سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی دەرچوون دەبەخشێتە بەشداربووانی خولی پێنجەمی پێداگۆجی

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 10ـی ئۆکتۆبەری 2022 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی و پ.ی.د. ژاڵە بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و شاندی یاوەری مەراسیمی بەخشینی بڕوانامە بە دەرچووانی خولی پێنجەمی پێداگۆجی لە سەنتەری پێداگۆجی زانکۆمان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، میوانان و بەشداربووانی خولەکەی کرد و پیرۆزبایی لە مامۆستایانی سەرپەرشتیار و بەشداربووانی خولی پێنجەمی پێداگۆجی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا د. ئیدریس ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی مامۆستایان کرد کە کۆڵەکەی سەرەکی زانکۆکانن و ئەرکێکی گرنگ و قورسیان لەسەرە لە پێگەیاندنی نەوەکانی دوارۆژ هەر بۆیە زانکۆکان بەردەوام پێویستیان بە پێگەیاندنی مامۆستای نوێیە تاکو پرۆسەی خوێندن بەشێوەیەکی دروست بەردەوامی هەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە خولەکانی پێداگۆجی پێویستییەکی گرنگی سەردەمیانەن لە دروستکردنی مامۆستای ئاست بەرز بۆ خزمەتکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتووی کوردستان، دووبارە پیرۆزبایی لە سەرپەرشتیاران و دەرچووانی خولەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

پاشان نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ژاڵە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیادا سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ بانگهێشت کردنیان بۆ ئەم مەراسیمە هەروەها دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی خولی پێنجەمی پێداگۆجی کرد و باسی لەگرنگی گەشەپێدانی بەردەوام و پێگەیاندنی زانستی کرد لەڕێگەی بنیاتنانی ستافە زانستی و ئەکادیمیەکان لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ دا ئەویش بە پێگەیاندنی مامۆستای زانکۆ دەستپێدەکات چونکە مامۆستا زنجیرەی سەرەکیە لە نێوان قوتابی و زانیاری ئەکادیمی بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستا پێویستی بە ئامادەکاری و پەرەپێدانی زانستی هەیە تاکو ببێتە کەسێکی بەرهەمهێنەر و سودبەخش بۆ رۆڵەکانی نیشتمان بە پلەی یەکەم، کەواتە پێداگۆجی دەبێتە هۆکارێکی بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەروەها پێداگۆجی رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دروستکردنی مامۆستای توێژەر نەک مامۆستا بەتەنها یان توێژەر بەتەنها، مامۆستای توێژەر دەستپێشخەر و نوێخوازە و کۆڵنادات بەرامبەر ئاڵنگارییەکان.

شیاوی باسە خولی پێنجەمی پێداگۆجی لە 2/2/2022 دەستی پێکرد تاکو 31/7/2022 کە تیایدا 35 هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بەشداربوون کە لە لایەن 9 مامۆستای سەرپەرشتیارەوە خولەکە دەوترایەوە.