Daily Archives: ته‌مموز 24, 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمی ماڵئاوایی و کۆتایی هاتنی مەشقی هاوینە بۆ شەش قوتابی فەڵەستین رێکدەخات

رۆژی دووشەممە 24ـی تەمموزی 2023 لەهۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و قوتابیان و هەریەکە لە بەرێوەبەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، تۆماری گشتی و کارگێڕی، مەراسیمی کۆتایی هاتنی مەشقی هاوینەی شەش قوتابی فەلەستین بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا قوتابیەکان بە هاوبەشی سیمینارێکیان پێشکەشکرد تیایدا سوپاسی هاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و خەڵکی کوردستانیان کرد و لە بارەی گەشت و گەڕان و سەردانیکردنەکان و ئەو زانیاریانەی وەریانگرتووە و فێری بوون دوان، یەکێک لە قوتابیەکان بەزمانی کوردی سوپاسی هەڵوێست و هاوکاری سەرۆکی زانکۆ و مامۆستایانی کرد کە تەواو هاوکاریان کردوون و سوودی زۆریان لەو گەشتە زانستییە بینیوە.

دواتر لەلایەن یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوبەرەکانەوە بڕوانامەی بەشداریکردن و ئاڵای کوردستان پێشکەش بە قوتابییەکان کرا،

دوای کوتایی هاتنی سیمینارەکە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس هەرکی پلاکێتی زانکۆی بەخشییە قوتابیەکان هیوای خواست کە گەشتەکەیان پڕ لە زانست و زانیاری بووبێت، هەروەها قوتابییەکانیش دووبارە سوپاسی سەرۆکی زانکۆیان کرد و لۆگۆی زانکۆی فەڵەستینیان پێشکەش کرد.

مەشقی هاوینەی ئەم قوتابییانە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو لە رێکەوتی 9ـی حوزەیران تاکو 27ـی حوزەیرانی 2023 و لەو ماوەیەشدا مەشقیان لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر ئەنجامدا و سەردانی چەندین شوێنی کولتووری و گەشتیارییان کرد بەمەبەستی شارەزابوونی زیاتری کورد و کولتووری کوردی و ناوچە جیاوازەکان.