Daily Archives: شوبات 3, 2020

زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر رێورەسمى سەرکەوتنى لە رێزبەندى نیشتمانى زانکۆکان لە هەرێمى کوردستان بەرێوەبرد

ئەمرۆ دووشەممە رێککەوتی 3ـی شوباتی 2020 بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئاهەنگی سەرکەوتنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە رێزبەندی نیشتمانی بەرێوە چوو.
سەرەتا رێورەسمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی لە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنى راوێژکاری وەزیری خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى د.ئامانج عبدالله و بەرێوبەری گشتی کارگێری و دارایی وەزارەتى خوێندنى باڵا د.خطاب احمد، راگر و میوانان و مامۆستایان و شاندی زانکۆی (یو تی ئێچ ئێم)ـی مالیزی و مامۆستایان و سەرۆکی بەشەکانی کرد.
لە میانی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ کورتە باسێکی دەربارەی مێژووی دروست بوون و دامەزراندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێڕ کرد و چۆنیەتی پێشکەوتن و کارکردن بۆ بەرز کردنەوەی رانکی زانکۆ لە ماوەی ساڵانی رابردوو کرد.
لە بەشێکی تری وتەکەیدا د. کاوە وتی: سەرکەوتنمان لە رێزبەندی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و رانکی جیهانی بە هەوڵ و ماندووبوونی راگر و سەرۆک بەش ومامۆستایان و ستافی زانکۆ بووە و سوپاسی هەموویان دەکەم.
دواتر نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا د. ئامانج عبدالله وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی زانکۆکانی کوردستان بەگشتی کرد و هەروەها میکانیزمی پۆلێن کردنی زانکۆکانی روون کردەوە، لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا نوێنەرەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لە سەرکەوتنەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد و ووتی : زانکۆکەتان لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی زۆر باشی ناوە و بەردەوام لە پێشکەوتنە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
دواتر د. هێمن کاکەخان عوڵا بەرێوەبەرى سەنتەرى توێژینەوە و سەرۆکى لێژنەى باڵای رانکینگ لە سەرۆکایەتی زانکۆ پێرزنتەیشنێکی پێشکەش کرد تیایدا بەشێوەیەکی ورد داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە رانکینگ و کارەکانی لێژنەی خستەڕوو.
دواتر لە لایەن د. ئامانج عبدالله و د. کاوە شێروانی و د. خطاب احمدەوە خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی باڵای رانکینگ، و (پ.ى.د.احمد محمد ادهم) لە کۆلێژى تەکنیکى ئەندازیارى هەولێر وەک مامۆستای پێشەنگ کە پلەى یەکەمى بە دەست هێناوە لە پرۆسەى دڵنیایی جۆرى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى 2018-2019 .
هەروەها بڕوانامەى رێزڵینان بەخشرایە ئەو مامۆستایانەی کە رۆلێکى گرنگیان هەبووە لە پێشخستنى ڕانکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بە ئەنجامدانى توێژینەوەکانیان بۆ ساڵى خوێندنى 2018-2019 کە پێکهاتبوون لە د. بێریوان عبدالقادر على لە پەیمانگەى تەکنیکى پزیشکى هەولێر، م. بێستون عبدالمجید عثمان و م. رەوشەن عثمان على لە پەیمانگەى تەکنیکى کۆیە، پ.ى.د.توانا احمد مصطفى لە کۆلێژى تەکنیکى تەندروستى هەولێر، د.شارا کمال محمد لە پەیمانگەى تەکنەلۆجى هەولێر.