بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پێشانگە و وۆرکشۆپێکی ژینگەیی رێکخست

رۆژی یەکشەممە 21ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی بەڕێز عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، و بە سەرپەرشتی پ. د. کیهان زرار غفور، کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر وۆرکشۆپێکی ژینگەیی و پێشانگەیەکی زانستی ژینگەیی لە ژێر ناونیشانی (ڕۆڵی تەکنەلۆجیا لە پاراستنی ژینگە) رێکخست.

لە و چالاکییەدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان ئامادەیبوون، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، وتاری سەرۆکی زانکۆی خوێندەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

“بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

ھەموولایەکتان بەخێربێن بۆ چالاکییەکی زانستی کۆلیژی تەکنەلۆجی سەربە زانکۆمان کە ئەویش بریتییە لە وۆرکشۆپێکی ژینگەیی و پێشانگایەکی زانستی ژینگەیی لەژێر ناونیشانی (رۆڵی تەکنەلۆجیا لە پاراستنی ژینگە)، خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشداریی لەم چالاکییەدا دەکەم و بەناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، دەستخۆشی لە راگر و راگرایەتی کۆلیژی تەکنەلۆجی و رێکخەرانی ئەم چالاکییە دەکەم.

بەڕێزان

ژینگە کە بەھەموو ئەوانە دەگوترێت کە لە دەوربەرماندا ھەیە و ھەستی پێدەکەین، کە دەکرێت گیاندار یان بێگیان بێت، ھەروەھا ھێزی بایۆلۆجی و کیمایی و فیزیایی و چەند ھێزێکی دیکە لەخۆدەگرێت.

ئامادەبووانی بەڕێز.

بەداخەوە لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێک لە گۆڕانکاریی و پێشکەوتنەکان کاریگەریی نەرێنیان لە گۆڕانی و ھەوا و ژینگە دروستکردووە و بەوھۆیەوە قەیرانی کەمئاوی و وشکەساڵی لە چەند ناوچەیەکدا بەدوای خۆیدا ھێناوە.

زانکۆ وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و بەو توانا زانستییانەی کە لە ستافی ئەکادیمیی ھەیە، پێویستە کار بکات بۆ پاراستنی ژینگە.

زیادکردنی رێژەی سەوزایی و خۆگونجاندن لەگەڵ وزەی نوێ لەو ھۆکارانەن کە کاریگەرییان ھەیە لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر ژینگەن.

لە دوای دەستبەکاربوونمان لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، ھەنگاوی کردەییمان لەمبارەیەوە ناوە و بۆ ئەمەش وەک یەکەم زانکۆ لەسەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، بەشی وزەی نوێبووەوەمان کردەوە کە کادری تەکنیکی بۆ ناوەندی بازاڕی کار دەردەچوێنێت.

کارمان کردووە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و بۆ ئەمەش لێرە لەناو کەمپی یەکی زانکۆ رووبەرێکی فراوانی کەمپەکەمان کرد بە باخچەیەکی گەورە، ھەروەھا بەبۆنەی یادەکانی ئادار و نەوروزیش ھەڵمەتێکی نەمام چاندمان ئەنجامدا.

ھەروەھا لە پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر  کۆربەندێکمان لەژێر ناونیشانی “بارزان لە بەرخودان خۆنەچەماندن بۆ نیشتمانسازی ( پەروەردە و فێرکردن ژینگەپارێزی و پێکەوەژیان) ئەنجامدا.

کەسانێک بەھۆی خۆشەویستییان بۆ نیشتمان کار دەکەن بۆ ھۆشیارکردنەوەی تاک لە پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی ئەو ھۆکارانەی کە دەبنە ھۆی پیسبوونی ژینگە.

لێرەوە بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی ھەموو ئەوانە بکەم کە کار بۆ پاراستنی ژینگە دەکەن بەتایبەتی باخەوان و ژینگەپارێزانی زانکۆمان کە بەو پەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردووانەوە کار دەکەن بۆ بەسەوز ھێشتنەوە و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لەناو زانکۆمان.

دەستخۆشی لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، مامۆستایانی زانکۆمان، رێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە دەکەم کە وەک بەشێک لە پلانەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ دانانی پڕۆگرامی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و جێبەجێکردنی پلانەکان لە مبارەیەوە.

ئومێدەوارم راسپاردەکانی ئەم وۆرکشۆپە و ئەو بابەتانە کە تیایدا پێشکەش دەکرێن ببنە بەشێک لەم بەرنامەیە و بە راسپاردەی زانستییەوە خزمەت بەم بوارە گرنگەی ژیان بگەیەنێت.

ئێوەش ھەر شاد و سەرکەوتوو و سەرفرازبن.

ئەم چالاکییە بە کردنەوەی پێشانگایەکی ژینگەیی دەستی پێکرد کە لە لایەن مامۆستایان و قوتابییانی کۆلێژی ناوبراوەوە ئامادە کرابوون. دواتر لە هۆڵی کۆنگرەکانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر وۆرکشۆپەکە بە بەشداری هەریەکە لە بەڕێزان (پ.د. عەلی مەحمود سورداشی، د. رێبین سەمەد، د. شارا کەمال، ئاسۆ شکاک، ئەندزیار ژیار جەلال و خاتوو جوان مەهدی وەک بەڕێوبەری ئیڤینت) بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەشداربووان بە وردی باسیان لە رۆڵی تەکنەلۆژیا لە پاراستنی ژینگە و مەترسییەکانی پیس بوونی ژینگە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ژینگەی پیسبوو لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاوە.