Daily Archives: شوبات 19, 2026

سەرۆکی زانکۆ، پێشوازی لە سێ قوتابی دەکات کە بڕیاره‌ لە پۆڵەندا بخوێنن

هەولێر – سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی شوباتی ٢٠٢٦، بەڕێز پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێزان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر بۆتان مەجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عەبدوڵڵا عومەر یاسین، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ، پێشوازییان لە سێ قوتابی زانکۆکەمان کرد کە بڕیارە بۆ ماوەی یەک سمیستەر لە زانکۆکانی وارشۆ و لۆدز لە وڵاتی پۆڵەندا درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن. ئەو قوتابییانەش پێکهاتوون لە؛ دیار ئیبراهیم بەهادین لە قۆناغی سێیەمی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمان کە لە زانکۆی لۆدز دەخوێنێت، حەسەن حوسێن مەحمود لە قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر و ئینفۆرماتیک، هەروەها محەمەد فرمان ئەحمەد لە قۆناغی سێیەمی بەشی ئەندازیاری شارستانی لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری کە لە زانکۆی وارشۆ دەخوێنێت.

ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی ستراتیژی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێردایە، کە تێیدا زانکۆمان هەمیشە پاڵپشت و هاوکارە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە و بەردەوام هەوڵ دەدات دەرفەتی زێڕین بۆ قوتابییان بڕەخسێنێت تاوەکو نەک تەنها لە ناوخۆ، بەڵکو لە زانکۆ ئاستبەرزەکانی دەرەوەی وڵات و ئەوروپاش پەرە بە تواناکانیان بدەن و ئەزموونی نوێ بەدەستبهێنن. جێگەی باسە، هەردوو قوتابی حەسەن حوسێن و محەمەد فرمان لە ڕێگەی پرۆگرامی ئیرەسمه‌س پڵەسی یەکێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی دارایی کراون بۆ ئەم گەشتە زانستییەیان، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا گرنگیدانی زانکۆمان بەم جۆرە پرۆگرامە نێودەوڵەتییانە و هەوڵدان بۆ سوودمەندبوونی قوتابییان لێیان دووپات دەکاتەوە.