سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی کرد کە بڕیارە گەشتی مالیزیا بکەن بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوینە

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 9ـی ئابی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی زانکۆمان کرد کە بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆکانی جیهان گەشتی وڵاتی مالیزیا بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە.


لە دیدارێکدا کە هەریەک لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و قوتابییان، بەرێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی هۆبەی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتەیەکی دەربارەی وڵاتی مالیزیا و پێشکەوتنەکانی لە گشت بوارەکان باسکرد بەتایبەتی لە بواری زانستی و ئەکادیمی و کلتوری پێکەوەژیان لەو وڵاتە.


هەروەها بەرێزیان هیوای خواست کە گەشتی بەدەستهێنانی زانست و زانیاری بێت بۆ قوتابییان و پاڵپشتی تەواوی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ دەربڕین و بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی راسپارد کە بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بن.


هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی زانکۆ رێنمایی قوتابییانی کرد کە هەوڵ بدەن لە سیمنار و چالاکییەکانیاندا لەو وڵاتە باسی پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانی کوردستان بکەن لە بوارەکانی زانستی، ئەکادیمی، ئاوەدانی و ئەو کلتوری پێکەوە ژیانەی کوردستان کە لە نێوان نەتەوە و ئایینەکاندا هەیە.


لە بەرامبەردا قوتابییان زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆیان کرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە تا لەرێگەیەوە قوتابییان ئاشنابن بە ئەزمون و کلتوری وڵاتان، هەروەها داوایان کرد کە ئەم جۆرە گەشتانە لە ساڵانی داهاتووش بەردەوام بن بۆ قوتابییان.