ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 ی ئەنجامدا

رۆژی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک و گشت ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی لە ئەندامانی ئەنجومەن کرد و هیوای خواست ساڵی نوێی خوێندن پڕبێت لە دەستکەوت و پێشکەوتن بۆ گشت مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییانی زانکۆمان.

دواتر دەستکرا بە گفتوگۆکردنی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و چەند پێشنیار و راسپاردەیەک خرایە بەرباس و بڕیاریان لەبارەوە درا.

بڕیار و راسپاردەکان:

  • پەسەندکردنی ساڵنامەی خوێندن بۆ ساڵی 2023-2024.
  • رۆژی 2ـی ئەیلولی 2023، یەکەمین رۆژی دەسپیێکی دەوامی مامۆستایانە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.
  • رۆژی 16ـی ئەیلولی 2023، یەکەمین رۆژی دەستپێکی دەوامی قوتابیانی قۆناغەکانی (2،3،4)ـە لە هەردوو دەوامی بەیانیان و ئێواران.
  • بڕیار درا لە مانگی 10ـی 2023، ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەبچیت. و رۆژێک پاش ئاهەنگی دەرچووان پێشانگایەکی تایبەت بە هەلیکار لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت رێکدەخرێت بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی کارکردن بۆ قوتابییان.
  • بەبێ گۆڕانکاری پلانی وەرگرتنی قوتابییان لە کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان پەسەند کرا، وەک ئەوەی پێشتر بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نێردراوە، ئەمەش بەهۆی کەمی پێداویستییەکانی خوێندن لە هۆڵ و تاقیگەکان.