Daily Archives: شوبات 17, 2020

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی موسڵ بە هاوکاری رێکخراوی سپارک پرۆژەیەک جێبەجێ دەکەن

ئەمرۆ دووشەممە رێککەوتی 17ـی شوباتی 2020 رێورەسمی کردنەوەی پرۆژەی “دۆزینەوەی هەلی کار ودابین کردنی کورسی خوێندن بۆ پەنابەران و دانیشتوانی کەم دەرامەت و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە بوارەکانی ئۆتۆکاد، بازاڕگەری و زمانی ئینگلیزی” لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و ياريدەدەری سەرۆکی زانکۆی موسڵ د. منير طه و د. رواء بطرس بەرێوبەری نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان و د. بيار جعفر السليفاني- راگری کۆلێژی ئەندازیاری و پ.د كامل علي عبد المحسن- مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی موسڵ ‎و بەرێوبەر و راوێژکارانی رێکخراوی سپارک لە عێراق و کوردستان رەهێڵ قەرەداغی و فراس دیب و سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان د. ڤیان سلێمان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و مامۆستایانی زانکۆ رێورەسمەکە دەستی پێکرد.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ د. کاوە شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی شاندی زانکۆی موسڵ و رێکخراوی سپارکی هۆڵەندی و میوانانی کرد و کورتە باسێکی دەربارەی پرۆژەکە کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی زانی بۆ هەردوو زانکۆ و قوتابیانی پەنابەر و کەم دەرامەت، هەروەها سوپاسی رێکخراوی ناوبراوی کرد کە ساڵانی رابردوو بە شێوەیەکی باش پشتگیری زانکۆ و قوتابیانیان کردووە.

دواتر نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. گۆڤەند حسێن شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە هەنگاوە ئەرێنیەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد کە پەرە بەم پەیوەندییانە دەدات بەمەبەستی پاڵپشتی کردن لە پرۆسەی خوێندن و قوتابیان، هەروەها وتیشی ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام پشتگیری هەر پرۆژەیەک دەکەین کە سوودی بۆ سێکتەری خوێندنی باڵا و زانکۆکان و قوتابیان هەبێت، هەروەها سوپاسی رێکخراوی سپارکی کرد و هیوای بەردەوامی بۆ خواستن لە هاوکاری کردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

پرۆژەکە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەنداوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و لە لایەن رێکخراوی سپارکەوە جێ بەجێ دەکرێت بە هاوکاری هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی موسڵ، لە لایەن بەرێوبەر و سەرپەرشتیارانی رێکخراوەکەوە روونکرایەوە کە خۆی لە دۆزینەوەی هەلی کار ودابین کردنی کورسی خوێندن بۆ پەنابەران و دانیشتوانی کەم دەرامەت و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە بوارەکانی ئۆتۆکاد، بازاڕگەری و زمانی ئینگلیزی دەبینێتەوە.

هەر لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا رێکخراوی ناوبراو سکۆلەرشیپ بۆ قوتابیانی هەردوو زانکۆکە دابین دەکات، بەمەبەستی پێگەیاندن و راهێنانیان تاکو بتوانن ئەوانیش لە داهاتوودا راهێنان بە کەسانی دیکە بکەن.