Daily Archives: تشرینی دووه‌م 26, 2023

دەقی وتاری بەرێز د.طالب محمدشريف عمر راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر/زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە یەکەمین خولی دەرچوانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بۆ سالی خوێندنی ئەکادیمی ٢٠٢٢-٢٠٢٣

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
رێزدار جەنابی مەلا مستەفا بارزانی
بەڕێزان میوانانی قەدرگرانی حکومى و حزبی
خانەوادەی قوتابییان
دەرچووانی ئازیزى پەیمانگەکەمان
مامۆستایانی خۆڕاگر
ئەم کاتەتان باش
هەست بە خۆشحاڵییەکى لە رادەبەدەر و شانازییەکى مەزن دەکەم، ئەمڕۆ وەک یەکەم راگرى پەیمانگەی تەکینکی مێرگەسۆر لە ژێر دروشمی خولی( خۆڕاگری و خۆبنیاتنان) لەبەردەمتان وەستاوم و، وتارى نۆبەرەى دەرچووانى پەیمانگەکەمانتان پێشکەشدەکەم؛ لە ناخى دڵەوە و بە ناوى تەواوی ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ رێوڕەسمى یەکەمین خولى دەرچووانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر- زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ سالی خوێندنی 2022-2023
ئامادەبووانی هێژا….
ئەمڕۆ دواى دووساڵ خویندن و، بە دەستهێنانى ئەزموونێکى دەوڵەمەند، پۆلێک لە قوتابییانی ئازیزی پەیمانگەکەمان، بروانامەی دەرچوون/ دبلۆمی تەکنیکی لە دوو پسپۆریەتی جیا (کارگێڕی کاروتەکنیکی وەرگێڕان) وەردەگرن و، ئامادە دەبن بۆ قۆناغێکی تری ژیانیان، کە قۆناغى بەکارهێنانى زانست و زانیارییەکانیانە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە.
قوتابییانی ئازیز..
پەیمانگەکەتان، یەکەمین ناوەندی ئەکادیمی و تەکنیکیی خوێندنی بالایە لە سنوری قەزای مێرگوسۆر، کە لە سالی 2019 فەرمانی وزاری بۆ دەرچووەو لە ساڵی 2021یەکەم کاروانی قوتابیانی خۆی وەرگرتووە ؛ لەو تەمەنە کورتەدا، سەرەڕاى هەموو ئاڵنگارى و سەختییەکان، کە پەیوەست بوون بە بنیاتنانى پەیمانگەیەک لە سفرەوە، هەنگاوی باشی لە بواری ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان و، پەیوەندی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی ناوە و، چووەتە ئاستێکی بەرزەوە و، بووەتە مایەى ئومێدى خەڵکى دەڤەرەکە. ئەمە جگە لەوەى کە هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە، هەوڵمانداوە بیکەینە بەشێک لە کۆمەڵگە و کاریگەرى لەسەر دەورووبەرى خۆمان دابنێین. بەخۆشییەوە لەمبارەشەوە، بە ئەنجامى زۆر باش گەیشتووین، کە مایەى خۆشحاڵییە.
دەرچووانی خۆشەویست.
لە کاتێکدا ئێمە لێرە کۆدەبینەوە بۆ ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتنەکانتان و، چنینەوەى دەسکەوتەکانتان، پێویستە سەرەتاى بیرکردنەوەش بێت لەوەى، کە رێگاى زانست، رێگایەکى ئاڵۆز و پڕ کەند و لەندە. رێگایەکە کە پێویستى بە شەونخونى و رامانى رەخنەگرانە و داهێنەرانە هەیە؛ رێگایەکە کە پێویستی بە خۆپەروەردەکردنى بەردەوام و کۆڵنەدان و ماندوونەناسى هەیە. پێویستە ئەوە بزانن، بە هەبوونى ئەم تایبەتمەندییانە و، کردنیان بە بەشێک لە رۆتێنى ژیانتان، سەرکەوتنتان هەروەکو ئێستا، لە داهاتووشدا مسۆگەرە. ئێوە بەوتایبەتمەندییانەوە، بە لێهاتوویى پێویست دەگەن و، زۆر بە هێزەوە تواناى رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارى و کێشە ئاڵۆزەکانى دنیاى دەورووبەرتان دەبێ.
دنیایەک کە گۆڕانکارییەکانى خێرا و بەردەوام و، هەلومەرجەکانى بەردەمى ناڕوون و نادڵنیان. بۆیە لێرەوە، بەرپرسیارێتییەکى گەورە دەکەوێتە سەرشانتان و، وەک هێزى کارى پسپۆڕ، پێویستە بەردەوامبن لەبەرەو پێشبردنى حیکمەت و لێزانى خۆتان و، خۆتان بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە ئامادە بکەن. ئەمە جگە لەوەى کە دنیاى دەرەوەى زانکۆ، ئەگەر هەلێکى کارى تێدا هەبێ، بە تەواوى پەیوەستە بە توانا و لێهاتووییەکانتان و، چۆنیەتى پەرەپێدانى بەردەوامى ئەو لێهاتووییانە.
ئێمە دڵنیاین، خوێندنى دوو ساڵى ئێوە لە پەیمانگەکەمان، لەژێر تیشکى بەرنامەیەکى زانستى تۆکمە و، بە هەوڵ و ماندووبوونى ژمارەیەک مامۆستای دڵسۆزوخۆراگر، هەوێنی دەوڵەمەندى رێڕەوى داهاتووى ژیانتان دەبێت و، هیوادارین بە ئێتیک و ئەخلاقێکى بەرزەوە، بتوانن سوود لە پسپۆڕى و زانیارییەکانتان وەرگرن.
بەرێزان:
دەمەوێت لە قولایی دلەوە سوپاسی رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، هەموو دامەزراوە پێوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەم، کە هەمیشە سەرەڕاى کێشە و بەربەستە زۆرەکانى بەردەمیان، لەخۆبردووانە و دڵسۆزانە یارمەتیدەرمان بوون بۆ گەیاندنى پەیمانگەکەمان بەمڕۆ.
ئازیزان
زۆر بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی تایبەتی جەنابی (ملامستەفا بارزانی) و، نووسینگە بەرێزەکەیان،بکەم، کە لەم کاروانە زانستییەدا دەستیان گرتین، ئومێدیان پێبەخشین بۆ ئەنجامدانى کارى مەزن و بەردەوام.
هاوکات لەگەڵ پیرۆزبایى، سوپاسى بنەماڵەى بەڕێز و، هێژاى قوتابییەکانمان دەکەم، بۆ پشتگیرى بێ دریغى جگەرگۆشەکانیان، کە بێگومان ئەم سەرکەوتنە پشکێکى مەزنى ئەوانیشى تێدایە. هەروەها هەموو ئەو کەسایەتى و ئازیزانەش جێگاى رێز و ستایشن.
لە هەمان کاتدا، نابێت ڕۆڵی یەکێتی قوتابییانی کوردستان لە بیربکرێت کە هەردەم پالپشتی پەیمانگە و قوتابییەکانمان بوونە لە کاروچالاکیەکاندا. هەروەها سوپاسی لێژنەی ئامادەکاری ئاهنگی دەرچووانی پەیمانگەکەمان دەکەم کە شەو رۆژیان کردۆتە یەک بۆ سەرخستنی ئەم مەراسیمە هەژیە.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت بڵێم، قوتابییانى ئازیز، ئەمڕۆ ئەگەرچى کۆتایى قۆناغێکى ئەکادیمتانە، بەڵام سەرەتاى قۆناغگەلێکى دیکەى دووروو درێژی ژیانتانە. ئومێدم وایە هەمیشە شەوقى سەرکەوتن وەها لەچاواکانتدا،ببریسکێتەوە. زانست و پەرەپێدان، هەولە بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤی کوردستانی خۆشتربکرێت، وە ئاستی رۆشنبیری و زانیاری خوێندن بەرزتربێت و، نیشتیمانسازی و ئایندەسازی لەناو هزری کوردستانیان پتەوتربێت.
جارێکی تربەخێربێن و، پیرۆزبایى لە یەکەمین خولى دەرچووانی پەیمانگەکەمان [پەیمانگەی تەکینکی مێرگەسۆر] دەکەم. شانازیتان پێوە دەکەین و، هیوادارین هەمیشە سەرکەوتوبن و، ئێرە بە ماڵى گەورەی ئەکادیمی خۆتان بزانن.
کوردستانیش هەر ئاوەدان و، خۆراگرو، خۆ بنیاتنەر بێت.

زۆر سوپاس