زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە بۆلۆنا پرۆسێس بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکان رێکدەخات

رۆژی چوارشەممە 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وۆرکشۆپێکی تایبەت بە بۆلۆنا پرۆسێس بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆمان رێخرا.

لە وۆرکشۆپەکەدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زاستی، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و باسی لە گرنگی بۆلۆنا پرۆسێس کرد بۆ زانکۆ و مامۆستایان و قوتابییان و گوتی: “بەڕای من سەرۆکی بەشی زانستی داینەمۆی زانکۆیە بەڕاستی، هەموو ئیش و کارەکان کەپەیوەستن بەمامۆستا و قوتابی کە هەردووکیان پێکهاتەی سەرەکی زانکۆن، ئیشەکان لای ئەوانە ، چ ئەوەی تر کە فەرمانبەرە یان بەرێوەبەرە یان سەرۆک زانکۆیە ، ئەوانە هەمووی بەس بۆ ڕێکخستنن و هەموویان لە خزمەتی مامۆستاو قوتابییە ، ئەوەی زۆر نزیکه لەمامۆستا و قوتابی سەرۆک بەشە، بۆیە ئێمە فۆکەسمان لەسەر ئەو خاڵە کردووەتەوە و زۆر گرنگیمان بەسەرۆک بەش داوە، چونکە زۆر گرنگ و پێویستە بەشداری کردنی سەرۆک بەش لەو جۆرە خول و وۆرکشۆپانە.

بەڕێزان گرنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ئەمساڵی خوێندنی ساڵی 2022 -2023 لەوەدایە ژمارەی دەرچووانی لە هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان زیاترە، کە ئەمەش وامان لێدەکات رژد بین لەسەر پرۆسەی بۆلۆنا کە ئەمڕۆ بۆی کۆبووینەتەوە نەک تەنها کوردستان بەڵکو لەسەرتاسەری عێراق تاکە زانکۆیە بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک ئەو بابەتەی دەست پێکردووە و بەردەوامە و لیڤڵی زیاتری بریوە، لە ئێستادا زانکۆکانی عێراق تازە بەنیازن هەنگاو بنێن و دێنە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاوەکو بزانن چیمان کردووە ئەوانیش سوود لە ئەزموونی ئێمە وەرگرن لەو ڕووەوە، بۆیە ئەو جۆرە خولانە گرنگ دەزانین بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر هەنگاو بنێین بۆ بەرەوپێش و ببینە زانکۆیەکی پێشەنگ نەک تەنها لە هەولێر یان کوردستان بەڵکو لەسەرتاسەری عێراقیش، من ئەو گرێنتییەتان پێدەدەم زانکۆمان داهاتوو هەر بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە، چونکە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەم بەو پڕۆژەیەی دەستی پێکردووە لەبابەتی بۆلۆنا هەمیش ناوەکەی کەپۆلیتەکنیکە دەتوانین زۆر بەئاسانتر لەگەڵ بازاری کار خۆمان بگونجێنین، هەر ئەمساڵ چەند ڕاپۆرتێک بڵاوکرانەوە لەسەر ژمارەی قوتابیانی وەرگیراو لەهەندێک بەشی زانستی لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستان ، خەڵکەکەی ئێمە ئێستا وشیاربۆتەوەو دەزانێت چی بخوێنێت و بچێت لەچ بەشێک بخوێنێ ، چونکە تێگەیشت لەوە کەخوێندن نەک تەنها بۆ بڕوانامەیە بەڵکو بۆ ئەوەیە کەتۆ بتوانیت کارێکی پێ بکەییت، ئێمەش دەبێت هەوڵ بدەین، بەو شێوەیەی کەئەمڕۆ ماندووتان دەکەین بەڵام دڵنیام داهاتوویەکی باش هەم چاوەڕوانی ئێوە و هەم چاوەڕوانی زانکۆکەتان دەکات، زۆر زۆر بەخێربێن، هیوادارم ئەو جۆرە وۆرکشۆپانە لەدەست نەدەن و ئیلتیزامێکی باشی پێوە بکەن ، دووبارە زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم”.

دواتر دەستکرا بە بەرنامەی وۆرکشۆپەکە کە تیایدا لێژنەی بۆلۆنا پرۆسێس بە سەرپەرشتی د. بۆتان و مامۆستایانی پسپۆڕ لە بوارەکە نوێترین پێشهاتەکانی پرۆسەکە روونکرایەوە.