Daily Archives: تشرینی دووه‌م 16, 2023

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ لە شاری دهۆک رێوڕەسمی کۆتایی خولی رێبەری گەشتیاری و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار بەڕێوەچوو

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە شاری دهۆک بەشداریی کرد لە رێوڕەسمی کۆتایی هەردوو خولی رێبەری گەشتیاری و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکان.

لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولەکەدا کە بۆ فەرمانبەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و گەشتوگوزاری دهۆک بە هاوکاری رێکخراوی کارگوزاری نێودەوڵەتیی ILO و رێکخراوی یونیسکۆ و پاڵپشتی یەکێتیی ئەورووپا کرابوویەوە، هەریەک لە جێگری پارێزگای دهۆک و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و بەڕەێوەبەری شوێنەواری دهۆک و نوێنەرانی رێکخراوی ILO و رێکخراوی یونیسکۆ و یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی بوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتەیەکی پێشکەش کرد.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لە گوتەکەیدا دوای خۆشحاڵی دەربڕین بە ئامادەبوونی لەو رێوڕەسمەدا، تیشکی خستە سەر ئەرکی زانکۆ لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و گوتی: “سەرەڕای پێشکەشکردنی مەعریفە و ئەنجامدانی توێژینەوە زانستی، هاوکات ئەرکی زانکۆیە کە خزمەتی کۆمەڵگا بکات و بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروفتەکانی و رۆڵی کاریگەر  بگێڕێت لە پێشخستی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئاسایشدا”.

دواتر هەریەک لە جێگری پارێزگاری دهۆک و نوێنەری رێکخراوەکانی بەشداربووی رێوڕەسمەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی  شوێنەوار و گەشتوگوزاری دهۆک لە گوتاری جیاجیادا دەستخۆشییان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد.

شایانی باسە هەریەک مامۆستایانی بەشی کارگێری دەزگاکانی گەشتیاری لە پەیمانگای تەکنیکی هەولێر پ.ی.د.عەفاف یوسف نوری و م.فەخرەدین ئەحمەد عەزیز و مامۆستایانی کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر م.سۆران بولص بطرس و م.مەریوان صابر خالد وەک راهێنەری سەرەکی بەشداربوون لە بەڕێوەبردنی خولەکان و بۆ ئەمەش سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەتی دەستخۆشی لێکردن و سوپاسی کردن.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکەدا دابەشکرا کە ژمارەیان ٣٥ کەس بوو کە بۆ ماوەی یەک مانگ بەشێوەی تیۆری و کرداری بەردەوام بوو.

 

سەرۆکی زانکۆ سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆکی کرد و لەلایەن پ.د.ئاری عادل، سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکەوە پێشوازیی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و ژمارەیەک لە راگرانی کۆلیژ و پەیمانگانی سەربە زانکۆکە ئامادەی بوون، باس لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوو زانکۆ لە بوارەکانی زانستی و ئەکادیمی کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک کرا کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و جەخت لە پێویستی فراونترکردنی کۆنفرانسەکە و بەشداریکردنی زانکۆی نێودەوڵەتیی دیکە و بە نێودەوڵەتییکردنی کۆنفراسەکە کرا.

هاوکات باس لە پێویستی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا و کولتووری کوردستانی و شارەزابوونی کولتووری کۆمەڵگای دیکەش بکات.

 

بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ لەگەڵ هۆبەی وەرزشی گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان کۆبوویەوە

رۆژی پێنج شەممە 16ـی نۆڤەمبەری 2023، بەڕێوەبەری چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ بەرپرسی سەرجەم هۆبەکانی وەرزشی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان کۆبوویەوە.

کۆبوونەوەکەدا کە لەسەر راسپاردەی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجامدرابوو، تیایدا باس لە کۆنووسی کۆبوونەوەی (3) کرا ، و بەڕێوبەری چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ مامۆستا ڕەمزی عیسمەت بەگرنگییەوە لە هەنگاوەکانی بەرێز سەرۆکی زانکۆی رووانی کە بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری بەڕێوبەرایەتییەکەیە بۆ دروستكردنی یاریگای دووەمی زانکۆ و دابینكرنی هه‌موو پێداویستیەكانى وه‌رزشی بۆ گشت كۆلیژ و په‌یمانگاكان، هەروەها مامۆستا رەمزی ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری سەرۆکی زانکۆ کرد لە پرۆسەی بە ئه‌ندام بوونی زانکۆمان لە یەكێتی زانكۆكانی عێراق وه‌ك ئەندامى لیژنەى فه‌رعی و بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی لێژنەی هەرێمى كوردستانیش.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا زانكۆمان له‌سه‌ر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش به‌شداری له‌چالاكییەكان بكات، هەروەها ڕێنماییەكانی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارو چالاكیەكانی گشت كۆلێژو پەیمانگاكان لەگەڵ خۆئاماده‌كرنیان خرایە بە باس.

پاشان ئامادەبووان باسیان لە كارو چالاكیەكانی کۆلێژ و پەیمانگەکانیان كرد بۆ ئەمساڵی خوێندن کرد و ئەو گرفتانەی كە دەبێتە هۆى ئاستەنگ لەكارو چالاكییەكان خستەڕوو، و چەندین پێشنیار پێشکەشکران بە دروستکردنی یاریگەی دیکە یاخود نۆژەنکردنەوەیان لە کۆلێژ و پەیمانگەکان.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بەئەنجامدانى چەند چالاکییەک لەوانە: ئه‌نجامدانی ماراسۆن، پاڵەوانیەتی تۆپی پێ لەسەر ئاستی كوڕان و كچان، پاڵەوانیەتی تۆپی سەرمێز لەسەر ئاستی كوڕان وكچان، پاڵەوانیەتی شەتره‌نج بۆ كوڕان و كچان، پاڵەوانیەتی تۆپی پێی مامۆستایان و فەرمانبەران ، پاڵەوانیەتى تۆپی سەرمێزی مامۆستایان و فەرمانبەران.