زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خولێکی راهێنانی تایبەت بە وزە نوێبووەوەکان بۆ مامۆستایان بەڕێوەدەبات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 3ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، خولی راهێنانی قۆناغی دووەمی دامەزراندنی تاقیگەی وزە نوێبووەوەکان لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

بابەتەکانی خولەکە پێکهاتوون لە (Solar thermal energy ,Photovoltaic solar energy ,Wind energy)، کە ستافی بەشی میکانیک و وزە لە هەردوو کۆلیژی تەکنیکی ئەندازیاری و تەکنەلۆجی هەولێر بەشدارن و هەروەها ستافی بەشی فیزیای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین کە وەک میوان ئامادەن و لە لایەن (Dr. Baker Farangi) لە زانکۆی ناوبراو دەگووترێتەوە.

شیاوی باسە خولەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ داهاتووی وزە نوێبووەوەکان لە هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە بەشداربووانی خولەکە لە داهاتوودا وانە پراکتیکییەکان لەم تاقیگەیە بە قوتابییان دەڵێنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئامادەکردنی کادری بەتوانا لە بواری وزەی خاوێن کە لە ئێستادا هەموو جیهان رووی لە بەکارهێنانی وزەی خاوێن کردووە.

خولەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی (Renewable Energy Laboratory) کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی (THM)ـی ئەڵمانی و بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی (DAAD) بە سێ قۆناغ بەڕێوەدەچێت، قۆناغی یەکەم مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، لە ئێستاشدا قۆناغی دووەمی بەڕێوەدەچێت و بڕیاریشە لە داهاتوودا شاندی زانکۆ ئەڵمانییەکە سەردانێکی دیکە بۆ زانکۆمان ئەنجام بدەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی پرۆژەکە.