Daily Archives: كانونی دووه‌م 11, 2022

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمنارێک بۆ د. بەشیر حەداد جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 11ـی کانونی دووەمی 2022 لەچوارچێوەی دیداری هەفتانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ سیمنارێکی بۆ بەرێز د. بەشیر خەلیل حەداد جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەژێر ناونیشانی (وەرچەرخانی سیاسی و حوکمڕانی لە حکومەتی نوێی عێراق) رێکخست.

لە سەرەتای سیمنارەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕیوبەر و مامۆستایان و قوتابیان ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی زۆر سوپاسی بەڕێز د. بەشیر حەدادی کرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارەکە و هەروەها بەخێرهاتنی میوانانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە دیداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەردەوامی دەبێت دوای ئەوەی بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا سیمنارەکانی راوەستا بوو، هەروەها سەرۆکی زانکۆ گوتی: زانکۆ تەنها بریتی نیە لە وانە و پۆل و قوتابی و مامۆستا بەڵکو پێویستە چالاکی زانستی و کەلتوری ئەدەبی و سیاسیش لەخۆی بگرێت چونکە هەموو ئەوانە وا دەکەن قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ لە سەرجەم بوارەکاندا ئاستی رۆشنبیرییان بەرەو پێش بچێت.

دواتر سیمنارەکە دەستی پێکرد و د. بەشیر بەوردی باسی لە پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێ و ئاڵنگارییەکانی کرد لە ساڵی 2003ـوە تاکو کابینەکەی کازمی، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان کرد و هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانی خولی پێشووی رونکردەوە.

لە بەشێکی دیکەی قەسەکانی دا جێگرەکەی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەم کرد و تیشکی خستە سەر لایەنە براوەکان و ئەوانەش کە کورسیەکانیان کەمی کردووە و مەترسی هەڕەشەکانیانی رونکردەوە، دواتر باسی لە گرنگی بیرۆکەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە کرد و وتی ئێمە ئەزمونێکی باشمان لەگەڵ حکومەتی تەوافوق نیە، پێم باشە ئەزمونی حکومەتی زۆرینەش تاقی بکەینەوە هەرچەند لایەنی باش و خراپیشی هەیە بەڵام پێم وایە لایەنە باشەکانی زیاترن.

پاشان باسی لە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەردولا لەگەڵ پرسەکان کە هەندێکیان بە دەرکردنی یاسا چارەسەر دەبن وەک پرسی نەت و گاز و هەندێکی دیکەیان بە سیاسی چارەسەر دەکرێن بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش لە عێراق بە ئەقڵیەتی فیدراڵی مامەڵە ناکرێت بەڵکو بە ئەقڵیەتی مەرکەزیەت دەیانەوێ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و ئەوەش وای کردووە کێشەکان کەڵەکە بن.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن د. بەشیر حەدادەوە بە وردی و راشکاوانە وەڵام درانەوە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە بەرێز د. بەشیر خلیل حەداد و سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارەکە.