كاریگەریی فەیسبووك لەسەر ئازادیی باوەڕ لای گەنجانی هەرێمی كوردستان

  • Shorsh Anwar Abdalla
  • [email protected]
  • +9647504935504
  • كاریگەریی فەیسبووك لەسەر ئازادیی باوەڕ لای گەنجانی هەرێمی كوردستان
  • پوختە

    ئامرازە نوێچەشنەکانی راگەیاندن (New Media)، به گشتیی پانتاییەكی كراوەن بۆ گەیاندنی پەیام و راوبۆچوون و زانیارییە جیاوازەكان. لەناو میدیای نوێدا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان (Social Networking) بە گشتیی، بێ بەرامبەر دەرفەتێكی فراوانیان بۆ دەرخستن و گفتوگۆكردن لەبارەی بیروڕا و باوەڕە جیاوازەكانەوە رەخساندووە، هەروەها (فەیسبووك) وەك سەكۆیەکی بەربڵاوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پرسی ئایین و باوەڕە جیاوازەكانیش وەك پرسێكی هەمیشەیی لەناو ئەم سەكۆیەدا هەیە، هەربۆیە ئامانجە سەرەکییەكانی ئەم توێژینەوەیە، زانینی ئاستی کاریگەریی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووكـ)ـە لەسەر ئازادیی باوەڕ لای گەنجانی هەرێمی كوردستان، هەروەها زانینی ئەندازەی کاریگەریی رەوشی ئازادیی باوەڕ لە زەمینی واقیع (واقیعی راستینە) لە هەرێمی کوردستان لەسەر واقیعی گریمانە كراو.

    توێژینەوەكە، لە رووی جۆرەوە، بە توێژینەوە پەسنکاریی (وەسفییـ)ـەكان هەژماردەكرێت، توێژەر بۆ گەیشتن بە وەڵامی پرسیارەكان و بە دیهێنانی ئامانجەكانی، رێبازی (رووپێوكاریی)ـی بەكارهێناوە. هەروەک كۆمەڵی توێژینەوەكە، بریتییە لە هەرێمی كوردستان، مشتەكەیشی (مشتەیەكی ناهەڕەمەکیی مەبەستدار)ـە لە گەنجانی کورد لە هەرێمی كوردستان: (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە)، ژمارەیان (702) گەنجە و بە شێوەی فۆرمی سەرهێڵ (ئۆنلاین) وەڵامدراونەتەوە و توێژەر، بۆ بەدەستهێنانی دەرەنجامی ورد و دروست، کەرەستەی ئاماریی (SPSS- Statistical Package for the Social Sciences)ـی بەکارهێناوە.

    توێژەر لە کۆتایی توێژینەوەکەدا بە چەند دەرەنجامێک گەیشتووە، لەوانە؛ لایەنگران و بانگخوازانی هیچ ئایین و باوەڕێك وەك پێویست لە فەیسبووكدا، گەنجانیان هاننەداوە بۆ كرانەوە، یەكترقبوڵكردن و ئازادیی و ئازادیی باوەڕ و ئایین، ئەمەش پێچەوانەی بەند و بڕگەی جاڕنامە و پەیماننامە و رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ و فەلسەفە و تەنانەت هەندێك دەقی ئایینییشە، كە كار لەسەر كرانەوە و یەكترقبوڵكردن دەكات؛ هەروەها لە كۆی مشتەی توێژینەوەكە دەردەكەوێت، دوای باوەڕی زۆرینەی ئایینی (ئیسلام)، (بێ ئایین) بە دووەم باوەڕ دێت لە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا لە رەشنووسی دەستووری هەرێم و یاسای پەرلەمان و وەزارەتی ئەوقافی هەرێمدا، جێی بۆ نەكراوەتەوە و باس و پرسی مافەكانی نەهاتووە، چوونكە ئەمە دەركەوتنی سەرەتایەكی نوێیە لە پرسی باوەڕی ئایینیی لە كۆمەڵی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا.

    هەروەها بەپێی ئەو تیۆریانەی لە توێژینەوەكەدا پشتیان پێبەستراوە، توێژەر بەو دەرەنجامەش گەیشتووە، هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی میدیای نوێ، ئامرازی كارلێككارین و سنوری ئازادیی فراوان دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتیی، وای لە گەنجی بەكارهێنەری كورد لە هەرێمی كوردستان نەكردووە، كە ئاسۆی بیركردنەوەی فراوان بێت، بە تایبەت لە بواری یەكترقبوڵكردن و باوەڕی ئایینیی و ئازادیی باوەڕ.

    بەرمەبنای ئەو دەرەنجامانەی سەرەوەش، توێژەر چەند راسپاردەیەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەنددارەکان كردووە، لەوانە؛ لایەنە پەیوەنددارەکان لە پەرلەمان، حکومەت، ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی و ... تاد، کاری ورد و رژد بکەن بۆ هۆشیاریی تاکەکان، هەم لە روی پاراستنی ماف و ئازادییەکان، هەم رەچاوکردنی ئەو ماف و ئازادییانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. هەروەها توێژەر بەو دەرەنجامە گەیشتووە، لە هەرێمی كوردستان ئاست و رێژەی هەندێك لە باوەڕەكانی تر بەرزبووەتەوە، پێویستە پێداچوونەوە بۆ رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان بكرێت و ئەو بڕگە و مادانەی مافی باوەڕدارانی جیاواز لەبەرچاوناگرێت، یان پێشێلیان دەكات، هەمواربكرێنەوە.

    هەروەها توێژەر لەكاتی توێژینەوەكەدا توشی چەندین ئاستەنگ بووە لەوانە، پەیوەندی بەچەندین كەسی ئەكادیمیی و پسپۆڕ و نوسەری بوارەكە كرد، هەندێكیان بە پاساوی جۆراوجۆر ئامادە نەبوون بەشداری ئەم توێژینەوەیە بكەن، ئەویش بەشێكی بۆ هەستیاریی پرسەكە لە كۆمەڵی كوردیدا دەگەڕێتەوە.

    کلیلەوشەکان: كاریگەریی، فەیسبووك، ئازادیی باوەڕ، گەنج، هەرێمی كوردستان

  • Erbil Technical Administrative College
  • media technical
  • media

Leave a Reply

Your email address will not be published.

You may use these <abbr title="HyperText Markup Language">HTML</abbr> tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>

*