Daily Archives: كانونی دووه‌م 10, 2022

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پێشوازی لە بەرێوبەری گشتی رێکخراوی سپارکی هۆڵەندی دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 10ـی کانونی دووەمی 2022 یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما بتۆ لە نووسینگەی خۆی لە سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازی لە به‌رێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی سپاركى هۆڵه‌ندی میشێڵ ریچتێر و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە بەرێوبەری دڵنیایی جۆری م. کمال محمد عبدالله و بەرپرسی هۆبەی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان پ.ی.د. عبدالله عمر یاسین ئامادەیبوون ی.سەرۆکی زانکۆ باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان رێکخراوی سپارک و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد، هەروەها یارمەتی و پاڵپشتییەکانی رێکخراوی ناوبراوی بەرز نرخاند کە دوای واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردولا لە ساڵی 2019ـەوە تا ئێستا ئەنجامدراون.

لە بەرامبەردا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە کارکردن و پاڵپشتی کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە لە ماوەی رابردوودا چەندین چالاکی هاوبەشیان بەیەکەوە ئەنجامداوە لەوانە کڕینی کەرەستە و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندن لە بوارەکانی مارکێتینگ و زمانی ئینگلیزی و ئۆتۆکاد، هەروەها ئەنجامدانی پرۆگرامی ئینتێرن شیپ بۆ قوتابیان تاکو بتوانن بەشداری بکەن و لە کۆمپانیایەک کار بکەن و رێکخراوەکە پاڵپشتی داراییان کردون و تا ئێستاش بەردەوامن.

هەروەها لە ئێستادا هەردولا کار لەسەر پرۆگرامی ئینۆڤەیشن لاب دەکەن ئەویش بریتییە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشانەی کۆمپانیاکان هەیانە لە لایەن قوتابیانی زانکۆمانەوە.

هەر لەو دیدارەدا هەندێک پرۆژە و پێشنیار خرانەڕوو تاکو لە داهاتوو جێ بەجێ بکرێت لەوانە پاڵپشتی زانکۆ بکرێت لە پرۆسەی بۆلۆنا و دروست کردنی پەیوەندی و لینک لە نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی دەرەوە، هەروەها کارێک بکرێت دوای کۆتایی هاتنی کارەکانی رێکخراوی ناوبراو لە کوردستان زانکۆ بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرەوپێشبردن و بەردەوامیدان بە پرۆژەکان.

هەروەها شاندی زانکۆ پێشنیاری ئەوەشیان کرد کە رێکخراوی ناوبراو هاوکاری زانکۆ بکات تاکو لە داهاتوودا پاڵپشتی دارایی بەدەست بهێندرێت لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەوەی خولی راهێنان بۆ ستافی زانکۆ ئەنجام بدرێت لە نووسینەوەی پرۆپۆزەڵ و پرۆژە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری شاندێک سەردانی زانکۆکانی (پۆلیتەکنیکی دهۆک، دهۆک و زاخۆ) دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 10ـی کانونی دووەمی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی بە یاوەری شاندێک کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک ئەندامانی ئەنجومەن و بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ سەردانی هەر سێ زانکۆی (پۆلیتەکنیکی دهۆک، دهۆک و زاخۆ)ی کرد و لە لایەن سەرۆکی زانکۆکانی ناوبراو پێشوازییان لێکرا.

سەردانەکە بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن بوو لە سەرۆکی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی دهۆک، دهۆک و زاخۆ بە بۆنەی دەستبەکاربوونیان وەک سەرۆکی زانکۆ، هەروەها مەبەستێکی دیکەی سەردانەکە هەمەهەنگی کردن بوو بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی هاوبەش لەگەڵ هەریەک لە زانکۆکان.