Category Archives: Soran Technical College

په‌تای وه‌رزی كۆڵێژ و په‌یمانگاكانی ته‌نیوه‌ و ماسك تاكه‌ ڕێگره‌ !

كۆلێژ و سه‌نته‌ره‌ ئه‌كادیمیه‌كان باوترین شوێنن بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی نه‌خۆشیه‌ گوێزه‌ره‌وه‌كان به‌هۆی بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆری قوتابی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی گوازتنه‌وه‌ی فایرۆس و به‌كتریاكان زۆر به‌ئاسانی به‌هۆی به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ .

په‌تای وه‌رزی یان ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی چیه‌ ؟

ئەنفلۆنزا نەخۆشییەکی درمیە كه‌ توشی کۆئەندامی هەناسەدان ده‌بێت له‌ مرۆڤدا پەتاکانی ئەنفلۆنزا ساڵانە لەنێو خەڵکدا لە سەرانسەری جیهاندا ڕوودەدەن ، زۆر جاریش كاریگه‌ری خراپ و مه‌ترسیدار دروست ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت زۆر جاریش ده‌بێته‌ هۆی مردن له‌وكه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ یان له‌ خودی كۆئه‌دامی هه‌ناسه‌یان كێشه‌یان هه‌یه‌ .

چه‌ندیه‌تی و چۆنیتی ڕودانی په‌تای وه‌رزی یان ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی ؟
په‌تای وه‌رزی ساڵانە لەنێو خەڵکدا لە سەرانسەری جیهاندا ڕوودەدات ، به‌ شێوازێكی به‌ر چاو له‌ وه‌رزی پایز و زستان. ساڵانە بەزۆری لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا دەگاتە لوتکە.

په‌تای وه‌رزی یان ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی چۆن بڵاودەبێتەوە؟
ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ به‌ هۆی پژمین ، كۆكه‌ یان قسه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سی توش بوو كه‌ نێوانی له‌ یه‌ك مه‌تر كه‌متر بێت.

ئایا ڤاکسین هەیە بۆ ئەنفلۆنزای وەرزی؟
به‌ڵێ ، ڤاکسین بۆ ئەنفلۆنزا وه‌رزی بەردەستە ، بۆ زۆربەی خەڵک یەک ژەمی ڤاکسین پێویستە .

ئەو کەسانەی کە تووشی ئەنفلۆنزا بوون زۆرجار هەست بە هەندێک یان هەموو ئەم نیشانانە دەکەن :

• هەستکردن بە تا یان لەرز.
• کۆکە.
• گەرووی ئاوساو.
• ئاوی لووت یان گیرانی لووت.
• ئازاری ماسولکە یان جەستە.
• سەرئێشە.

دوور بکەوەرەوە لە دەست لێدانی چاو، لووت یان دەمت.
–پێویسته‌ قوتابی و ستافە نەخۆشەکان لە کەسانی تر جیا بكرێنه‌وه‌ .

ئەو خۆراکانەی کە دەبێت لێیان دوور بکەویتەوە کاتێک تووشی ئەنفلۆنزا بووی :

  • کحول سیستەمی بەرگری لەشت لاواز دەکات و دەتوانێت بەرەنگاربوونەوەی ئەنفلۆنزا قورستر بکات.
  • کافاین دەتوانێت زیاتر وشکت بکاتەوە، بۆیە دوور بکەوەرەوە لە قاوە و چای ڕەش و سۆدە و هاوشێوەکانی.
  • شەکر کە دەتوانێت بەرگری لەش کەم بکاتەوە.
    • بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەتوانن بەڵغەم ئەستوور بکەن، ئەمەش واده‌كات زیاتر توشی ئه‌سته‌می هه‌ناسه‌دان بیت .

ئایا دەرمان هەیە بۆ چارەسەری ئەنفلۆنزای وەرزی؟

  • پزیشکان دەرمانی دژە ڤایرۆس دەنووسن کە کاریگەرە دژی ئەنفلۆنزای وەرزی
  • هەروەها هەندێک جار دەبێت دەرمانی ئازارشکێن بخۆیت بۆ کەمکردنەوەی سەرئێشە و ئازارەکانی تر

نوسینی
م. عبدالغفور ایوب حمدامین

بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی تووند وتیژی دژی ئافرەتان لە کۆلێژەکەمان.

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێكەوتی ٢٠٢٢/١١/٢٧ بە ئامادەبوونی هەریەكە لە بەڕێزان ( هەڵگۆرد شێخ نجیب ) سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران و مامۆستا عبدالواحيد ڕواندزی بەرپرسی لقی ١٠ ی ( پ.د.ک ) و سەرۆکی ئەنجومەنی کۆلێژ بەڕێز م.پاکستان محمدامین یوسف و ئامادەبوونی ئەنجومەنی کۆلێژ و بەڕێز مقدم بژار مصطفی بەڕێوبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان / سۆران و
نوێنەرانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای هەولئر و بەرپرسانی حزبی و حكومی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگایی مەدەنی و ، مەڕاسیمی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتیمانی ( ١٦ڕۆژەی ) بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە ژێر دروشمی ( یەكخستنی تواناكان لە پێناو كۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی كچان و ژنان ) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان و خێزان / سۆران لە کۆلێژەکەمان بەڕێوەچوو.

تیایدا دەستپێكی مەڕاسیمەكە هەریەكە لە بەڕێزان مقدم بژار مصطفی و هەڵگۆرد شێخ نجیب و م.پاکستان محمدامین یوسف ڕاگری کۆلێژەکەمان ووتارێکیان پێشكەش كرد ، لەسەر ڕۆڵی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە ناوچەكەدا كە ئەم ساڵ كەمترین ڕێژەی توندوتیژی دژی كچان و ژنان لە سنووری ئیدارەی سۆران بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان / سۆران تۆمار كراون.

پاشان بەڕێز م.عبدالباسط علی مامۆستای کۆلێژکەمان سمینارێکی بە ناونیشانی ئافرەت لە دەمی شوشەدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە كۆتای مەڕاسیمەكە ١٦ خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر دام و دەزگای حکومی و حزبی و دابەش کرا ڕۆلیان هەبووە لە هەمبەر هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی بەرەنگاربوونەوەی ئافرەتان و خێزان / سۆران .

ڕاگەیاندنی کۆلێژی تەکنیکی سۆران
٢٠٢٢/١١/٢٧

کۆلێژی تەکنیکی سۆران ڕێوڕەسمی خولی ٢٠ مین دەرچوانی قوتابیانی ئـەنجامدا

ئـەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١١/٢٠ لەژێر چاودێری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەڕێز پ.د ادریس محمدطاهر و بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بەڕێز د.یوسف مصطفی رسول و ئـەنجومەنی کۆلێژی تەکنیکی سۆران و و میوانانی حزبی و حوکمی و کەس و کاری قوتابیان لە ڕێوەڕەسمێکی شایستە لە هۆلی بۆنەکانی ئیداری سەربەخۆی سۆران ئـاھەنگی دەرچوان بۆ ٧٠٠ قوتابی دەرچو بۆ گشت بەشەکانی بەیانیان وئـیواران ئـەنجامدراو قوتابیان سوێندی یاساییان خواردو سەرۆکی زانکۆش بڕوانامەی بە قوتابیانی دەرچوو بەخشی و قوتابیان دڵخۆش بون بە دەرچونیان.

دەستخۆشی و ماندوونەبون لە بەڕێز د.سیروان لەتیف ی ڕاگر وسەرۆکی لیژنەی باڵای ئـاھەنگ کە سەرپەرشتی کارەکانی دەکرد و سۆپاسی بەرپرسانی لیژنەی قوتابیانی کۆلێژەکەمان بەیانیان و ئـێواران و گشت ئـەندامانی لیژنەی باڵای ئاهەنگی کۆلێژەکەمان دەکەین کەھاوکارمان بون لە بەڕێوەچونی مەڕاسیمەکە ، پیرۆزبایی لە گشت قوتابیانی دەرچوو دەکەین و ھیوای دواڕۆژیکی گەش بۆ گشت قوتابیان دەخوازین .

ڕاگەیاندنی کۆلێژی تەکنیکی سۆران
٢٠٢٢/١١/٢٠

ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان

لە ژێر چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەرێز پ.د ادریس محمد طاهر،کۆلێژەکەمان هەڵدەستێ بە سازدانی ڕێوەرەسمی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی خولی (بیستەم) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ .
هەربەم بۆنەیەوە ئاگاداری گشت قوتابیانی دەرچووی قۆناغی دووەم ساڵی خوێندنی ۲٠٢١ -٢٠٢٢ بەیانیان و ئێواران دەکەین کەوا ئاهەنگی دەرچوون ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١١/٢٠ لە سۆران – هۆڵی بۆنەکان کاتژمێر ١٠:٣٠ی بەیانی بەڕێوەدەچێت.

تێبینی : قوتابیانی دەرچوو پیویستە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی لە هۆل ئامادە بن بۆ ئامادەکاری و وەرگرتنی رێنمایی بەڕێوەچوونی ئاهەنگ.

ڕاگەیاندنی کۆلێژی تەکنیکی سۆران
‌ ۲۰٢٢/١١/۱٨