بەرێوەچوونی وۆرکشۆپێک لە ژێر ناونیشانی (بەرەو زانکۆ) لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

بەرێوەچوونی وۆرکشۆپێک لە ژێر ناونیشانی (بەرەو زانکۆ) لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٣ بە ئامادەبوونی پ.ی.د. امیر چالی راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، پ.ی.د. یوسف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو، بەرێز غەفور احمد ملا سوار قایمقایمی قەزای مێرگەسۆر ، مامۆستا ئەکارە بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی ئیدارەی سۆران ومامۆستا احمد و ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حوکمی دەڤەرەکە و قوتابیانی پۆلی (١٢) ئامادەیی بەرێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە وتەی بەخێر هاتن لەلایەن ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر د. طالب محمدشریف دەستی پێکرد . (دەقی وتارە کەی:

به‌ناوی خودای گه‌وره‌ و میهره‌بان

  • ئەکادیمی و توێژەرانی بەڕێز
  • میوانان و ئامادەبوانی هێژا
  • قوتابیانی ئازیز، دەرچوانی پۆلی 12

-ئەم کاتەتان باش

سەرەتا، بەناوی ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر-زانکۆی پۆلیتەکینکی هەولێر، زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم؛ خۆشحاڵین کە پەیمانگەکەمان لە درێژەی بەدواداچوون و راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا، بە هاوکاری و هەماهەنگی و پشتگیری نووسینگەی رێزدار مەلا مستەفا بارزانی، وۆرکشوپێک بە ناونیشانی (بەرەو زانکۆ) بەڕێوەدەبات، کە تایبەتە بە بەرچاوڕوونکردنی دەرچووانی ئامادەیی ساڵی خوێندنی 2022-2023، بۆ چۆنیەتی هەنگاونانیان بەرەو زانکۆ و خوێندنی باڵا.

بەڕێزان :
ئەرکی زانکۆ و پەیمانگەکان تەنها فێرکردن و توێژینەوەی زانستی و داهێنان نییە، بەڵکو هاوکات ئەرکێکی دیکەشی هەیە، کە بریتییە لە خزمەتکردنی سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵگە؛ بەو مانایەی کە چۆن تاکەکان ئامادە بکات لە پێناوی بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی ئەرێنی لە ژیانیان و ئامادەکردنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهات و رووداوە نوێیەکان. بۆیە لەم ڕووەوە، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هەمیشە هەوڵدەدات سوود بە هەموو چین و توێژەکانی کومەڵگە بگەیەنێت و هەروەها بە پێچەوانەشەوە، سوود لە توانا و بیرۆکە جوانەکانی تاکەکان وەربگرێت.
لە راستیدا ئێمە دەمانەوێ بەردەوام بەشێکی کارای کۆمەڵگە بین و ئاوێتەی پرس و بابەتە هەنووکەیی و رۆژانەکان بین. هەر خودی ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپە، دەرەنجامی ئەو شێوازە بیرکردنەوەیە.

ئامادەبووانی بەڕێز :
ئامانجی ئەم وۆرکشۆپە، پێدانی هاوکاری و بەرچاوڕوونییە بە قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12، تا بزانن چۆناو چۆن هەنگاو بنێن بەرەو زانکۆ و چۆن لەگەڵ ئەو قۆناغە گرنگەی ژیانیان هەڵسوکەوت بکەن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن؛ راستییەک هەیە و پێویستە هەموومان بیزانین، هەبوونی بەرچاوڕوونی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ زانکۆ و چۆنیەتی خۆ ئامادەکردن بۆی، بەشێکی مەزن لە میکانیزمی سەرکەوتن لە خوێندنی زانکۆیی بەرهەڤ دەکات. بۆیە ئەنجامدانی وۆرکشۆپی لەمشێوەیە، لە پێویستییە گرنگ و هەنووکەییەکانن.

بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو هێژایانە بکەم، کە ڕۆڵیان هەبووە لە رێکخستنی ئەم چالاکییەدا؛ بەتایبەتی و لە پێشەوەی هەموویان، سوپاسێکی بێ پایانی نووسینگەی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی دەکەین، کە وەک هەمیشە، دڵسۆزانە و بە پەرۆشەوە هاوکارمان بوون و دەستیان گرتین لە بەردەوامبوون لە چالاکییەکانمان.

هەروەها سوپاسی بەڕێز پ.ی .د ئەمیر چالی ، راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەین، کە بە نوێنەرایەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ لەگەڵمان بەشدارەو بابەتێکمان پێشکەش دەکات. هەروەها سوپاسی بەڕێز مامۆستا هوشمەند نیعمەت دەکەم، کە دڵسۆزانە هاوکارمانبوە لە ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپە

لێردا جێی خۆیەتی سوپاسی تیمی راوێژکار و تیمی تەکنیکی زانکۆلاینی پەیمانگەش بکەم، کە ساڵانە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هاوکاری قوتابیانی پۆلی 12 دەکەن، بەتایبەتی بە پێدانی راوێژ بۆ دیاریکردنی پسپۆری و پرکرنەوەی فۆرم بە شێوەیەکی درووست.

دواجار هیوادارم ئەم وۆرکشۆپە ببێتە مایەی هۆشیاری زیاتر و، سوودگەیاندن بە هەموو بەشداران.

زۆر سوپاس)

ئامانجی وۆرکشۆپەکە پێدانی هاوکاری و بەرچاوروونی بوو سەبارەت سیستەمی خوێندنی باڵاو چۆنیەتی خوێندن و چۆنیەتی پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین، وۆرکشۆپە کە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتبوو،
بەشی یەکەم لەلایەن پ.ی. د. امیر چالی پێشکەشکرا لەژێر ناونیشانی ( سیستەمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان)
بەشی دووەم لەلایەن ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر د. طالب محمد شریف پێشکەشکرا لەژێر ناونیشانی ( دۆزینەوەی توانا شاراوەکان و شێوازی خوێندن لە خوێندنی بالا)
بەشی سێیەم لەلایەن م.هۆشمەن نیعمەت پێشکەشکرا لەژێر ناونیشانی ( چۆنیەتی پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆڵاین )پاشان چەند روونکردنەوەیەکی پێویستدران سەبارەت سیستەم و رێنمایەکانی زانکۆلاین لەلایەن د.سەسام شوانی بەرێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

لە کۆتای وۆرکشۆپەکە بروانامەی رێزلێنان لەلایەن پ.ی. د. یوسف بە سەر پێشکەشکاران دابەشکرا ، هەروەها خەلاتی رێزلێنان لەلایەن ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بە پێشکەشکاران بەخشرا .
شایانی باسە ۆورکشۆپەکە بەهاوکاری پالپشتی نوسینگەی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی ئەنجامدرا.

ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر.