لە رێوڕەسمێکدا سەرۆکی زانکۆ تاقیگەی وزەی نوێ بووەوەی لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر کردەوە

بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاقیگەی وزەی نوێ بووە لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر کرایەوە.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا کە د.ئەمیر چالی راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئامادەی بوون، د.دلێر عەبدوڵڵا، سەرۆکی بەشی میکانیک و وزە، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان،گوتی “خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لە رێوڕەسمی کردنەوەی تاقیگەی وزەی نوێ بووە لە بەشی میکانیک و وزەی نوێ بووە کە لەلایەن ڕێکخراوی دادی ئەڵمانی پێشکەش بە زانکۆمان کراوە، هەروەها لە خولی ڕاهێنان بۆ ماوەی ساڵێک کاریان کردووە لەگەڵماندا ڕاهێنانیان بۆ پۆلێک لە مامۆستایانی بەشی ئێمە و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و بەشێک لە مامۆستایانی کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی سەلاحەددین ئەنجامداوە”.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە گوتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە کردنەوەی چەند تاقیگەیەک لە بابەتی وزە و گوتی “وزەی نوێ بووە ئەو وزەیەی کە سەرچاوەکەی سەرچاوەیەکی سروشتییە، ئاو و هەواو و خۆر بەکاردێت بۆی، دوای ئەوەی جیهان هەستی بەمەترسی کرد لەسەر گۆی زەوی، لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، گۆڕانی کەشوهەوا ، گۆڕانی ژینگەیی، ئاراستەی بەکارهێنانی وزە گۆرا بۆ بەکارهێنانی وزەی نوێ بووە”.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی گوتیشی: “خۆشبەختانە وەک زانکۆ بەهاوکاری زانکۆی THMی ئەڵمانی پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی دادی ئەڵمانی توانیمان کار لەسەر‌ ئەو بابەتە بکەین، بەیەکەوە توانیمان بەشێکی نوێ لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بکەینەوە بەناوی بەشی وزەی نوێ بووە ، ئەو بەشە بە پشتیوانی زانکۆی THMو ڕێکخراوی دادی ئەڵمانی تونرا کەرەستەکانی بۆ دابین بکرێت ، تونرا بۆ ماوەیەکی زۆر مامۆستایان ڕابهێنرێن لەسەر ئەو بابەتانەی لەو بەشە دەخوێندرێت”.

بە ئاماژەدان بە گۆڕینی ئاراستەی جیهان بەرەو وزەی نوێ بووەیە، گوتی “بۆیە بەپێویستمان زانی ئێمەش لە زانکۆکانی کوردستان بەتایبەتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەست بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێین و قوتابیانمان فێربکەیین و ڕایان بهێنین بۆئەوەی ئێمەش دانەبرێین لەو زانستە کە ئێستا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان پێوەی سەرقاڵن”

گوتیشی “یەکێک لەو وڵاتانەی کەزۆر گرنگی بەو بابەتە دەدات وڵاتی ئەڵمانیایە کە لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی سێیەمی وڵاتانە دوای ولاتی چین و ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی وزەی نوێ بووە، و خۆشبەختانە ئێمەش لەگەڵ زانکۆیەکی ئەڵمانی ئەو کارەمان ئەنجامداوە ، لێرەوە زۆر سوپاسی زانکۆی THM دەکەیین کە بەڕاستی زۆر خەمخۆرانە هاوکاری ئێمەبوون تاگەیشتین بەو دەرئەنجامە بەتایبەتی تریش زۆر دەسخۆشی لەهەردوو بەڕێزان پ.د.بەکر فەرەنگیس و پ.د.کلاوس دەکەین کە بەداخەوە دوو هەفتە پێش ئێستا خانەنشین بوو لەو زانکۆ ئەڵمانییە کە زۆر دڵسۆزانە هاوکارمان بوون تا گەیشتین بەو دەرئەنجامەی ئێستا”.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئومێدی ئەوەی خواست کە بتوانن بەردەوام بن لە گرنگدان بەو بوارە تاوەکو بتوانن زیاتر خزمەتی زانکۆ و خزمەتی کۆمەڵگای کوردی و خزمەتی مڕۆڤایەتی بکەن و رایگەیاند “ئەو بابەتە کاریگەری لەسەر ئاستی جیهان و هەموو گۆی زەوی هەیە”.

دواتر ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، د.بۆتان مەجید ئاسنگەر گوتی: “جێگای شانازییە سەرباری ئەو هەموو قەیران و کێشانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە کە چی ئێمە ڕۆژ بەڕۆژ زیاترو زیاتر لە هەولەکانمان بەردەوامین بۆ ئایندەیەکی رووناکتر، لەشوێنی خۆمان نەوەستاوین و خۆمان تەسلیم بەو کێشانە نەکردووە کەرووبەرومان دەبنەوە”،

گوتیشی “زانکۆمان وەک پێشەنگ لە هەنگاوەکانی بەرەو نوێ بوونەوە بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای سەردەم و تەکنەلۆجیای نوێ درێغی نەکردووە، هەولی جددیمان داوە هەردەم لەڕێزی پێشەوەی ئەو پێداویستییانە بین کە وڵاتەکەمان و دونیای نوێ پێویستییەتی، بۆ نموونە لە ڕابردوو کاتێک هەندێک بەشمان گۆرانکاری تێدا کرد و بەشی نوێشمان کردەوە هەوڵماندا نەک تەنها لەسەر ئاستی زانکۆی خۆمان بەڵکو هەولماندا لەسەر ئاستی هەولێر و هەرێمی کوردستانیش ئەو بەشانە بکەینەوە کە نییە و بازاری کار پێویستییەتی وەک بەشی تەکنەلۆجیای ئۆتۆمبێل کە تاکە بەشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەردوو بڕوانامەی دیلۆمی دووساڵە و بەکالۆریۆسی چوارساڵە دەبەخشێت بەقوتابیان”.

راشیگەیاند بە پشتگیری سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هاوکاری و پشتیوانی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشی وزەی نوێ بووەش یەکێکە لەو بەشانە کەلەسەر ئاستی هەرێمی تائێستا بەشێک نییە بەو ناوە، بۆیە ئێمە ئەو بەشە وەکو سەرەتایەک کە لەئێستادا بڕوانامەی دبلۆمی دوو ساڵە دەبەخشێت و لە ئایندەیەکی فراوانتر بۆ بەکالۆریۆس لەو بوارەدا هەولدەدەیین و کاری لەسەر دەکەین.

راگری کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر گوتیشی: “بێگومان هەرێمی کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پێویستی بەوزە زۆر لەزیادبوونە بەهۆی ئەو فراوانبوونەی ژمارەی دانیشتووان و کارگەکان و پێداویستی سەرتاپای هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی ژینگەکەمان پێویستی بەژینگەیەکی پاکترو خاوێنتر هەیە لەوەی ئێستا هەیە، بۆیە لە ئێستادا بەهەماهەنگی هەموولایەک وەک زانکۆمان خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین و خۆمان بەخەمخۆرو دڵسۆزی ئەو بوارە  دادەنێین کەدەستمان پێکردووەو بەدەست گرتنی ئێوەی بەڕێزان لەسەرووی ئێمەش هەولدەدرێت شتی گەورەترو باشتر پێشکەش بەوڵات و نیشتیمانەکەمان بکەییین، بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی د.بەکر فەرەنگیس بکەم کە هەڵگری رەگەزنامە ئەڵمانیا و لە زانکۆی THMی ئەڵمانیاوە هاتووە، بەڵام کوردێکی ئەو نیشتیمانییە و زۆر کوردانە و زۆر دڵسۆزانە لەدڵەوە سەرپەرشتی ئەو خولەی کردووە بەرێکوپێکی و ئەو کادیر و قوتابی و فەرمانبەرانەی رۆژانە لەژێر سەرپەرشتی ئەو فێربوون بەوپەڕی خەمخۆری و نیشتیمانپەروەری کاری گەورەیان ئەنجامداوە، بەناوی زانکۆ و بەناوی خۆمان و بەشی تەکنەلۆجیای وزەی نوێ زۆر بەخێرهاتنی دەکەین و زۆر سوپاسی دەکەین”.

د.بەکر فەرەنگیس ڕاهێنەرو سەرپەرشتیاری ئەو خولەی بۆ کادران ومامۆستایان ئەنجامدرا بۆ بەشی وزەی نوێ گوتی: “وەکو کوردێکی ڕۆژهەڵاتی لێرە خۆم بەمیوان نازانم، خاوەن ماڵیش نیم، بەڵام وەک هاوڕێیەک بەسەرچاوان لەخزمەتدام و لێرەم، بەکورتی باسی زانستی تاقیگەکان دەکەم، بۆچوونی ئێمە لەسە دوو بۆچوون کۆبووەتەوە، لەبارەی ئەو شتەی کەئێمە دەزانین بەمانای ئەوەنییە کەفامیشمان کردبێت ، باشتر‌ ئەوەیە کەخۆمان ئەنجامی بدەیین ،   کارکردن زۆر پێویستە بەڵام بەکردەیی ئەنجامی بدەیین ، هەڵەیەکی تێدا بکەیین و ڕاستی بکەینەوە ، ئەو هەڵەیە زۆر یارمەتیدەرە ، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم هاوکارییان کردین، بۆیە ناوی کەس ناهێنم نەوەک ناوێکم بیربچێت، زۆر خۆشحاڵم لەخزمەتتاندام، هیوادارم لە قۆناغی یەکەم ئەو زانستە بێتە ئێرە و لە قۆناغی دووەم لەناو زانکۆدا جێگای بکرێتەوە و بخوێندرێت”.

د.ڕەنج سیروان لە وتەیەکدا ئاماژەی بە چۆنیەتی دەستپێکردنی کارەکانی دامەزراندنی تاقیگەکان کرد و گوتی: بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم تاقیگەیە لە سەنتەری توێژینەوە لەگەڵ دوو مامۆستای زانکۆمان گەڵاڵە بوو، دوای هەوڵێکی زۆر  لەگەڵ د. بەکر توانیمان پرۆپۆزەڵی وزەی نوێ بووە ئامادە بکەین لەزانکۆمان، لە راستیدا کاری ئێمە هێشتا تەواو نەبووە ئامانجی یەکەممان قۆناغی یەکەم ئەو تاقیگەیە بوو، بەڵام قۆناغی دووەم ئەوەیە کە بتوانین سەنتەرێکی وزەی نوێ بووە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بکرێتەوە، پشتیوان بەخوا وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەردەوامی بدەین بە کارکردنمان لەگەڵ زانکۆی THM و ڕێکخراوی داد بۆ قۆناغی دووەم هەنگاو بهاوێژین بۆ دوو ساڵی دیکە ئەو ئامانجەش بپێکین، ئەوکات دەتوانین بەناوی سەنتەرێک کەتەنها تاقیگەیەک نابێت ستافیشی دەبێت و تاقیگەی ئەدڤانسی دەبێت کە پێشکەوتووە و لەسەر ئاستی هەموو کوردستان یەکەم زانکۆ دەبێت، ئێمە زۆر پێخۆشحالین کە د.بەکر هەر لەگەڵمان بێت و پەیوەندیمان لەگەڵی هەبێت ، بەدڵنیاییەوە سەرۆکایەتی زانکۆمان پاڵپشتمان بێت لەقۆناغی دووەم  هیوادارین کە د.ئەمیر و وەزارەتیخوێندنی باڵاش یارمەتیمان بدەن لەو بابەتە بەهەر شێوازێک بێت کەبتوانین بەرەو قۆناغی دووەم برۆیین کە پرۆپۆزەڵەکەی ئامادەیە، بەڵام وەک دەزانن ئیمکانیاتی دەوێت، ئێمە ناوەستین ، پ.د. ئیدریس سەرۆکی زانکۆ ئامادەیی دەربڕیوە بەپێی ئیمکانیاتی زانکۆ پاڵپشتیمان بکەن، بەڵام من دەزانم پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە خەرجییەکی زۆری دەوێت، بۆیە پێمخۆشە ئەو کارە هەر بەردەوام بێت ، پشتیوان بەخوا ئەو خەونەی بەیەک هەنگاو و بەیەک ئیمەیڵ دەستی پێکرد دەگەینە کۆتاییەکەشی، زۆر زۆر سوپاس دەستانخۆش.

پێش کۆتایی هاتنی تەواوی مەراسیمەکە د.کاروان و مامۆستایان، هەنگاو بەهەنگاو سیمیناری تایبەتیان لەبارەی تاقیگەو پێداویستی و کارەکان پێشکەش کرد و بۆ ئامادەبووانیان شیکردەوە کەچی کارێکیان کردووە و گرنگی کارەکانیان چییە.