Daily Archives: ئایار 28, 2025

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەشداریی لە کۆنفڕانسی ساڵانەی NAFSA دەکات لە ئەمریکا

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە راوێژکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کارەکانی کۆنفڕانس و پێشانگای ساڵانەی کۆمەڵەی نێودەوڵتیی مامۆستایان NAFSA 2025 کرد لە شاری سانتیاگۆ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

 

لە چالاکییەکەدا، شاندی کوردستان ژمارەیەک دیداریان لەگەڵ شاندە بەشداربووەکان ئەنجامدا و رەوشی پەروەردە و خوێندنی باڵایان لە هەرێمی کوردستان بۆ خستنەڕوو.

 

کۆنفڕانس و پێشانگای ساڵانەی NAFSA 2025 کە لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مامۆستایان ڕێکخراوە کە گەورەترین کۆبوونەوەی جیهانە کە تایبەتە بە پەروەردە و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیی، کە هەزاران کەسانی شارەزا و پسپۆڕی جۆراوجۆری بوارەکەدا کۆدەکاتەوە.

 

بۆ ئەمساڵیش نزیکەی ١١ هەزار کەس لە ١٧٠ وڵاتاوە بانگهێشتی ئەم کۆنفرانسە کراون بە یەکێک لە کاریگەرترین کۆنفڕانسەکانی جیهان دادەنرێت کە تیایدا گرنگی بە تەوەرە سەرەکییەکانی ئامانجەکانی پەروەردە و خوێندن و کاری هاوبەش و بەستنەوەی خوێندن بە گەشەسەندنی ئابووری و دادپەروەری کۆمەلایەتی و مرۆڤایەتی دەدات، لە هەمان کاتدا دەرفەتی بەردەوام بۆ فێرخوازان لە سەرانسەری جیهان دەڕەخسێنێت. ئامادەبووان دەرفەتیان دەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر، هاوبەشکردنی ئەزموونەکان، و گەڕان بەدوای ستراتیژی و باشترین پراکتیزە کاریگەرەکان کە ڕەنگدانەوەی گرنگی پەروەردەی نێودەوڵەتی لە جیهانی ئەمڕۆدا دەبێت.

 

بەشداربووانی پێشانگای NAFSA 2025 سوودمەند دەبن لە چەندین دانیشتنی جۆراوجۆر کە لەلایەن پسپۆڕانی پەروەردەی نێودەوڵەتییەوە داڕێژراون، کە ڕەوتە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی پیشەیی و داکۆکیکردن لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گشتگیری لەخۆدەگرێت.

 

جێی ئاماژەیە کۆمەڵەی پەروەردەکارانی نێودەوڵەتیی گەورەترین ڕێکخراوی قازانج نەویستە لە جیهاندا کە تایبەتە بە پەروەردە و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیی کە لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە، ئەرکی پێشخستنی فێربوون و ئاڵوگۆڕکردنە، ئاسانکاری بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنە لە نێوان کەسانی شارەزا و بە ئەزموون و پەرەپێدانی تاکی لێهاتوو لە ئاستی جیهانیدا.

 

ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمەڵەکە بریتییە لە پێشخستنی فێربوون و توێژینەوە لەڕێگەی دابینکردنی سەرچاوە و بەرنامە کە پاڵپشتی پەروەردەی نێودەوڵەتیی دەکات.

پەرەپێدانی لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن لە نێوان کەسانی شارەزا و بە ئەزموونی جۆراوجۆر.

پەرەپێدانی کەسانی لێهاتوو لە ئاستی جیهانیدا کە توانای چارەسەرکردنی ئاستەنگ و هەلومەرجەکانی جیهانیان هەبێت.