Daily Archives: كانونی دووه‌م 13, 2022

سەرۆکی زانکۆ بروانامەی بەشداربوون دەبەخشێتە سەرپەرشتیاران و قوتابیانی بەشداربوو لە پرۆگرامی گلۆباڵ سۆلیوشن

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 13ـی کانونی دووەمی 2022 لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی بڕوانامەی بەشداربوونی بەخشییە ژمارەیەک قوتابی کە لە ماوەی رابردوو بەشدار بوون لە پرۆگرامی گلۆباڵ سۆلیوشن کە بەسەرپەرشتی رێکخراوی ئایرێکس بەڕێوەچوو.

بەر لە دابەش کردنی بڕوانامەکان د. کاوە شێروانی لە وتەیەکی کورتدا پیرۆزبایی لە قوتابیان کرد و زۆر سوپاسی ستافی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستایانی سەرپەرشتیار هەروەها قوتابیانی بەشداربووی کرد کە بەسەرکەوتووی کۆتاییان بە پرۆگرامەکە هێناوە، و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.

دواتر قوتابیانی بەشدار بوو کە لە چەند بەشێکی جیاوازەوە بەشدارییان لە پرۆگرامەکە کردبوو کورتە باسێکیان دەربارەی گرنگی بەشداربوون و ئەزمونی خۆیان کرد لەپرۆگرامەکە وەک تاوتوێ کردنی کۆمەڵێك گرفت و کێشەی ناوەخۆ و جیهانی لەوانە پیسبوونی ژینگە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی مرۆیی، هەروەها سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆ و مامۆستایانی سەرپەرشتیار و ستافی بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆیان کرد بۆ ئەو هەلەی کە بۆیان رەخساندبوون.

لە ماوەی رابردوودا لەژێر ناونیشانی بەرەو دواڕۆژێکی ئاشناتر بۆ خۆمان و نەوەکانمان، و بە بەشداری گروپێك لە قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپێك لە قوتابیانی زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەژێر چاودێری ڕێکخراوی (ئایرێکس)ـی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، قوتابیانی زانکۆمان بەشداربوون لە پرۆگرامی گلۆباڵ سۆلیوشن کە بۆ ماوەی شەش هەفتە لە مانگی نۆ تاکو مانگی دوازدە بەردەوام بوو، و تیایدا تاوتوێی بۆچوونەکانیان کرد سەبارەت بە کۆمەڵێك گرفت و کێشە ناوەخۆ و جیهانیەکان وەك پیسبوونی ژینگە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی مرۆیی و بە تایبەتی پیس بوونی ئاو و کاردانەوەی لەسەر سامانی ئاوی، لە هەمان کاتدا قوتابیەکان بیر و بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد لەسەر کەلتوور و جل و بەرگ و خواردنی کوردەواری و ئەمریکی بە چەشنێك کە هەردوو لا ئاشنا بوون بە کەلتووری یەکتر و دڵخۆش بوون.

شیاوی باسە پرۆگرامە سەرپەرشتی دەکرێت لە لایەن بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی (د. رەوشەن عثمان مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە، م. رفاعی محمد مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر و م. هەورۆ مەسیح مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەرێوەچوو، بڕیارە لە داهاتوودا ئەم پرۆگرامە بەردەوام بێت لەگەڵ کۆمەڵە قوتابییەکی دیکە.

لەکۆتایی مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی بە واژووی خۆی نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی (بیرکردنەوەت بگۆڕە تا سەرکەوتوو بیت) بەخشییە قوتابیان.

:بەشێک لە وێنەکان

سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی بەشداربوون دەبەخشێتە مامۆستایانی بەشدابوو لە خولی تیسۆڵ

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 13ـی کانونی دووەمی 2022 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی لە ئۆفیسی خۆی بروانامەی بەشداربوونی بەخشییە مامۆستایانی بەشداربوو لە پرۆگرامی تیسۆڵ کە لەلایەن پەیمانگەی ئیمپریاڵ ئینگڵیشی بەریتانی بە شێوەی ئۆنلاین بەرێوەچوو.

خولەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە مانگی 11ـی 2021 دەستیپێکرد کە تایبەت بوو بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی و تەکنییکەکانی زمانی ئینگلیزی بە بەشداری شەش مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەسەرکەوتوویی بروانامەیان پێبەخشرا.

بەرێوەچوونی خولەکە لە چوارچێوەی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەیە کە بەر لە دووساڵ واژوو کراوە لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی ئیمپریاڵ ئینگڵیش.