Daily Archives: شوبات 4, 2020

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی یو تی ئێچ ئێمی مالیزی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەرێوەدەبەن

ئەمڕۆ سێ شەممە رێککەوتی 4ـی شوباتی 2020 لە ژێر چاودێری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر و بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئامانج عبدالله و سەرۆکی زانکۆکانی سەڵاحەددین و تیشکی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حزبی و حکومی، لە هۆڵی مەڵبەندی رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، دووهەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی “گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و گەشەی هەرێمایەتی” دەستی بە کارەکانی کرد کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێ گرتن لە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد، دواتر سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و شاندی زانکۆکانی مالیزیا و وڵاتە جیاجیاکان کرد، هەروەها دەربارەی کۆنفرانسەکە وتی: ئەم جۆرە کۆنفرانسانە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ کوردستان بەهۆی ئەوەی کە کوردستان فرە نەتەوە و ئایین و ئایینزایە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆ و ناساندنی بە دونیای دەرەوەیە هەروەها دروست کردنی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان، هەروەها سەرۆکی زانکۆ وەکو مژدەیەک رایگەیاند کە کۆنفرانسی داهاتوو لە ساڵی ئایندە هەر لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەبێت لە وڵاتی مالیزیا یاخود ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت.

دواتر نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئامانج عبدالله وتەیەکی بەناوی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە گرنگی کۆنفرانسی لەم شێوەیە کرد و ئاماژەی بە پێشکەوتنی زانکۆکانی کوردستان دا، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە تایبەت زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ماوەی رابردوو پەرەی بە پەیوەندیی توند و تۆڵی ئەکادیمی لە لەگەڵ زانکۆکانی ناوچەکە و جبهان داوە و لە رووی زانستیشەوە زۆر بەرەو پێش چووە ، بۆیە خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە ئەو پێشکەوتنە بەرچاو و بەردەوامانە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەبینین، هەروەها نوێنەرەکەی وەزارەت رایگەیاند کە جەنابی وەزیر لەبەر هۆکارێکی چاوەروان نەکراو نەیتوانی لەسەرەتاوە بەشدار بێت بەڵام بۆ نیوەڕۆ لە بەشی دووەم ئامادە دەبێت.

کۆنفرانسەکە دوو رۆژ دەخایەنێت بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵی کوردستان 24 و بە سپۆنسەری گرووپی کاروانجی بەرێوە دەچێت، بە بەشداری زیاتر لە 150 توێژینەوە بە زمانی ئینگلیزی و 17 توێژینەوە بە زمانی کوردی و عەرەبی کە خۆیان لە زانستەکانی مرۆڤایەتی و کارگێری و کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە.

شیاوی باسە کۆی ئەو توێژینەوانەی کە بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کراون لە سکۆپەس بڵاو دەکرێنەوە، هەوروەها ئەو توێژینەوانەش کە بە زمانی کوردی و عەرەبی پێشکەش کراون لە گۆڤارە ناوخۆییە باوەڕپێکراوەکان بڵاو دەکرێنەوە.

ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا

رۆژی پێنج شەممە رێککەوتی 4ـی شوباتی 2021 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د کاوە عبدالکریم شێروانی و ئەندامانی ئەنجومەن و بەبەشداری سەرۆکی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی زانکۆکان ئای یو سی پ.د. ئۆرهان حیکەمت ئازیزئۆغڵو ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی تایبەت بە کاروباری کارگێڕی و زانستی و قوتابیان تاوتوێ کرا، هەروەها چەند ڕێنمایی و راسپاردە و بڕیارێک درا.