Monthly Archives: تشرینی دووه‌م 2023

دەقی وتاری بەرێز د.طالب محمدشريف عمر راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر/زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە یەکەمین خولی دەرچوانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بۆ سالی خوێندنی ئەکادیمی ٢٠٢٢-٢٠٢٣

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
رێزدار جەنابی مەلا مستەفا بارزانی
بەڕێزان میوانانی قەدرگرانی حکومى و حزبی
خانەوادەی قوتابییان
دەرچووانی ئازیزى پەیمانگەکەمان
مامۆستایانی خۆڕاگر
ئەم کاتەتان باش
هەست بە خۆشحاڵییەکى لە رادەبەدەر و شانازییەکى مەزن دەکەم، ئەمڕۆ وەک یەکەم راگرى پەیمانگەی تەکینکی مێرگەسۆر لە ژێر دروشمی خولی( خۆڕاگری و خۆبنیاتنان) لەبەردەمتان وەستاوم و، وتارى نۆبەرەى دەرچووانى پەیمانگەکەمانتان پێشکەشدەکەم؛ لە ناخى دڵەوە و بە ناوى تەواوی ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ رێوڕەسمى یەکەمین خولى دەرچووانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر- زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ سالی خوێندنی 2022-2023
ئامادەبووانی هێژا….
ئەمڕۆ دواى دووساڵ خویندن و، بە دەستهێنانى ئەزموونێکى دەوڵەمەند، پۆلێک لە قوتابییانی ئازیزی پەیمانگەکەمان، بروانامەی دەرچوون/ دبلۆمی تەکنیکی لە دوو پسپۆریەتی جیا (کارگێڕی کاروتەکنیکی وەرگێڕان) وەردەگرن و، ئامادە دەبن بۆ قۆناغێکی تری ژیانیان، کە قۆناغى بەکارهێنانى زانست و زانیارییەکانیانە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە.
قوتابییانی ئازیز..
پەیمانگەکەتان، یەکەمین ناوەندی ئەکادیمی و تەکنیکیی خوێندنی بالایە لە سنوری قەزای مێرگوسۆر، کە لە سالی 2019 فەرمانی وزاری بۆ دەرچووەو لە ساڵی 2021یەکەم کاروانی قوتابیانی خۆی وەرگرتووە ؛ لەو تەمەنە کورتەدا، سەرەڕاى هەموو ئاڵنگارى و سەختییەکان، کە پەیوەست بوون بە بنیاتنانى پەیمانگەیەک لە سفرەوە، هەنگاوی باشی لە بواری ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان و، پەیوەندی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی ناوە و، چووەتە ئاستێکی بەرزەوە و، بووەتە مایەى ئومێدى خەڵکى دەڤەرەکە. ئەمە جگە لەوەى کە هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە، هەوڵمانداوە بیکەینە بەشێک لە کۆمەڵگە و کاریگەرى لەسەر دەورووبەرى خۆمان دابنێین. بەخۆشییەوە لەمبارەشەوە، بە ئەنجامى زۆر باش گەیشتووین، کە مایەى خۆشحاڵییە.
دەرچووانی خۆشەویست.
لە کاتێکدا ئێمە لێرە کۆدەبینەوە بۆ ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتنەکانتان و، چنینەوەى دەسکەوتەکانتان، پێویستە سەرەتاى بیرکردنەوەش بێت لەوەى، کە رێگاى زانست، رێگایەکى ئاڵۆز و پڕ کەند و لەندە. رێگایەکە کە پێویستى بە شەونخونى و رامانى رەخنەگرانە و داهێنەرانە هەیە؛ رێگایەکە کە پێویستی بە خۆپەروەردەکردنى بەردەوام و کۆڵنەدان و ماندوونەناسى هەیە. پێویستە ئەوە بزانن، بە هەبوونى ئەم تایبەتمەندییانە و، کردنیان بە بەشێک لە رۆتێنى ژیانتان، سەرکەوتنتان هەروەکو ئێستا، لە داهاتووشدا مسۆگەرە. ئێوە بەوتایبەتمەندییانەوە، بە لێهاتوویى پێویست دەگەن و، زۆر بە هێزەوە تواناى رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارى و کێشە ئاڵۆزەکانى دنیاى دەورووبەرتان دەبێ.
دنیایەک کە گۆڕانکارییەکانى خێرا و بەردەوام و، هەلومەرجەکانى بەردەمى ناڕوون و نادڵنیان. بۆیە لێرەوە، بەرپرسیارێتییەکى گەورە دەکەوێتە سەرشانتان و، وەک هێزى کارى پسپۆڕ، پێویستە بەردەوامبن لەبەرەو پێشبردنى حیکمەت و لێزانى خۆتان و، خۆتان بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە ئامادە بکەن. ئەمە جگە لەوەى کە دنیاى دەرەوەى زانکۆ، ئەگەر هەلێکى کارى تێدا هەبێ، بە تەواوى پەیوەستە بە توانا و لێهاتووییەکانتان و، چۆنیەتى پەرەپێدانى بەردەوامى ئەو لێهاتووییانە.
ئێمە دڵنیاین، خوێندنى دوو ساڵى ئێوە لە پەیمانگەکەمان، لەژێر تیشکى بەرنامەیەکى زانستى تۆکمە و، بە هەوڵ و ماندووبوونى ژمارەیەک مامۆستای دڵسۆزوخۆراگر، هەوێنی دەوڵەمەندى رێڕەوى داهاتووى ژیانتان دەبێت و، هیوادارین بە ئێتیک و ئەخلاقێکى بەرزەوە، بتوانن سوود لە پسپۆڕى و زانیارییەکانتان وەرگرن.
بەرێزان:
دەمەوێت لە قولایی دلەوە سوپاسی رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، هەموو دامەزراوە پێوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەم، کە هەمیشە سەرەڕاى کێشە و بەربەستە زۆرەکانى بەردەمیان، لەخۆبردووانە و دڵسۆزانە یارمەتیدەرمان بوون بۆ گەیاندنى پەیمانگەکەمان بەمڕۆ.
ئازیزان
زۆر بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی تایبەتی جەنابی (ملامستەفا بارزانی) و، نووسینگە بەرێزەکەیان،بکەم، کە لەم کاروانە زانستییەدا دەستیان گرتین، ئومێدیان پێبەخشین بۆ ئەنجامدانى کارى مەزن و بەردەوام.
هاوکات لەگەڵ پیرۆزبایى، سوپاسى بنەماڵەى بەڕێز و، هێژاى قوتابییەکانمان دەکەم، بۆ پشتگیرى بێ دریغى جگەرگۆشەکانیان، کە بێگومان ئەم سەرکەوتنە پشکێکى مەزنى ئەوانیشى تێدایە. هەروەها هەموو ئەو کەسایەتى و ئازیزانەش جێگاى رێز و ستایشن.
لە هەمان کاتدا، نابێت ڕۆڵی یەکێتی قوتابییانی کوردستان لە بیربکرێت کە هەردەم پالپشتی پەیمانگە و قوتابییەکانمان بوونە لە کاروچالاکیەکاندا. هەروەها سوپاسی لێژنەی ئامادەکاری ئاهنگی دەرچووانی پەیمانگەکەمان دەکەم کە شەو رۆژیان کردۆتە یەک بۆ سەرخستنی ئەم مەراسیمە هەژیە.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت بڵێم، قوتابییانى ئازیز، ئەمڕۆ ئەگەرچى کۆتایى قۆناغێکى ئەکادیمتانە، بەڵام سەرەتاى قۆناغگەلێکى دیکەى دووروو درێژی ژیانتانە. ئومێدم وایە هەمیشە شەوقى سەرکەوتن وەها لەچاواکانتدا،ببریسکێتەوە. زانست و پەرەپێدان، هەولە بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤی کوردستانی خۆشتربکرێت، وە ئاستی رۆشنبیری و زانیاری خوێندن بەرزتربێت و، نیشتیمانسازی و ئایندەسازی لەناو هزری کوردستانیان پتەوتربێت.
جارێکی تربەخێربێن و، پیرۆزبایى لە یەکەمین خولى دەرچووانی پەیمانگەکەمان [پەیمانگەی تەکینکی مێرگەسۆر] دەکەم. شانازیتان پێوە دەکەین و، هیوادارین هەمیشە سەرکەوتوبن و، ئێرە بە ماڵى گەورەی ئەکادیمی خۆتان بزانن.
کوردستانیش هەر ئاوەدان و، خۆراگرو، خۆ بنیاتنەر بێت.

زۆر سوپاس

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 23ی نۆڤەمبەری 2023، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پێشوازی لە شاندێکی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان (K.I.I) کرد، کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان د. سەرباز نەجیب عوسمان جێگری سەرۆکی بۆرد و هاوبەڕێوەبەری جێبەجێکاری (K.I.I)، د. ئازاد نەجاڕ ئەندامی بۆرد و هاوبەڕێوبەڕی جێبەجێکاری (K.I.I) و شاندی یاوەریان.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە پ.ی.د. نەجیب تۆما بەتۆ یاریدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. ڕەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان،ئامادەیبوون، هەردوو لا جەختیان کردەوە لەسەر هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردنی یەکتر لە بواری داهێنان و سوود وەرگرتن لە توانا و بەهرەی مامۆستا و قوتابییانی زانکۆ لەو بوارانەی کە پەیوەستن بە گەشەسەندنی ئابووری کوردستان و بنیاتنانی بنەمایەکی پیشەسازی بە تایبەتی لە بواری وزە بە سوودوەگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکان.

لەم دانیشتنەدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆڕبەندێکی تایبەت بە پەرەپێدانی تواناکانی داهێنان بۆ بەشێک لە مامۆستا و قوتابییانی زانکۆمان لە لایەن پسپۆڕان و شارەزا لە (K.I.I)، هەروەها ئاشناکردنیان بە دید و ئامانج و ستراتیژیەتی نیستیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان (K.I.I).

دواتر یاداشتنامەی لێک تێگەیشتن واژوو کرا لە لایەن هەردوو لا کە ئەم خاڵانەی خوارەوە لە خۆ دەگرێت:-

  • ئاڵوگۆڕی زانیاری و بیرۆکەی نوێ لە بواری داهێنان.
  • هاوکاری و هەماهەنگی بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی پرۆژەکانی قوتابییان.
  • ئەنجامدانی کۆڕبەند و وۆرکشۆپ بۆ پەرەپێدانی تواناکانی قوتابییان و مامۆستایان لە بواری داهێنان.
  • بەشداریکردن لە کۆنفراس و کۆڕبەند و وۆرکشۆپی هەر لایەک لە لایەن ستافی لایەنی دووەم.
  • سەردانی سەنتەر و تاقیگە و وەرشەی یەکتر لە لایەن ستافی هەردوولا.
  • سوودوەرگرتن لە بەشداریکردنی کۆنفراسە جیهانییەکان تایبەت لە بواری نوێگەری و داهێنان.
  • دابینکردنی فەندی جیهانی بۆ پڕۆژەکانی داهێنان و نوێگەری.

 

مامۆستایەکی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا

مامۆستایەکی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا

رۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١١/٢٢ گفتوگۆی نامەی دکتۆرا قوتابی خوێندنی باڵا ” سەربەست ناسر احمد مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە زانکۆی سۆران – فاکەلتی پەروەردە – بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان ئەنجامدرا .

تێزی دکتۆراکە بە ناونیشانی “دراسة مقارنة بين مسافتين مختلفين في بعض المتغيرات الميكانيكية للمسار الحركي للثقل في قسم الرفع إلى الصدر CLEAN لرافعي الأثقال” بوو.

بەناوی ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر پیرۆزبای لە بەرێزیان دەکەین هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆدەخوازین.

ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر.

سڵاو لە گۆڤاری پۆلیتەکنیکەوە

ئاگادارتان دەکەینەوە کە گۆڤاری پۆلیتەکنیک سیستەمی باوی دیجیتاڵی ئێلسێڤیێر وەک سیستەمی بەڕێوەبردنی بڵاوکراوەکانى خۆی بەکاردەهێنێت. گۆڤارەکە وردە وردە توێژینەوەکان بڵاودەکاتەوە و تایبەتە بە پێشکەشکردنی شتوێژینەوەی ڕەسەن لە زانستی پاکتاو، زانستی کردارەکییەکان، تەکنەلۆژیا، و ئەندازیاری. وەک گۆڤارێکی زانستى ( کە هەڵسەنگاندنى ئەکادیمى بۆ توێژینەوەکان لەخۆدەگرێت) بەردەستە بە پێداچوونەوەی هاوتا (A Peer-Reviewed Open Access Journal)، گۆڤاری پۆلیتەکنیک لە ژێر مۆڵەتی کریەیتیڤ کۆمۆنس (CC BY-NC-ND 4.0) کاردەکات کە دەزگایەکە مافی چاپکردن و لەبەرگرتنەوەى بابەتەکان دەپارێزیت. ئەو گۆڤارە بێ قازانج و سەربەخۆیە. بە شێوازێکى راستەخۆ، نێودەوڵەتى، و بێ بەربەست دەقی تەواوی بابەتەکانی توێژینەوە راستەوخۆکان دابیندەکات بەبێ ئەوەی پێویست بە بەشداریکردن بکات.

بۆ زانینی نوێترین وردەکارییەکانی بڵاوکراوەکانمان، سەیری گۆڤاری پۆلیتەکنیکی – بەرگی ١٣، ژمارە ٢ بکە:

بۆ پێشکەشکردنی دەستنووسەکەت، تکایە سەردانی گۆڤاری پۆلیتەکنیک بکە لە:

ئاگاداری نوێترین هەواڵ و نوێکارییەکانی پۆلیتەکنیک جۆرناڵ بن لە Linkedin:

چاوەڕوانی وەرگرتنی بەشدارییە پڕبەهاکانتانین.

دەستەى نوسەران

گۆڤاری پۆلیتەکنیک