Daily Archives: ته‌مموز 12, 2023

هەواڵی ناردنی ژمارەیەک قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ عومان لە رۆژنامەکانی عێراق

ژمارەیەک لە رۆژنامەکانی عێراق بە بایەخەوە هەواڵی ناردنی ژمارەیەک قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان بۆ زانکۆی نەزوە لە عومان بەمەبەستی مەشقی هاوینە بڵاوکردەوە.

رۆژی پێنج شەممە 6ـی تەمموزی 2023 بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، رێورەسمی بەڕێکردنی بۆ ژمارەیەک قوتابی زانکۆمان رێکخست کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتیی زانکۆکانی عەرەبی بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە لە زانکۆی نەزوە سەردانی عومان دەکەن.

هەواڵی ناردنی ئەم ژمارەیە لە قوتابییانی زانکۆمان بۆ زانکۆی نەزوە لە وڵاتی عومان لە ژمارەیەک لە رۆژنامە و گۆڤاری عێراق بایەخی تایبەتی پێدرا و بە گرنگییەوە ئەو هەواڵەیان بڵاوکردوەتەوە.

ماڵپەڕی رۆژنامەی  التآخي زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان هەواڵێکی لەژێر ناونیشانی (ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەشقی هاوینە لە زانکۆی نەزوە ئەنجام دەدەن) بڵاوکردووەتەوە، تیایدا ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ زانکۆکانی جیهان کردووە و ناردنی ئەم ژمارە قوتابییەی زانکۆکەی بۆ عومان بە گرنگ وەسف کردووە.

هاوکات رۆژنامەی (کل الاخبار) لە ژمارە 3233ـی خۆیدا کە رۆژی 12ـی تەمووز بڵاوکراوەتەوە، هەواڵی ناردنی ژمارەیەک قوتابی زانکۆمانی بۆ زانکۆی نەزوە لە وڵاتی عومان بڵاوکردووەتەوە.

هەروەها رۆژنامەی (الـبـيـنـة الجديدة) کە رۆژنامەیەکی سەربەخۆی بێلایەنە و لە بەغدا دەردەچێت، لە ژمارە 4152 کە رۆژی 12ـی تەمووز دەرچووە، بەبایەخەوە باسی لە هەنگاوەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەرەپێشچوونی زانکۆکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی جیهان کردووە و ناردنی ژمارەیەک قوتابی زانکۆکەی بۆ مەشقی هاوینە بۆ یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی عومان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک و ستافی زانکۆ گەڕاندوەتەوە.

هەروەها هەریەک لە رۆژنامەی (الصیاد) کە رۆژنامەیەکی سیاسیی سەربەخۆیە لە ژمارە 724 لە 12ـی تەمووز و رۆژنامەی (الصباح الجدید) لە ژمارە 5172 ـی خۆیدا کە رۆژی چوارشەممە 12ـی تەمووز بڵاوکراوەتەوە، بەهەمان شێوەی رۆژنامەکانی دیکە بە بایەخەوە هەواڵی ناردنی ژمارەیەک قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ یەکێک لە زانکۆکانی پۆڵەندا بڵاوکردوەتەوە.

پێشتریش لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆری قوتابیان لەنێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتیی زانکۆکانی عەرەبی، ژمارەیەک قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چوونە زانکۆی لودز لە وڵاتی پۆڵەندا.

ئاگادارییەک بۆ ئەو قوتابییانەی بەنیازن پرۆسەی گواستنەوە و دابەزینی خوێندن ئەنجام بدەن

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاگاداری ئەو قوتابیانە دەکاتەوە کە بە نیازن گواستنەوە و دابەزینی خوێندن لە نێوان کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان ئەنجام بدەن بۆ ساڵی خوێندنی 2023- 2024، پێویستە ئەم رێنماییانەی خوارەوە بخوێننەوە بۆ ئاشنا بوون بە مەرج و ووردەکاریەکانی پڕۆسەکە.

شایانی باسە لینکی تایبەت بە پێشکەشکردنی داواکاری گواستنەوە و دابەزینی قوتابییان، لە رۆژی 22ـی تەمموزی 2023 دەکەوێتەکار و هەر لەم وێبسایتە بڵاو دەکرێتەوە.

بۆ بینینی مەرج و رێنماییەکان کلیک لــــــــــــێـــــــــــــــــرە بکە.

سەرۆکی زانکۆ لە بەغدا بەشداری لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەرەپێدان بە خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە چوارمین کۆبوونەوەی لیژنەی پەرەپێدان بە خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی کرد کە لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی زانکۆکانی دیکەی پۆلیتەکنیکی لەسەر ئاستی عێراق بەشداربوون، باس لە هەنگاوەکانی چۆنییەتی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی بەئامانجی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە بەپشتیوانی یونیسکۆ و نوێنەرایەتی یەکێیتیی ئەورووپا لە عێراق بەڕێوەدەچێت، تێڕوانین و بۆچوونی هاوبەشی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، پ.د.ئاری عادل خرایەڕوو کە تیایدا جەخت لە پێویستی پشتیوانی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی کرایەوە بەتایبەت لە خولی پێداگۆجی تایبەت بە مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان لە بواری خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی، هەروەها بایەخدان بە بەشەکانی گەشتوگوزار لە کۆلیژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان بە ئامانجی بەرەپێشبردنی کەرتی گەشتیاریی بە شێوەیەکی گشتیی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.

هاوکات شاندی هەرێمی کوردستان بەگرنگییەوە باسیان لە بەرنامەکە کرد و تێبینیەکانیان لەسەر کەموکورتی پڕۆگرامەکە خستە روو هەروەها چەند خاڵێکیان خستە روو بۆ زیاتر بەهێزکردنی پلانی داهاتووی بەرنامەکە.