رۆژی پێنج شەممە 20ـی تەمموزی 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پێشوازی کرد لە پێنج قوتابی زانکۆمان کە بڕیارە بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە سەردانی وڵاتی میسر بکەن.
لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، قوتابییان و بەڕێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیبوون، دوای بەخێرهاتن، رێنمایی پێویست بە قوتابیان درا دەربارەی چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەشتەکەیان لەوڵاتی میسر و هیوای گەشتێکی پڕ لەزانست و زانیاری و ئالوگۆری کولتورییان بۆ خوازرا.
لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆ لە وتەیەکی کورتدا وێڕای بەخێرهاتن رێنمایی قوتابیانی کرد و رایگەیاند: “خۆشحاڵ و دڵخۆشم جارێکی تر ژمارەیەک قوتابی ئێمە سەفەر دەکەن بەمەبەستی ئاڵوگۆری زانست و زانیاری و کولتوری و نەتەوەیی، ئێستا دەرگا کراوەیە بۆ گەشتی زانستی، وەک سەرۆکایەتی زانکۆ زۆرمان پێخۆشە قوتابیانمان گەشت بکەن و وڵاتان ببینن و حەزدەکەین کولتوری جوانی کوردەواری نیشانی وڵاتان بدەن، قوتابیانی میسریش پێشوازی زۆرباشیان لێدەکرێت و گەشتی شوێنی جیاوازیان پێدەکرێت، پێکەوەژیانی نەتەوەیی نیشانی قوتابیان دەدرێت، جگە لەگەشتە زانستییەکە کاری باش بکەن و سیمای جوان نیشان بدەن لەڕێگەی کردەوە باشەکانتانەوە ئەوان تێدەگەن ئێوە کێن و لەکوێ هاتوون و مێژووتان چییەو خاوەن چین”.
هەروەها گوتیشی: “دەبێت سیمای جوانمان نیشانیان بدەن، گرنگ ئەوەیە رووی جوان و ڕاستەقینەی خۆمان نیشانیان بدەن و پێیان بڵێن کە فرە ئایین و فرە کولتور لەکوردستان بەیەکەوە دەژین بەبێ کێشە و یەکتریمان قبوڵە، ئێوە گەنجن ئومێد دەکەم سودمەند بن و زیاتر چاو کراوەبن، چونکە ئەم گەشتە بەس زانستی نییە بەڵکو گەشتی کولتوری و نیشتیمانی و نەتەوەییە”.
بڕیارە رۆژی هەینی 21ـی تەمموزی 2023 ئەو قوتابیانە گەشت بکەن و ماوەی مانگێک لە وڵاتی میسڕ دەمێننەوە، قوتابییەکان قوتابی قوناغی سێیەمی زانکۆمانن لەهەریەک لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری، تەندروستی و پزیشکی و ئەندازیاری هەولێر، کە پێشتر هەڵسەنگاندنیان بۆکراوە لە ئاستی زانینی زمان و ئاستی زانستی هەڵبژێردراون، مەشقەکەیان لە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆژیا (مصر للعلوم والتکنولوجا) دەبێت.
ئەم گەشتە لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییەتەیە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دایڕشتووە بۆ بە نێودەوڵەتی بوون. ئەم پڕۆژەی ئاڵوگۆڕەی قوتابییانیش بەشێکە لەو ستارتیژە و ساڵانە بەردەوامی دەبێت.