Daily Archives: تشرینی یه‌كه‌م 4, 2021

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بروانامەی رێزلێنان دەبەخشێتە ژمارەیەک مامۆستا کە پلەی زانستییان بەرزبووەتەوە

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 4ـی ئۆکتۆبەری 2021 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە نزیکەی ۲۰۰ مامۆستای یاریدەدەر و مامۆستا پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پرۆفیسۆر کە نازناوی زانستییان وەرگرتووە یاخود پلەی زانستییان بەرزبووەتەوە.
لە مەراسیمێکدا کە هەریەک لە بەڕێزان گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان د. جوتیار عادل و بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوی زانستی د. عبدالفتاح عبدالرزاق و ژمارەیەک بەڕێوبەری گشتی و راوێژکارانی وەزیری خوێندنی باڵا و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ ئامادەیبوون خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە مامۆستایانی زانکۆ بەهۆی پلە بەرزبوونەوەیان.
سەرەتای مەراسیمەکە سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتی میوانان کردوو سوپاسی کردن کە ئامادەبوون لەم بۆنە پڕ بایەخەدا، هەروەها پیرۆزبایی لە مامۆستایانی زانکۆ کرد .
سەرۆکی زانکۆ لە میانەی ووتەکەیدا باسی لە بەرەو پێشچوونەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد و باسی لەوە کرد کە زانکۆ بە زۆر قۆناغدا تێپەڕیوە و بەرەو پێش چووە سەرەتا لە دەستەی فێرکردنی دروست بوو پاشان بووە دەستەی خوێندنی تەکنیکی و دواتر زانکۆی پۆلیتەکنیکی،
هەروەها د. کاوە گوتی:”زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵ بە ساڵ بەرەو پێش چووە لەرووی چەندێتی و چۆنیەتی مامۆستا و توێژینەوە، هەروەها لە ریزبەندییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش هەنگاوی گەورەی بڕیوە و پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە”.
سەرۆکی زانکۆ گوتیشی :” لە ماوەی دوو ساڵدا 200 مامۆستا نازناوی زانستییان بەدەست هێناوە یان پلەیان بەرزبووەتەوە لەو رێژەیە 30 مامۆستا بوون بە پرۆفیسۆری یاریدەدەر، 100 مامۆستا بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێناوە و نازناوی زانستیان پێدراوە و بوونەتە مامۆستای یاریدەدەر، هەروەها 30 مامۆستا دکتۆرای وەرگرتووە و 40 مامۆستای یاریدەدەریش بە توێژینەوە بوونەتە مامۆستا، هەموو ئەوانەش دەستکەوت و بەرهەمی کار و بەرنامەی زانکۆیە کە هانی مامۆستایانی داوە و پاڵپشتی کردوون تاکو توێژینەوە ئەنجام بدەن و لە گۆڤارە بەناوبانگەکان بڵاویان بکەنەوە.
لە کۆتایی وتەکەیدا د. کاوە شێروانی دووبارە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و پیرۆزبایی لە مامۆستایان کرد و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ خواستن، پاشان داوای لە بەڕێزان وتەبێژی حکومەت و بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و بەڕێوبەری گشتی و راوێژکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد کە بەیەکەوە خەڵاتی ریزلێنانەکان دابەش بکەن.

بۆ بینینی سەرجەم وێنەکان تکایە سەردانی ئەم لــیــنــکە بکەن.

rezlenen naznaw6
rezlenen naznaw1
rezlenen naznaw4
rezlenen naznaw5