ئاگادارییەک بۆ دەرچووان و قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تایبەت بە بەشداریکردن لە پێشبڕكێی ده‌ستپێك

سەنتەری گەشەپێدان بۆ کاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاگاداری دەرچووان و قوتابییانی قۆناغەکانی 3 و 4ـی کۆلێژەکان دەکاتەوە، کە زانکۆمان شانبه‌شانی شه‌ش زانكۆی دیکەی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری لە پێشبڕکێی دەستپێک دەکات كه‌ له‌ لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی (جی ئای زێد)ـی ئه‌ڵمانیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت به‌ هەماهەنگی لەگەڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و بە پاڵپشتی دارایی یه‌كێتی ئه‌وروپا.

بۆ ئەم مەبەستە هەر دەرچوو یان قوتابییەکی قوناغەکانی 3 و 4ـی کۆلێژە تەکنیکییەکان، ئارەزووی بەشداریکردنیان هەیە لە پێشبڕکێیەکە دەتوانێت لە رێگەی ئەو لینکەی کە لە خوارەوە دانرەوە ناوی خۆی تۆمار بکات.

“ده‌ستپێك” پێشبڕكێیه‌كی تایبه‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌ری كارە هانی ده‌رچووان و قوتابیانی زانكۆ ده‌دات بیرۆکەی کار و بزنسی خۆیان پەرە پێبدەن و کاربکەن بۆ دامەزراندنی کاری سەربەخۆی خۆیان. لە قۆناغی سه‌ره‌تادا (60)  ده‌رچوو، و فێرخواز سوودمەند دەبن.

له‌ ڕێگای ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ ده‌رچووان و قوتابیانی (قۆناغی 3-4)ی كۆلێژه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر ده‌توانن به‌شداربن له‌ خولێكی راهێنانی دوو رۆژه‌ و لە رێگەیەوە كار له‌سه‌ر بنیاتنانی پرۆژه‌یه‌كی كار ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌ی تیم، دواتر دوو تیم هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ قۆناغی داهاتووی پێشبڕكێكه‌ شان به‌شانی تیمه‌كانی تری زانكۆ به‌شداربووه‌كانی ئه‌م پرۆگرامه‌.

 ماوه‌ی یه‌ك مانگ ئه‌م تیمه‌ هه‌ڵبژێردراوانه‌ راهێنان و راوێژی چڕیان پێ ده‌درێت به‌شێوه‌ی كه‌سی و به‌شێوه‌ی ئۆنلاین به‌پێی پێویست له‌ بواره‌ گرینگه‌كانی په‌ره‌پێدانی كار.

له‌ قۆناغی كۆتاییشدا له‌ رێوره‌سمێكی شایسته‌ی تایبه‌تدا، تیمه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان پرۆژه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و سێ تیم ده‌بنه‌ براوه‌ی پرۆژه‌كه‌ و پاڵپشتی ده‌كرێن بۆ زیاتر په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشچوونی تواناكانیان له‌ لایه‌ن چه‌ند هاوبه‌شێك له‌ كه‌رتی تایبه‌ت.

 

ئامانجه‌كانی پرۆژه‌ی ده‌ستپێك خۆی دەبینێتەوە لە: (گۆڕینی تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی قوتابیان و ده‌رچوانی زانكۆ ده‌رباره‌ی كاركردنیان له‌ داهاتوو، ئاشنا بوون به‌ ده‌ستپێشخه‌ری كار و پێێشه‌نگی بازرگانی، هه‌نگاوه كرده‌ییه‌كانی بنیاتنانی كار و بازرگانی، به‌رەو‌پێشبردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای كاركردن به‌ تیم به‌شێوه‌یه‌كی كرداری.

 

بۆ خۆتۆمارکردن کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکە.

مه‌رجه‌كانی به‌شداریكردن:

  1. به‌شداربوو پێویسته‌ ده‌رچوو یان قوتابی بێت له‌ (قۆناغه‌كانی 3-4) له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر.
  2. داواكار پێویسته‌ ئاره‌زوومه‌ندی بنیاتنانی كاری تایبه‌تی خۆی بێت و خاوه‌ن بیرۆكه‌ی داهێنه‌رانه‌ بێت.

تێبینی:

كاندیدانی سه‌ركه‌وتوو له‌ لایه‌ن سەرۆکایەتی زانکۆوە په‌یوه‌ندیان پێوه‌ ده‌كرێت.

ڕێكه‌وت و كاتی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆگرام

12ـی ئەیلولی 2023، کاتژمێر 9:00 ـی بەیانی تاکو 5:00 ـی ئێوارە

 

ئەنجامی تانەی پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا(دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا)ی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • سەبارەت بە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی هەولێر گشت ئەنجامەکان هاووتان و دۆخەكانیان گۆڕانكاریان بەسەردا نەهاتووە.
  • بۆ بینینی ئەنجامی تانەی کۆلێژی کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کلیک لەم بەستەرە بکە.
  • بۆ بینینی ئەنجامی کۆتایی ووەرگیراوانی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا) دوای تانەگرتن کلیک لەم بەستەرە بکە.  

تێبینی:  کردنەوەی دکتۆرا/کارگێری کار تاوەکو ئێستا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی یەکلا نەکراوەتەوە. 

 

قوتابییەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرۆگرامێکی ئەمریکی بە سەرکەوتوویی تەواو دەکات

قوتابییەکی بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر بە ناوی هیلین حازم عبد القادر دواى ئەوەى بەسەرکەوتوویى لە بەرنامەیەکى سەر بە باڵیۆزخانەی ووڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە شارى بەغدا وەرگیرابوو پڕۆگرامەکەی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا.

ئەم بەرنامەیە بۆ ماوەى 26 رۆژ لە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەنجام درا کە تیایدا 85 قوتابى لە ووڵاتى عێراق بەشداربوو وە لە وانە 25 قوتابى لە هەرێمى کوردستان بەشداریان کردبوو کە یەکێکیان قوتابی زانکۆکەمان بوو.

لە ماوەی بەڕێوەچوونی پرۆگرامەکەدا قوتابییان بەشدارییان چەندین بەرنامەى جیاواز کرد کە لە لایەن زانکۆکانى ئەمریکا رێکخرابوو کە پێکاتبوون لە (سەرکردایەتى ، فراوانى بنیاتنان  لەلایەن گەنجان)، لە کۆتایی پرۆگرامەکەشدا بروانامە بە بەشداربووان بەخشرا.

بەرێوەچوونی سمینارێک لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

بەرێوەچوونی سمینارێک لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

لە چوارچێوەی پەرەپێدان بە توانا ئەکادیمی و کارگێرییەکان، رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٨ـی ئاب ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر( د. طالب محمد شریف) و بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگە، هۆبەی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی تواناکانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هەڵسا بە سازدانی سیمینارێک بۆ (پ.ی.د. هیوا عبدالعزیز بالیسانی) لەژێر ناونیشانی ‏
Leadership skills Development

لە سەرەتای سیمینارەکەدا ڕاگری پەیمانگە د.طالب محمد شریف وتەیەکی پێشکەش کردو، تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و سوپاسی پ.ی.د. هیوا عبدالعزیز بالیسانی کرد بۆ ئەوکاتەی بە ئێمەبەخشی و رێگایەکی دووری بڕیوە بۆ خزمەتکردن بە فەرمانبەران و ستافی ئەکادیمی. پاشان بەرێز د.هیوا بالیسانی دەستیکرد بە پێشکەشکردنی سیمنارەکە و لە کۆتایدا دەرگای پرسیار گفتوگۆکرایەوە بۆ ئامادەبووان .

سمینارەکە بووە مایەی سوود گەیاندنی فەرمانبەران و مامۆستایان لە بواری کاروباری کاری بەتیم کارکردن و هەنگاو نان لە ئاستی یەک بۆ ئاستی پێنچ لە رۆل و کاری سەرکردەیی بۆ پێشەنگبوونی پەیمانگە بە گشتی.

بە بەخشینی بروانامەی رێزلێنان بە بەرێز پ.ی.د.هیوا عبدالعزیز لە لایەن ڕاگری پەیمانگەوە کۆتایی بە سیمینارەکە هات.

راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر