Daily Archives: ئایار 29, 2025

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری بەسەر دەکاتەوە

پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە نوێنەرایەتی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری کرد و لەلایەن راگر و یاریدەدەری راگر و سەرۆکی لێژنەی تاقیکردنەوەکان پێشوازیی ليکرا.

لە دانیشتنێکدا تاوتوێی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان کرا.

دواتر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و م.بهزاد حلمی حسین بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی بەسەرکردەوە و لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پرسی و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ قوتابیان ئەنجامدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

هاوکات بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر سەردانی لێژنەی تاقیکردنەوەکانی کرد و دەستخۆشی لە راگرایەتی و لێژنەی تاقیکردنەوەکان و سەرپەرشتیارانی هۆڵەکان کرد و ئەرک و ماندوبوونیانی بەرز نرخاند.

 

 

بەڕێوەبەر و ستافی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆمان بەشداریی لە خولی وەڵامدەرەوەی کۆمەڵگا CRT دەکەن

بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆمان و ژمارەیەک لە بەرپرس و فەرمانبەرانی هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و پەیمانگاکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر  بەشدارییان لە “وەڵامدەرەوەی کۆمەلگا Community Responder” کرد کە لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی هۆشیاری و بەرەوپێشبردنی سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی توانای وەڵامدانەوە، بەهەماهەنگی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC  لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا و ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی کراوەتەوە.

خولەکە لە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٥ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ـی ئایاری ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت، کە تێیدا ٢٣ مامۆستا و فەرمانبەر بەشدارن و تێیدا بەشداربووان سوودمەند دەبن لەبارەی چۆنییەتی وەڵامدانەوە و بەهاناوەچوون لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان، کە تێیدا بەشداربووان ئاشنا دەکرێن به “چۆنیەتی ئەنجامدانی بەهاناوەچوونی خێرا، ڕزگارکردن و وەڵامدانەوە، چۆنیەتی ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی، چەندین بابەتی دیکە”.