.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر کۆتاییان بە خولێکی دیکەی راهێنانی کار هێنا

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 6ـی جانیوەری 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دارا جلیل خەیات لە هۆڵی ژووری بازرگانی مەراسیمی کۆتایی هاتنی خولێکی دیکەی راهێنانی کار(پێشەنگ) بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا کە هەریەک لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ژمارەیەک لە بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ و بەرپرسانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئامادەیبوون، بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە 34 بەشداربوو کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو.

پێشه‌نگ

خولی پێشه‌نگ کۆرسێكی بزنسی پراكتیكی و تیۆریه‌‌ ئامانج لێی پاڵپشتی كردنی گه‌نجانه‌ تاكو بتوانن بیرۆكه‌كانیان له‌ بیرۆكه‌وه‌ بگۆرن بۆ كار و بازرگانی و پراكتیزه‌ی بكه‌ن کە به‌ پاڵپشتی به‌شی كارگێری كار- كۆلێژی ته‌كنیكی كارگێری هەولێر- زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر و به‌ سپۆنسه‌ری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر بەڕێوەدەچێت، و له‌ لایه‌ن مامۆستا زانیار جبار، مامۆستا له‌ كۆلێژی ته‌كنیكی كارگێری هه‌ولێره‌وه‌ ئاماده‌دەکرێ و به‌ڕێوه‌دەبرێت، خولی ئەمجارە بۆ ماوه‌ی (2 مانگ) بەردەوام بوو کە پێکهاتبوو لە 24 كاتژمێر لە 8 هه‌فته‌دا و هه‌فته‌ی یه‌ك رۆژ  و بۆ ماوەی 3 كاتژمێر بەرێوەدەچوو.

ئه‌مه‌ بۆ جاری حه‌وته‌مه‌ ئه‌م خوله‌ به‌هاوبه‌شی له‌ نێوان زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر و ژووری بازرگانی و پیشه‌ سازی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و خولی ئه‌مجاره‌ی پێشه‌نگ ، 34 كه‌س به‌سه‌ركه‌وتووی به‌شداربوون تیایدا

ئه‌م هاماهه‌نگیه‌ی نێوان زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دوابه‌دوای واژووكردنی یاداشتنامه‌ی له‌یه‌كتێگه‌یشتن له‌ نێوان هه‌ردوولا دێت كه‌وا له‌ ساڵی 2017 واژوو كرا و له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا ساڵانه‌ 1-2 جار ئه‌م خوله‌ بۆ ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە پرۆگرامێکی ئینتەرشیپی ئەوروپی دەکات

مامۆستایەکی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێری سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە پرۆگرامێکی ئینتەرشیپی ئەوروپی تایبەت بە ئەندازیاری کرد و بروانامەی پێبەخشرا، کە بۆ ماوەی سێ مانگ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەرێوەچوو.

دوای ئەوەی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی (ئی تی تی سی) پرۆگرامێکی ئینتەرشیپی راگەیاند، پاش هەڵسەنگاندنی پێشکەشکاران کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندازیارانی کوردستان لە لایەن سەندیکای ناوبراو مامۆستا علی دڵسۆز کمال مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر وەک تاکە ئەندازیار هەڵبژێردرا تاکو بۆ ماوەی سێ مانگ لە وڵاتی ئەڵمانیا لە کۆمپانیای (ئەی جەی جی) دەست بە کارکردن بکات.

پرۆگرامەکە لەماوەی 16.9.2021 تاکو 29.11.2021 بەردەوام بوو دوای کۆتایی هاتنیشی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بروانامەی بەشداربوون بەخشرایە مامۆستاکە، جێگەی باسە مەبەستی بەشداری کردنی پرۆگرامەکە دەستخستنی ئەزموونی زیاتر بوو بۆ بەشداربوو لە شێوازی کارکردن لە کۆمپانیای ناوبراو.