Daily Archives: كانونی دووه‌م 18, 2022

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمنارێک بۆ سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێم رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 18ـی کانونی دووەمی 2022 لەچوارچێوەی دیداری هەفتانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ سیمنارێکی بۆ بەرێز م. عبدالرحمن صديق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەژێر ناونیشانی (گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەری لەسەر ژینگە) رێکخست.

لە سەرەتای سیمنارەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوبەر و مامۆستایان و قوتابیان ئامادەیبوون، ی.سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مصطفی رسول زۆر سوپاسی بەڕێز مامۆستا عبدالرحمن صديقی کرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارەکە و هەروەها بەخێرهاتنی میوانانی کرد.

دواتر سیمنارەکە دەستی پێکرد و مامۆستا عبدالرحمن صديق بەوردی باسی لە گۆڕانکارییەکانی ژینگە و گەرم بوونی زەوی و هۆکارەکانی پیس بوونی ژینگەی بۆ ئامادەبووان رونکردەوە، هەروەها کۆمەڵێک داتای وردی لەبارەی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی لە ماوەی ساڵانی پێشوو و ئێستا خستەڕوو.

پاشان باسی لە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کێشەکانی ژینگە و ستراتیژی حکومەتی هەرێم و دەستەکەی بۆ چاکتر کردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم کرد.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن سەرۆکی دەستەی ژینگەوە بە وردی وەڵام درانەوە.

دواتر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما پتۆ پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە بەرێز مامۆستا عبدالرحمن و سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارەکە.