Daily Archives: تشرینی دووه‌م 15, 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر 50 ئامێری مایکرۆسکۆب بۆ بەشە پزیشکییەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکان دابین دەکات

رۆژی چوارشەممە 15ی نۆڤەمبەری 2023، لە رێورەسمێکدا پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، 50 ئامێری مایکرۆسکۆبی نوێی ئیتاڵی بەخشییە بەشە پزیشکییەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆمان.

لە رێورەسمەکەدا کە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەیبوون، پ.ی.د. نەجیب توما بتو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی وتەیەکی پێشکەش کرد و بە گرنگییەوە باسی لە پێویستی ئامێرەکان کرد بۆ قوتابییان و مامۆستایانی زانکۆمان و گوتی: ” بیرۆکەی کرین و دابینکردنی ئەو مایکرۆسکۆبانە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی د. ئیدریس سەرۆکی زانکۆمان کاتێک دەست بەکاربوو سەردانی گشت کۆلیژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانی کرد، تاقیگەو هۆڵەکانیشی بەسەرکردەوە، لەوێ ئەو بیرۆکەیە دروست بوو کاتێک سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی سۆرانمان کرد، بینیمان گشت قوتابییان کۆبوونەتەوە لەدەوری یەک ئامێری مایکرۆسکۆبی کۆن، لەسەردانی کۆیەش لەتاقیگەیان هەمان وێنە دووبارە بەرچاومان کەوت، دواتریش داواکاری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەبوو بۆ دابینکردنی ئامێری مایکرۆسکۆب.

بۆیە بریارماندا پڕۆژەیەک جێبەجی بکرێت هەم چاککردن بۆ هەموو هۆڵەکانی خوێندن بکرێت لەگەڵ تاقیگەکان هەم بۆ دابینکردنی ئامێر، لێژنەیەکی پسپۆڕمان لە مامۆستایانی زانکۆمان پێکهێنا بۆ تاوتوێکردن و دیارسەتکردنی ئامێرەکان لە جۆر و کوالیتی باش کە لەگەڵ خواست و پێداویستی قوتابییان و مامۆستایاندا یەکبگرێتەوە، لێژنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هۆبەی هاوردە و تاقیگەکان، پێشنیاری چەندەها جۆرو مۆدیلی مایکرۆسکۆبی کرد لەناویاندا ئێمە جۆرێکمان هەڵبژارد کە ئیتاڵیە و جۆرێکی زۆرباشە و دابینمان کرد”.

هەریەکە لە کۆلیژی تەکنیکی تەندروستی هەولێر، پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر، کۆلیژی تەکنیکی شەقڵاوە، کۆلیژی تەکنیکی سۆران، پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، سەنتەری توێژینەوەی بەپێی پێویستییان ئامێرەکانی لە جۆری B_159 و لە جۆری B_190  بۆ دابینکرا کە توانای کارکردنیان زۆرباشە بۆ سوودێکی زۆریان بۆ قوتابیان و مامۆستایان هەیە.

شیاوی باسە سەرجەم ئامێرەکان لەسەر داهاتی زانکۆمان دابین کراون ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بەکارخستنەوەی داهاتی زانکۆ بۆ پێشخستن و بنیاتنانی ژێرخانی زانکۆ، هەروەک لە ماوەی رابردوودا لە سەر داهاتی زانکۆمان پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانە و هۆڵی تاقیگە لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بە هەمان شێوە لەسەر داهاتی زانکۆ 150 ئامێری کۆمپیوتەر بۆ گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان دابینکرا.