Monthly Archives: تشرینی یه‌كه‌م 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە بۆڵۆنا پرۆسێس و ‌(ECTS) بۆ مامۆستایانی کۆلێژی تەکنیکی سۆران، پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان و مێرگەسۆر رێکدەخات

رۆژی یەکشەممە 29ی ئۆکتۆبەری 2023، لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران وۆرکشۆپێکی تایبەت بە بۆڵۆنا پرۆسێس و سیستەمی (ECTS) لە ژێر ناونیشانی (گۆڕانکارییەکانی پرۆسەی جێبەجێکردنی بۆلۆنا پرۆسێس و داتابەیسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر) بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکان و یاریدەدەری راگر و لێپرسراوی هۆبەکانی تۆمار و دڵنیایی جۆری بەڕێوەچوو.

لە وۆرکشۆپەکەدا کە مامۆستا پاکستان محەمەدئەمین یوسف راگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و یاریدەدەرانی راگر و ژمارەیەک سەرۆک بەش و لێپرسراوی هۆبەکانی تۆمار و دڵنیایی جۆری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر ئامادەیبوون، لیژنەکانی بۆڵۆنا پرۆسێس و سیستەمی (ECTS) پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر سەرۆکی لیژنەی باڵای بۆڵۆنا، د. دلێر عەبدوڵڵا و هەردوو ئەندامی لیژنەی داتابەیس م.ی دیار جەمال ، م. گۆران مەغدید (بۆ ماوەی 4 کاتژمێر) نوێترین پێشهات و بەرەو پێشچوونەکانی هەردوو سیستەمەکە بۆ ئامادەبووان و مامۆستایان خستەڕوو.

شیاوی باسە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکانی بۆلۆنا و سیستەمی (ECTS) هەنگاوە تازەکان و رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵایان بۆ ئەمساڵی خوێندن، پێداویستییەکانی سیستەمی بۆڵۆنا بۆ ئامادەبووان روونکرایەوە، هەر لە چوارچێوەی وۆرکشۆپەکە لێژنەی داتابەیسی زانکۆ هەڵە تەکنیکییەکانی ساڵانی رابردوویان بۆ سەرۆک بەش و مامۆستایان خستەڕوو و تیشک خرایە سەر تێهەڵچوونە نوێیەکانی سیستەم و نوێترین زیادکراوەکانی ناو سیستەمەکە کە بۆ ئەمساڵی خوێندن بەردەست دەبن.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتۆگۆ و پێشنیارەکان بۆ ئامادەبووان کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و وەڵامدرانەوە.

جێگەی ئاماژەیە

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە بەشداری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پێشانگایەکی هەلیکاری بۆ دەرچووان رێکخست

ئەمڕۆ پێنچ شەممە 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەژێر چاودێری رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین پێشانگای هەلی کار بۆ قوتابیانی دەرچوو لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرایەوە، کە یەکەمین جارە پێشانگای لەم شێوەیە دەکرێتەوە لەسەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا هەریەکە لە پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.د.عبدالفتاح عبدالرەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، د.ئەمیر چالی راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، م.هەژار عوسمان بەرپرسی ناوچەی ئاسۆ، بەڕێز شیرین خالید بەرپرسی ناوچەی ئایندە، بەڕێز نێچیرڤان کەلاری سکرتێری یەکێتی قوتابییانی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لەمامۆستایان و قوتابییان ئامادەبوون.

سەرەتا سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری پێشانگای هەلی کار، پ.ی.د.نەجیب توما بتو هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: زۆر خۆشحاڵین بەئامادەبوونتان لەمەراسیمی کردنەوەی یەکەمین پێشانگای هەلی کار تایبەت بەدەرچووانی زانکۆمان ، بەبەشداری 40 کۆمپانیای کەرتی تایبەت، سوپاسی یەکە بەیەکەی کۆمپانیاکان دەکەین کە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بە بەشداری کردنیان لەو پێشانگایە، بەتابیەت ئەو کۆمپانیایانەی وەک سپۆنسەر بەشداریان کردووە، هیوادارین ئەمڕۆ دڵی چەند گەنجێکی لێهاتوو و بەتوانا لە دەرچووانی خۆشەویست شاد بکرێت و هیوای بەکارخستنیان پێببەخشین.

سوپاسی (کۆمپانیای کۆوتەر) دەکەیین کە هاوکارمان بوون بۆ ڕاهێنان پێکردنی ستافێکی ئەکادیمی لەسەر میکانیزم و شێوازی ئامادەکاری بۆ پێشانگاکەمان، هەروەها ئامادەکردنی نامیلکەیەک بەهەرسێ زمانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی، ئەو نامیلکەیەی چاپکراوە ڤێرشنی کوردییە، بەڵام بارکۆدی لە سەرەو دەتوانن بەزمانی ئینگلیزی و عەرەبی سەیری بکەن.

سوپاسی کۆمپانیای CCC دەکەین کە ئەرکی خاوێن کردنەوە و کاری لۆجستی ئەنجامداوە، وەک ئامادەکاری بۆ ئەو پێشانگایە.

دەمانەوێت بەدەرچووانی خۆشەویست بڵێین دەمانەوێت پەیوەندیتان لەگەڵ زانکۆ بەردەوام بێت، ئێمە لەگەڵتانین لە ڕێگای سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار، بۆ کار ئاسانی و ئامادەکردنتان بۆ بازاری کار ، بۆ ئەوەی بتوانن ئایندەیەکی پرشنگدار دابین بکەن ، ببن بەبەشێکی ئەکتیف و پۆزەتیف لەبنیادنانەوەی کوردستان ، کوردستانی دواڕۆژ ئێوە بنیادی دەنێن .

سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و هاوکارانم دەکەم لەئامادەکارانی ئەو پێشانگایه کەوەک خۆبەخش و لەخۆ بوردوانە زۆر بەهیمەت کاریان لەگەڵ کردین، وەک قوتابیانی دەرچوو و کۆمپانیاکان و کادیرانی یەکێتی قوتابییانی کوردستان.

دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی لەوتەیەکیدا وێرای بەخێرهاتنی میوانەکان گوتی:” پیرۆزبایەکی گەرم لەدەرچووان دەکەم کەئەمڕۆ دەتوانن هەریەکە بەپێی پسپۆڕی خۆیان دەتوانن لەم پێشانگاییەدا هەلی کار بە دەستبهێنن و ئایندەی خۆیان رەنگ ڕێژبکەن، بە ئومێدی ئەوەی ئەو پێشانگایە، کە یەکەم هەنگاوی کرداری ئێمەیە، دوای دەستبەکاربوومان بەڵێنماندا هەموو هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ تا دەرفەتی کار بۆ دەرچووانمان بدۆزینەوە.

بەڕێزان

لەجیهانــى نوێــدا گۆڕانکارییــەکان زۆر خێــران لە هەمــوو کایەکانى ژیانــدا، ئەگەر ئێمــە بمانەوێــت دانەبڕێیــن و لەگەڵ جیهان هەنگاو بنێین، ئەوا دەبێت زۆر بە وریایی و ئاگاییەوە هەنگاوەکانمان بنێین و ئاگاداربین لــە گۆڕانکاریــە خێــراکان، بێگومــان ئــەو گۆڕانکاریانەش بەشێوەیەکى ڕاست و دروست و بەســوود و قازانجی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان وەربگرین، لەم نێوانەشــدا زانکۆکان ئەرکــی ســەرەکیان هەیــە لەم بــوارەدا، کە پێویســتە هەنــگاوى زۆر وورد و بوێرانــە بنێین تا بتوانین نەوەى تازە پێگەیشــتوو و کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی ســەرکەوتوو ببەین و لە جیهانى نوێدا بەشــدار بین لە بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و دانەبڕاو.

 

ئامادەبووانی ئازیز

لــەم ســاڵانەى دواییــدا، لــە هەرێمــی کوردســتان ژمارەیەکــى زۆر لــە پەیمانگە و کۆلێژ و زانکۆی تازە کراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆری قوتابی لە بەشە زانستییە جیاوازەکان دەردەچن و بڕوانامە بەدەست دەهێنن، بەڵام ڕەخساندنى هەلیکار بۆ ئەم هەموو دەرچووە کارێکــی ئەســتەمە و لە هیــچ وڵاتێک یان حکوومەتێــک لەجیهاندا ناتوانرێ دامەزراندنى ئــەم ژمارە زۆرە بخرێتــە بەرنامە و کارەوە، بەڵکو دامەزراندن و هەلیکار پەیوەست بووە بە بازاڕى کارەوە.

زانکــۆ پێویســتە ڕۆڵــی هەبێــت لــە پێشخستنى تواناى دەرچووەکانى و هاوکات پێویســتە لــە پەیوەنــدی بەردەوەوامــدا بێت لەگەڵیــان بۆ ئەنجامدانى ڕاهێنان و هەروەها رەخساندنی هەلی کار بۆیان

خۆشــبەختانە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانســتی لە کابینەى نۆیــەمی حکوومەتی کوردستاندا، گرنگییەکی تایبەتــى بەم بابەتە داوە و ئێســتا لەســەر داوای وەزارەتى خوێندنى بااڵ و توێژینەوەى زانســتی، بەڕێوەبەرایەتــى گەشــەپێدانى کار )CDC )لــە گشــت زانکــۆکان کارا دەکرێــت و هەیکەلێکی تایبەت و فراوانى بۆ دادەنرێــت، کە ئەرکی ئــەم بەڕێوەبەرایەتیە بریتــی دەبێــت لــە هەبوونــی پەیوەنــدی بــەردەوام بە دەرچووانــەوە، هەروەها هەلی ڕاهێنانى پیشــەیی و پێشــانگەی کاریان بۆ بڕەخسێنن.

پێویســتە ســاڵانە پێشــانگەى کار بــۆ دەرچــووان فەراهــەم بکرێت و بانگهێشــتی کۆمپانیا و دامەزراوەکان بکرێن بۆ دروســت کردنى پــردی پەیوەندی لەگــەڵ دەرچووان تایبەت بە شــوێنی بەتاڵــى کار، ئەم جۆرە پێشــانگەیانە ســوودی زۆری هەیــە بــەو پێیــەى بیرۆکەیــەک دەدات بــە دەرچوو لەم بوارانەى، کە تێیدا شــارەزان و دەتوانن کاری تێــدا بکەن، هەروەها زانکۆ پێویســتە بــەردەوام لەگــەڵ کۆمپانیا و دامــەزراوەکان کار بکات لەسەر کلینکی پیشەیی )وەرشەی پیشــەیی( بۆ ئاشنا بوونى دەرچووان بە کار و پیشە و تەکنەلۆجیاى سەردەم.

ئێمــە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەمانەوێــت لەم بوارەدا دەستپێشــخەر بین بۆ ئەنجامدانى یەکەمین پێشــانگەى هەلیکار لەناو زانکۆ بۆ دەرچووانى زانکۆکەمان، ئومێد دەکەین، کە ببێتە هەڵمەتێکی نیشــتمانى و لەبەرزتریــن ئاســتدا کارى لەســەر بکرێت و پــڕۆژەى نیشــتمانى هەلیکار بــۆ دەرچووان ئەنجام بدرێت.

لەگــەڵ ئەمانەشــدا پێویســتە، دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و وەزارەتــى کار و کاروبــارى کۆمەڵایەتــى کار لەســەر ئەرک و مافــی کارمەندانــى کەرتــی تایبــەت بکەن، بەجۆرێــک کــە هەمــان مــاف و جیاوگــى هــەردوو کەرتی گشــتی و تایبــەت لە یەکتر نزیک بن، ئەمــەش دادپەروەری کۆمەڵایەتى دەچەسپێنێت. بــەم هەنگاوانــەش ئەرکــی سەرشــانى حکوومــەت ســووک دەبێت و فشــارى ســەر حکومەت کــەم دەبێتەوە و لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەش بــە ئامانجی خۆی دەگات و زانکۆش بە ئەرک و فەرمانى ڕاســتەقینەى خــۆی هەڵدەســتێت، لە هەمووشــی گرنگتر دەتوانیــن جێــگاى زۆرتریــن دەرچــووان لە هەلی کاردا بکەینــەوە و ئیتــر بێــکاری و دەســت بەتاڵــی ڕۆڵەکانمــان نابینین و ئەو ڕێژە زۆرەی بێکارى دادەبەزێت بۆ ئاستێکی نزمتر.

بەڕێزان

ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم، بەناوی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی رێزدار جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەم کەهەردەم خەمخۆری زانکۆکان بووەو بەردەوام پشتگیری مامۆستایانی زانکۆی کردووە، سەراڕی هەموو ئەو رێگریانەی هاتوونەتە بەردەم کابینەکەی جەنابیان، کەچی بەڕێزیان بە خۆڕاگرییەوە پاڵپشتییە دارایی و مەعنەوییەکانی بۆ زانکۆ بۆ یەک چرکەش رانەگرتووە، بەڵکو کاری زیاتریشی کردووە بۆ دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ قوتابیان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، هەر ئەوەش وایکردووە زانکۆکان بەردەوام بن لە پڕۆسەی خوێندن، بە ئومێدی ئەوەی زانکۆمان لە ئاست ئەو متمانەیە بێت کە جەنابیان بە زانکۆکانی بەخشیوە.

لەکۆتاییدا  جارێکی تر بەخێربێن، هیوادارین لە رێگەی ئەو پێشانگایەوە توانیبێتمان ببینە پردی پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکان و دەرچووانی ئازیزی زانکۆکەمان.

هەر ئاوەدان و بەهێز بێت کوردستان، مەڵبەندی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە ئایینی نەتەوەییەکان”.

 

پاشان پ.د.عبدالفتاح عبدالرەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد بۆ رێکخستنی ئەو پێشانگایە و گوتی: ئەو چالاکیەی ئەمڕۆ دەروازەیەکە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەمڕۆ بەرەو رووی دەرچووانی دەکاتەوە بۆ کار ئاسانی و دۆزینەوەی هەلی کار، گرنگی‌ئەو پێشانگایە خۆی لەوە دەبینێتەوە کەباس لەمافێک دەکات لەمافەکانی مڕۆڤ کەمافێکی بنەڕەتی و گرنگە ئەویش مافی کارە، دەستەبەرکردنی مافی کار، دروستکردنی هەلی یەکسان بۆ ئەو کەسانەی داخوازی کارن یەکێکە لەمافە هەرە بنەڕەتییەکانە کەرێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و هیچ دەستورێک خاڵی نییە لەو برگەیەی کەتایبەتە بەدەستەبەرکردنی مافی کار.

بێگومان بەو مافەش وەکو بەرێز سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی پێدا تەنیا بەحکومەت ناکرێت، دەستەبەرکردنی‌ ئەو مافە پێویستی بەپرۆسەیەکی دەستە کۆمەڵییە کە پێویستە هەموو لایەک بەشداری تێدا بکات، جا بۆیە لە زۆربەی دەستورەکان کە باس لە دەستەبەرکردنی مافی کار دەکات دەڵێت کۆمەڵگا هەڵدەستێ بەدەستەبەرکردن، واتە کۆمەڵگا لە حکومەت و لە کەرتی تایبەت و لە کەرتی گشتی پێکهاتووە، پرۆسەیەکە دەبێت زانکۆ تێیدا بەشداربێت و حکومەت و پەرلەمان لەگەڵ کەرتی تایبەت کە بەشێکی گرنگە لەو پرۆسەیە، بۆیە لەسەر زانکۆیە پشت لەدەرچووانی نەکات، سەرەتا پێویستە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەو بەشانەی هەبێت کە بازاری کار پێویستییەتی، پاشان کە دەرچوو پێویستە رێنوێنی بکات لەڕێگای سەنتەرەکانی کار بۆ ئەوەی بتوانن بەئاسانی هەلی کار بدۆزێتەوە، ئەو چالاکییەی ئەمڕۆ یەکێکە لەکارەکانی ئەو سەنتەرانە، دەستخۆشیان لێدەکەم، هەروەها پێویستە بەدواداچوون بۆ دەرچوەکانی خۆی بکات ئەوکاتەی کار بەدەست دەهێنن.

باشی و ڕێزبەندی زانکۆکان مەرج نییە بەرێژەی ژمارەی دەرچوانی بێت، ژمارەی دەرچوانیش پێوەرێک نییە بۆ کوالێتی خوێندن لەزانکۆکان، بەڵکو مەرج ژمارەی ئەو دەرچوانەیە کە دەتوانن کار بدۆزنەوە و بچنە ناو مەیدانی کار لە وڵاتەکەیدا، بۆیە پێویستە بۆ ئەوەی ئەو کارە بەرزە بەدەست بهێنی پێویستە بەدواداچوون و لێکۆلینەوە بۆ دەرچوەکانی خۆت بکەیت.

هەروەها لەسەر حکومەتیش پێویستە فرسەتی کار بۆ دەرچووان بدۆزێتەوە، لێرە دەڵێم حکومەت درێغی نەکردووە بۆ دەرکردنی یاسای وەبەرهێنان بۆ ئاسانکاری بۆ کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها پشتگیری و هانیدانی وەبەرهێنەران لە کەرتە جیاجیاکان کارێکی باشە، لەئێستادا کاری جددی دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبریارەکانی 86 ، بریاری 172 کە دوو بریارن لەسەریەک و تائکیدیان کردەوە کەپێویستە یاساکانی کار لەهەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەستەبەر بکرێت، ئەو هەوڵانەش بۆ دروستکردنی دەرفەتی کارە و هەلی یەکسان بۆ هەمووان دابین دەکات، هەروەها لەسەر کەرتی تایبەتیش، کۆمپانیاکان، خاوەن کارەکان، پێویستە یاساکانی کار وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، هەلی زیاتر بۆ داخوازی کار بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، بۆچی داخوازی زیاتر لەسەر کەرتی گشتی هەیە، لەبەرئەوەی گرێنتییەک هەیە پێی دەگوترێت خانەنشینی، بەڵام یاسای کار‌‌ ئەوەی بۆ کرێکاران و ئەو کەسانەی لەکەرتی تایبەت ئیش دەکەن بۆ ئەویشی گرێنتی کردووە بەڵام پێویستە سندوقەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی پڕبکرێتەوە، ئەوەش بەوە پڕدەکرێتەوە کۆمپانیا و خاوەن کارەکان ئەو پابەندییەی وەکو یاسا لەسەریانە جێبەجێی بکەن، ئەو هاوبەشییانە بکەن ئەوکاتە هاوڵاتیان گرێنتییەکیان دەبێت بۆ ئەوەی لە دواڕۆژ خانەنشینی وەربگرن، ئەو دەستەبەرە کۆمەڵایەتییە وەربگرن ئەوەش وادەکات کە زۆر چاوی لەسەر کەرتی گشتی نەبێت و بتوانین کاریان پێ بکەین لەکەرتی تایبەت، دووبارە دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئامادەکاران دەکەم.

دوای وتاری بەڕێزان پێشانگاکە کرایەوە و ئامادەبووان سەرجەم بەشەکانی تایبەت بە کۆمپانیاکانیان بەسەر کردەوە کە ژمارەیان زیاتر بوو لە 40 کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە بوارە جیاجیاکان.

شیاوی باسە لەم پێشانگایەدا کۆمپانیاکانی کەرتی بە پێی پێداویستی خۆیان دەرفەتی هەلی کاریان خستەڕوو کە ژمارەیان 150 دەرفەتە، و (CV)یان لە قوتابیان وەرگرت بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بەپێی پسپۆڕییەکانیان بخرێنە سەرکار، بۆ ئەم مەبەستەش سەنتەری گەشەپێدانی کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەدواداچوون دەکات بۆ ئەو دەرفەتانەی بەدەستهاتوون لە لایەن قوتابیان و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت لەڕێگەی سەنتەری ناوبراوەوە.

بۆ بینینی سەرجەم وێنەکان بە کوالیتی بەرز کلیک لـــــــــــــێــــــــــــــــــــــرە بکە.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە بۆلۆنا پرۆسێس بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکان رێکدەخات

رۆژی چوارشەممە 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وۆرکشۆپێکی تایبەت بە بۆلۆنا پرۆسێس بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆمان رێخرا.

لە وۆرکشۆپەکەدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زاستی، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و باسی لە گرنگی بۆلۆنا پرۆسێس کرد بۆ زانکۆ و مامۆستایان و قوتابییان و گوتی: “بەڕای من سەرۆکی بەشی زانستی داینەمۆی زانکۆیە بەڕاستی، هەموو ئیش و کارەکان کەپەیوەستن بەمامۆستا و قوتابی کە هەردووکیان پێکهاتەی سەرەکی زانکۆن، ئیشەکان لای ئەوانە ، چ ئەوەی تر کە فەرمانبەرە یان بەرێوەبەرە یان سەرۆک زانکۆیە ، ئەوانە هەمووی بەس بۆ ڕێکخستنن و هەموویان لە خزمەتی مامۆستاو قوتابییە ، ئەوەی زۆر نزیکه لەمامۆستا و قوتابی سەرۆک بەشە، بۆیە ئێمە فۆکەسمان لەسەر ئەو خاڵە کردووەتەوە و زۆر گرنگیمان بەسەرۆک بەش داوە، چونکە زۆر گرنگ و پێویستە بەشداری کردنی سەرۆک بەش لەو جۆرە خول و وۆرکشۆپانە.

بەڕێزان گرنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ئەمساڵی خوێندنی ساڵی 2022 -2023 لەوەدایە ژمارەی دەرچووانی لە هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان زیاترە، کە ئەمەش وامان لێدەکات رژد بین لەسەر پرۆسەی بۆلۆنا کە ئەمڕۆ بۆی کۆبووینەتەوە نەک تەنها کوردستان بەڵکو لەسەرتاسەری عێراق تاکە زانکۆیە بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک ئەو بابەتەی دەست پێکردووە و بەردەوامە و لیڤڵی زیاتری بریوە، لە ئێستادا زانکۆکانی عێراق تازە بەنیازن هەنگاو بنێن و دێنە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاوەکو بزانن چیمان کردووە ئەوانیش سوود لە ئەزموونی ئێمە وەرگرن لەو ڕووەوە، بۆیە ئەو جۆرە خولانە گرنگ دەزانین بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر هەنگاو بنێین بۆ بەرەوپێش و ببینە زانکۆیەکی پێشەنگ نەک تەنها لە هەولێر یان کوردستان بەڵکو لەسەرتاسەری عێراقیش، من ئەو گرێنتییەتان پێدەدەم زانکۆمان داهاتوو هەر بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە، چونکە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەم بەو پڕۆژەیەی دەستی پێکردووە لەبابەتی بۆلۆنا هەمیش ناوەکەی کەپۆلیتەکنیکە دەتوانین زۆر بەئاسانتر لەگەڵ بازاری کار خۆمان بگونجێنین، هەر ئەمساڵ چەند ڕاپۆرتێک بڵاوکرانەوە لەسەر ژمارەی قوتابیانی وەرگیراو لەهەندێک بەشی زانستی لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستان ، خەڵکەکەی ئێمە ئێستا وشیاربۆتەوەو دەزانێت چی بخوێنێت و بچێت لەچ بەشێک بخوێنێ ، چونکە تێگەیشت لەوە کەخوێندن نەک تەنها بۆ بڕوانامەیە بەڵکو بۆ ئەوەیە کەتۆ بتوانیت کارێکی پێ بکەییت، ئێمەش دەبێت هەوڵ بدەین، بەو شێوەیەی کەئەمڕۆ ماندووتان دەکەین بەڵام دڵنیام داهاتوویەکی باش هەم چاوەڕوانی ئێوە و هەم چاوەڕوانی زانکۆکەتان دەکات، زۆر زۆر بەخێربێن، هیوادارم ئەو جۆرە وۆرکشۆپانە لەدەست نەدەن و ئیلتیزامێکی باشی پێوە بکەن ، دووبارە زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم”.

دواتر دەستکرا بە بەرنامەی وۆرکشۆپەکە کە تیایدا لێژنەی بۆلۆنا پرۆسێس بە سەرپەرشتی د. بۆتان و مامۆستایانی پسپۆڕ لە بوارەکە نوێترین پێشهاتەکانی پرۆسەکە روونکرایەوە.

لە رێوڕەسمێکدا سەرۆکی زانکۆ تاقیگەی وزەی نوێ بووەوەی لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر کردەوە

بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاقیگەی وزەی نوێ بووە لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر کرایەوە.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا کە د.ئەمیر چالی راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئامادەی بوون، د.دلێر عەبدوڵڵا، سەرۆکی بەشی میکانیک و وزە، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان،گوتی “خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لە رێوڕەسمی کردنەوەی تاقیگەی وزەی نوێ بووە لە بەشی میکانیک و وزەی نوێ بووە کە لەلایەن ڕێکخراوی دادی ئەڵمانی پێشکەش بە زانکۆمان کراوە، هەروەها لە خولی ڕاهێنان بۆ ماوەی ساڵێک کاریان کردووە لەگەڵماندا ڕاهێنانیان بۆ پۆلێک لە مامۆستایانی بەشی ئێمە و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و بەشێک لە مامۆستایانی کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی سەلاحەددین ئەنجامداوە”.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە گوتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە کردنەوەی چەند تاقیگەیەک لە بابەتی وزە و گوتی “وزەی نوێ بووە ئەو وزەیەی کە سەرچاوەکەی سەرچاوەیەکی سروشتییە، ئاو و هەواو و خۆر بەکاردێت بۆی، دوای ئەوەی جیهان هەستی بەمەترسی کرد لەسەر گۆی زەوی، لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، گۆڕانی کەشوهەوا ، گۆڕانی ژینگەیی، ئاراستەی بەکارهێنانی وزە گۆرا بۆ بەکارهێنانی وزەی نوێ بووە”.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی گوتیشی: “خۆشبەختانە وەک زانکۆ بەهاوکاری زانکۆی THMی ئەڵمانی پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی دادی ئەڵمانی توانیمان کار لەسەر‌ ئەو بابەتە بکەین، بەیەکەوە توانیمان بەشێکی نوێ لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بکەینەوە بەناوی بەشی وزەی نوێ بووە ، ئەو بەشە بە پشتیوانی زانکۆی THMو ڕێکخراوی دادی ئەڵمانی تونرا کەرەستەکانی بۆ دابین بکرێت ، تونرا بۆ ماوەیەکی زۆر مامۆستایان ڕابهێنرێن لەسەر ئەو بابەتانەی لەو بەشە دەخوێندرێت”.

بە ئاماژەدان بە گۆڕینی ئاراستەی جیهان بەرەو وزەی نوێ بووەیە، گوتی “بۆیە بەپێویستمان زانی ئێمەش لە زانکۆکانی کوردستان بەتایبەتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەست بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێین و قوتابیانمان فێربکەیین و ڕایان بهێنین بۆئەوەی ئێمەش دانەبرێین لەو زانستە کە ئێستا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان پێوەی سەرقاڵن”

گوتیشی “یەکێک لەو وڵاتانەی کەزۆر گرنگی بەو بابەتە دەدات وڵاتی ئەڵمانیایە کە لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی سێیەمی وڵاتانە دوای ولاتی چین و ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی وزەی نوێ بووە، و خۆشبەختانە ئێمەش لەگەڵ زانکۆیەکی ئەڵمانی ئەو کارەمان ئەنجامداوە ، لێرەوە زۆر سوپاسی زانکۆی THM دەکەیین کە بەڕاستی زۆر خەمخۆرانە هاوکاری ئێمەبوون تاگەیشتین بەو دەرئەنجامە بەتایبەتی تریش زۆر دەسخۆشی لەهەردوو بەڕێزان پ.د.بەکر فەرەنگیس و پ.د.کلاوس دەکەین کە بەداخەوە دوو هەفتە پێش ئێستا خانەنشین بوو لەو زانکۆ ئەڵمانییە کە زۆر دڵسۆزانە هاوکارمان بوون تا گەیشتین بەو دەرئەنجامەی ئێستا”.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئومێدی ئەوەی خواست کە بتوانن بەردەوام بن لە گرنگدان بەو بوارە تاوەکو بتوانن زیاتر خزمەتی زانکۆ و خزمەتی کۆمەڵگای کوردی و خزمەتی مڕۆڤایەتی بکەن و رایگەیاند “ئەو بابەتە کاریگەری لەسەر ئاستی جیهان و هەموو گۆی زەوی هەیە”.

دواتر ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، د.بۆتان مەجید ئاسنگەر گوتی: “جێگای شانازییە سەرباری ئەو هەموو قەیران و کێشانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە کە چی ئێمە ڕۆژ بەڕۆژ زیاترو زیاتر لە هەولەکانمان بەردەوامین بۆ ئایندەیەکی رووناکتر، لەشوێنی خۆمان نەوەستاوین و خۆمان تەسلیم بەو کێشانە نەکردووە کەرووبەرومان دەبنەوە”،

گوتیشی “زانکۆمان وەک پێشەنگ لە هەنگاوەکانی بەرەو نوێ بوونەوە بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای سەردەم و تەکنەلۆجیای نوێ درێغی نەکردووە، هەولی جددیمان داوە هەردەم لەڕێزی پێشەوەی ئەو پێداویستییانە بین کە وڵاتەکەمان و دونیای نوێ پێویستییەتی، بۆ نموونە لە ڕابردوو کاتێک هەندێک بەشمان گۆرانکاری تێدا کرد و بەشی نوێشمان کردەوە هەوڵماندا نەک تەنها لەسەر ئاستی زانکۆی خۆمان بەڵکو هەولماندا لەسەر ئاستی هەولێر و هەرێمی کوردستانیش ئەو بەشانە بکەینەوە کە نییە و بازاری کار پێویستییەتی وەک بەشی تەکنەلۆجیای ئۆتۆمبێل کە تاکە بەشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەردوو بڕوانامەی دیلۆمی دووساڵە و بەکالۆریۆسی چوارساڵە دەبەخشێت بەقوتابیان”.

راشیگەیاند بە پشتگیری سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هاوکاری و پشتیوانی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشی وزەی نوێ بووەش یەکێکە لەو بەشانە کەلەسەر ئاستی هەرێمی تائێستا بەشێک نییە بەو ناوە، بۆیە ئێمە ئەو بەشە وەکو سەرەتایەک کە لەئێستادا بڕوانامەی دبلۆمی دوو ساڵە دەبەخشێت و لە ئایندەیەکی فراوانتر بۆ بەکالۆریۆس لەو بوارەدا هەولدەدەیین و کاری لەسەر دەکەین.

راگری کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر گوتیشی: “بێگومان هەرێمی کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پێویستی بەوزە زۆر لەزیادبوونە بەهۆی ئەو فراوانبوونەی ژمارەی دانیشتووان و کارگەکان و پێداویستی سەرتاپای هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی ژینگەکەمان پێویستی بەژینگەیەکی پاکترو خاوێنتر هەیە لەوەی ئێستا هەیە، بۆیە لە ئێستادا بەهەماهەنگی هەموولایەک وەک زانکۆمان خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین و خۆمان بەخەمخۆرو دڵسۆزی ئەو بوارە  دادەنێین کەدەستمان پێکردووەو بەدەست گرتنی ئێوەی بەڕێزان لەسەرووی ئێمەش هەولدەدرێت شتی گەورەترو باشتر پێشکەش بەوڵات و نیشتیمانەکەمان بکەییین، بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی د.بەکر فەرەنگیس بکەم کە هەڵگری رەگەزنامە ئەڵمانیا و لە زانکۆی THMی ئەڵمانیاوە هاتووە، بەڵام کوردێکی ئەو نیشتیمانییە و زۆر کوردانە و زۆر دڵسۆزانە لەدڵەوە سەرپەرشتی ئەو خولەی کردووە بەرێکوپێکی و ئەو کادیر و قوتابی و فەرمانبەرانەی رۆژانە لەژێر سەرپەرشتی ئەو فێربوون بەوپەڕی خەمخۆری و نیشتیمانپەروەری کاری گەورەیان ئەنجامداوە، بەناوی زانکۆ و بەناوی خۆمان و بەشی تەکنەلۆجیای وزەی نوێ زۆر بەخێرهاتنی دەکەین و زۆر سوپاسی دەکەین”.

د.بەکر فەرەنگیس ڕاهێنەرو سەرپەرشتیاری ئەو خولەی بۆ کادران ومامۆستایان ئەنجامدرا بۆ بەشی وزەی نوێ گوتی: “وەکو کوردێکی ڕۆژهەڵاتی لێرە خۆم بەمیوان نازانم، خاوەن ماڵیش نیم، بەڵام وەک هاوڕێیەک بەسەرچاوان لەخزمەتدام و لێرەم، بەکورتی باسی زانستی تاقیگەکان دەکەم، بۆچوونی ئێمە لەسە دوو بۆچوون کۆبووەتەوە، لەبارەی ئەو شتەی کەئێمە دەزانین بەمانای ئەوەنییە کەفامیشمان کردبێت ، باشتر‌ ئەوەیە کەخۆمان ئەنجامی بدەیین ،   کارکردن زۆر پێویستە بەڵام بەکردەیی ئەنجامی بدەیین ، هەڵەیەکی تێدا بکەیین و ڕاستی بکەینەوە ، ئەو هەڵەیە زۆر یارمەتیدەرە ، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم هاوکارییان کردین، بۆیە ناوی کەس ناهێنم نەوەک ناوێکم بیربچێت، زۆر خۆشحاڵم لەخزمەتتاندام، هیوادارم لە قۆناغی یەکەم ئەو زانستە بێتە ئێرە و لە قۆناغی دووەم لەناو زانکۆدا جێگای بکرێتەوە و بخوێندرێت”.

د.ڕەنج سیروان لە وتەیەکدا ئاماژەی بە چۆنیەتی دەستپێکردنی کارەکانی دامەزراندنی تاقیگەکان کرد و گوتی: بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم تاقیگەیە لە سەنتەری توێژینەوە لەگەڵ دوو مامۆستای زانکۆمان گەڵاڵە بوو، دوای هەوڵێکی زۆر  لەگەڵ د. بەکر توانیمان پرۆپۆزەڵی وزەی نوێ بووە ئامادە بکەین لەزانکۆمان، لە راستیدا کاری ئێمە هێشتا تەواو نەبووە ئامانجی یەکەممان قۆناغی یەکەم ئەو تاقیگەیە بوو، بەڵام قۆناغی دووەم ئەوەیە کە بتوانین سەنتەرێکی وزەی نوێ بووە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بکرێتەوە، پشتیوان بەخوا وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەردەوامی بدەین بە کارکردنمان لەگەڵ زانکۆی THM و ڕێکخراوی داد بۆ قۆناغی دووەم هەنگاو بهاوێژین بۆ دوو ساڵی دیکە ئەو ئامانجەش بپێکین، ئەوکات دەتوانین بەناوی سەنتەرێک کەتەنها تاقیگەیەک نابێت ستافیشی دەبێت و تاقیگەی ئەدڤانسی دەبێت کە پێشکەوتووە و لەسەر ئاستی هەموو کوردستان یەکەم زانکۆ دەبێت، ئێمە زۆر پێخۆشحالین کە د.بەکر هەر لەگەڵمان بێت و پەیوەندیمان لەگەڵی هەبێت ، بەدڵنیاییەوە سەرۆکایەتی زانکۆمان پاڵپشتمان بێت لەقۆناغی دووەم  هیوادارین کە د.ئەمیر و وەزارەتیخوێندنی باڵاش یارمەتیمان بدەن لەو بابەتە بەهەر شێوازێک بێت کەبتوانین بەرەو قۆناغی دووەم برۆیین کە پرۆپۆزەڵەکەی ئامادەیە، بەڵام وەک دەزانن ئیمکانیاتی دەوێت، ئێمە ناوەستین ، پ.د. ئیدریس سەرۆکی زانکۆ ئامادەیی دەربڕیوە بەپێی ئیمکانیاتی زانکۆ پاڵپشتیمان بکەن، بەڵام من دەزانم پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە خەرجییەکی زۆری دەوێت، بۆیە پێمخۆشە ئەو کارە هەر بەردەوام بێت ، پشتیوان بەخوا ئەو خەونەی بەیەک هەنگاو و بەیەک ئیمەیڵ دەستی پێکرد دەگەینە کۆتاییەکەشی، زۆر زۆر سوپاس دەستانخۆش.

پێش کۆتایی هاتنی تەواوی مەراسیمەکە د.کاروان و مامۆستایان، هەنگاو بەهەنگاو سیمیناری تایبەتیان لەبارەی تاقیگەو پێداویستی و کارەکان پێشکەش کرد و بۆ ئامادەبووانیان شیکردەوە کەچی کارێکیان کردووە و گرنگی کارەکانیان چییە.

1 2 3 8