پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە چوارمین کۆبوونەوەی لیژنەی پەرەپێدان بە خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی کرد کە لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی زانکۆکانی دیکەی پۆلیتەکنیکی لەسەر ئاستی عێراق بەشداربوون، باس لە هەنگاوەکانی چۆنییەتی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی بەئامانجی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە بەپشتیوانی یونیسکۆ و نوێنەرایەتی یەکێیتیی ئەورووپا لە عێراق بەڕێوەدەچێت، تێڕوانین و بۆچوونی هاوبەشی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، پ.د.ئاری عادل خرایەڕوو کە تیایدا جەخت لە پێویستی پشتیوانی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی کرایەوە بەتایبەت لە خولی پێداگۆجی تایبەت بە مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان لە بواری خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی، هەروەها بایەخدان بە بەشەکانی گەشتوگوزار لە کۆلیژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان بە ئامانجی بەرەپێشبردنی کەرتی گەشتیاریی بە شێوەیەکی گشتیی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
هاوکات شاندی هەرێمی کوردستان بەگرنگییەوە باسیان لە بەرنامەکە کرد و تێبینیەکانیان لەسەر کەموکورتی پڕۆگرامەکە خستە روو هەروەها چەند خاڵێکیان خستە روو بۆ زیاتر بەهێزکردنی پلانی داهاتووی بەرنامەکە.



