زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک بە هەماهەنگی هەفتەی داهێنان و نوێگەری وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی رێکدەخەن

رۆژی یەکشەممە 21ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د. سوڵتان ئەبو عەڕابی سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک و پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لە بارەی داهێنان و نوێگەری بە هەماهەنگی بەشی کارگێری کار لە هەردوو زانکۆکە و هەفتەی نوێگەری لە جیهان بەڕێوەچوو.

وۆرکشۆپەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتبوو بەشی یەکەم، پانێڵێک بوو لەسەر داهنان و نوێگەری و (چارەسەرکردنی کێشەکان)، بەشی دووەمیش بەشێکی تایبەت بوو لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەی تیم بە شێوەی تیم لەنێوان مامۆستایان و قوتابییانی هەردوو زانکۆکە.

لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی تیشک و رێکخەرانی ئیڤێنتەکە و هەفتەی نوێگەری کرد و رایگەیاند، ” بەرێزان خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە چالاکییەکی دیکەی هاوبەش لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک بە هاوکاری هەفتەی داهێنان و نوێگەری لە جیهاندا بەشدارین ئەویش ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپەیە، بەڕێزان بابەتی داهێنان و نوێگەری بابەتێکە پەیوەندی بە هەموو تاکە کەسێکەوە هەیە، داهێنان و نوێگەری پەیوەست نییە بە بۆماوەیی، یان کەسێک لە زگماکەوە نابێتە داهێنەر لەبەر ئەوەی باوکیشی داهێنەر بووە یان بنەماڵەکەی دانێنەر بوو نەخێر، بەڵکو داهێنان و نوێگەری بەڕای ئێمەی پەروەردەکار وەکو بابەتێکی پەروەردەیی وایە پێویستە قوتابییان و گەنجان ئەوەی بتوانن ببنە تاکێکی داهێنەر پەروەردە بکرێن و هاوکاری بکرێن.

بۆیە ئێمە لەو رووانگەیەوە تەماشای ئەم وۆرکشۆپە دەکەین وە ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر پێویستن بۆ گەنجان بۆ ئەوەی بتوانن ببنە داهێنەر و نوێگەری بکەن. هەتا لە خوێندن لەناو پڕۆژەدا قوتابی دەتوانێت داهێنەربێت و دەتوانێت نوێگەری بکات، بەهەمان شێوە زۆر پێویستە مامۆستا بتوانێ لە ناو پۆلدا داهێنان بکات و نوێگەری بەکاربهێنێت تاکو بتوانێت هانی ئەو قوتابییانە کە توانای داهێنانیان هەیە و هاوکارییان بکات و هەلیان پێ بدات و فێریان بکات پەروەردەیان بکات بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی داهێنەر.

لێرەدا دەستخۆشی لەو بەڕێزانە دەکەین کە لەگەڵمان هاوکارن، هەفتەی داهێنان و نوێگەری مامۆستا زانیار و مامۆستا عەبدولسەلام مەدەنی کە لەو بوارە زۆر کاریان کردووە پێشتریش ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەسەر ئەو بوارە پانێڵمان کردووە بۆ مامۆستایانمان لەبەر ئەوەی ئێمە زۆر بە گرنگییەوە تەماشای ئەو بابەتە دەکەین، و بابەتێکی گرنگە هیوادارین ئێوە ئەمڕۆ بتوانن سوود لەم وۆرکشۆپە وەربگرن و ببێتە پێشەکیەک بۆ قوتابی و بۆ مامۆستاش کە بتوانن لەمەودوا کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن دووبارە زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.”

وۆرکشۆپەکە بە هاوبەشی لە لایەن بەشی کارگێڕی کار لە هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک بە هەماهەنگی هەفتەی جیهانی داهێنان بەڕێوەچوو ، کە لەلایەن بەشی کارگێڕی کاری زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک میوانداری کرا.

بەشی یەکەمی پانێڵەکە مامۆستا عەبدولسەلام مەدەنی و مامۆستا زانیار جەبار و خاتوو هێدی کامەلا وەک پانێلیست و د. عەبدوڵڵا وەک مۆدەریتەر لەسەر داهێنان و نوێگەری و پێشەنگی کار و داهێنان و نوێگەری لە زانکۆ و داهێنان و نوێگەری لە بزنس و ژینگەی کار ئەو بابەتانە گفتوگۆیان لە بارەوە کرا. و بە پرسیاری ئامادەبووان پانێڵەکە دەوڵەمەندتر کرا.

بەشی دووەمی وۆرکشۆپەکە پێکهاتبوو لە بەشێکی تایبەت بە کارکردن بە تیم بۆ چارسەرکردنی کێشەکان هەندێک سیناریۆیان بەکار هێنا وەک سیستەینەبڵ دیڤیلۆپمێنت گۆڵس (SGDeS) وەکو تیم وە کۆمەڵێک سیناریۆ هەبوو بە گرووپ مامۆستای زانکۆ لەگەڵ قوتابییان پێکەوە کاریان کرد لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و پێشکەشکردنی چارەسەری داهێنەرانە بۆ ئەو کێشانە.

لە کۆتاییشدا بڕوانامە بەخشرایە سەرجەم بەشداربووانی وۆرکشۆپە نێودەوڵەتییەکە.