Daily Archives: نیسان 3, 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خولێکی راهێنانی تایبەت بە وزە نوێبووەوەکان بۆ مامۆستایان بەڕێوەدەبات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 3ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، خولی راهێنانی قۆناغی دووەمی دامەزراندنی تاقیگەی وزە نوێبووەوەکان لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

بابەتەکانی خولەکە پێکهاتوون لە (Solar thermal energy ,Photovoltaic solar energy ,Wind energy)، کە ستافی بەشی میکانیک و وزە لە هەردوو کۆلیژی تەکنیکی ئەندازیاری و تەکنەلۆجی هەولێر بەشدارن و هەروەها ستافی بەشی فیزیای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین کە وەک میوان ئامادەن و لە لایەن (Dr. Baker Farangi) لە زانکۆی ناوبراو دەگووترێتەوە.

شیاوی باسە خولەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ داهاتووی وزە نوێبووەوەکان لە هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە بەشداربووانی خولەکە لە داهاتوودا وانە پراکتیکییەکان لەم تاقیگەیە بە قوتابییان دەڵێنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئامادەکردنی کادری بەتوانا لە بواری وزەی خاوێن کە لە ئێستادا هەموو جیهان رووی لە بەکارهێنانی وزەی خاوێن کردووە.

خولەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی (Renewable Energy Laboratory) کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی (THM)ـی ئەڵمانی و بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی (DAAD) بە سێ قۆناغ بەڕێوەدەچێت، قۆناغی یەکەم مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، لە ئێستاشدا قۆناغی دووەمی بەڕێوەدەچێت و بڕیاریشە لە داهاتوودا شاندی زانکۆ ئەڵمانییەکە سەردانێکی دیکە بۆ زانکۆمان ئەنجام بدەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی پرۆژەکە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ (THM)ـی ئەڵمانی خولێکی راهێنان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران ئەنجام دەدات

لە چوارچێوەی ستراتیژیەت و هەوڵەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ستافی زانکۆ رۆژی دووشەممە رێکەوتی رێکەوتی 3ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، خولێکی راهێنان بۆ ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر بەڕێوەچوو کە بۆ ماوەی 4 رۆژ بەردەوام دەبێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (THM)ـی ئەڵمانی لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی پرۆژەی (Academic Education in the Field of renewable energies) کە لە رێگەی رێکخراوی (DAAD) پاڵپشتی دارایی دەکرێت، خولێکی راهێنانی لە ژێر ناونیشانی (project management, systematic Development solution) بۆ ستافی زانکۆ، لە سەنتەری توێژینەوە بەڕێوەبرد.

لە رێورەسمی کردنەوەی خولەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و گووتی: “لە سەردەمی ئەمڕۆدا زانکۆکانی جیهان گۆرانکاری فراوان بەخۆیانەوە دەبینن و فەرهەنگی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ بۆتە ستراتیژییەتی کارکردنیان.

بۆ ئەوەی زانکۆیەکی هەرێمی یان دەوڵەتی ببێتە زانکۆیەکی نێودەوڵەتی یان جیهانی پێویستی بە گۆرانکاری ریشەیی هەیە لە فەلسەفە و ئاراستە جیاوازەکان و ستراتیجیەتی کارکردن.

بۆ ئەم کارەش میکانیزمی جیاواز لە گشت دام و دەزگاکانی زانکۆ پێویستن، هەر لەم چواچێوەیەدا ئەم جۆرە خولانە بە پێویست دەزانین کە چەند چەمکێکی جیاواز لە خۆ دەگرێت؛ لەوانە چۆنییەتی رێکخستنی کارگێری کار و چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستکردنی کادر و چۆنییەتی دانانی پلانی کورت و درێژ مەودا، هەموو ئەو بابەتانەن کە لەو خولەدا پێشکەش دەکرێن”.

لە خولەکەدا 23 مامۆستا و فەرمانبەری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەشدارن تیایدا و بۆ ماوەی 4 رۆژ بەردەوام دەبێت کە تیایدا لە لایەن (Prof. Dr. Klaus Behler) بابەتەکانی (Project management, Problems solutions, Systematic Development) بەشێوەیەکی چڕوپڕ بۆ بەشداربووان روون دەکرێتەوە.