هەنگاوێکی نوێ بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندنی باڵا؛ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر میوانداری بەڕێوەبەری یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست دەکات

هەولێر – زانکۆی پۆلیته‌كنیك

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆ بۆ کرانەوەی زیاتر بەڕووی ناوەندە ئەکادیمییە جیهانییەکاندا، بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشوازی لە خاتوو (سیڵڤیا ماڕکۆنی)، بەڕێوەبەری یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست و ڕێکخەری پڕۆژەی (RISE)ی ئیتاڵی کرد. دیدارەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە پ.د. ئازاد حەسەن قادر، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و پ.ی.د. عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆ بەڕێوەچوو.

ئامانجی سەرەکی سەردانەکە، پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی ناوچەی دەریای ناوەڕاست بوو. لەم سۆنگەیەوە، سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە پاڵپشت و هاوکارە بۆ سازدانی ئەم جۆره چالاکییە نێودەوڵەتییانە و بایەخێکی تایبەت بە فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییە زانستییەکان دەدات. هاوکات هیوای خواست کە ئەم دیدارە ببێتە بەردی بناغەیەک بۆ دروستکردنی هەماهەنگییەکی پتەوتر و ئاڵوگۆڕی زانستی لە داهاتوودا.

لە درێژەی کارنامەی سەردانەکەدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ، خاتوو ماڕکۆنی لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆمان سیمینارێکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی (بەنێودەوڵەتیکردنی ستراتیژییەتی خوێندنی باڵا و ئاڵانگاری و پراکتیکییەکان) پێشکەش کرد. سیمینارەکە کە بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، مامۆستایان و فەرمانبەران بەڕێوەچوو، تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگی بەنێودەوڵەتیکردنی پرۆسەی خوێندن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی لەو بوارەدا دێنە پێش.