زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی سپارک وۆرکشۆپێکی سێ رۆژە رێکدەخەن

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 14ـی حوزەیرانی 2023 بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د. نجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەڕێوبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار وۆرکشۆپێکی 3 رۆژەی لەژێر ناونیشانی (Innovation Hub Lab) بۆ ژمارەیەک قوتابی رێکخست.
وۆرکشۆپەکە لە لایەن رێکخراوی دۆینک بۆ راوێژکاری بازرگانی جێبەجێدەکرێت و رێکخراوی سپارک پاڵپشتی دارایی دەکات و لە لایەن 7 قوتابی زانکۆمانەوە پێشکەش دەکرێت کە لە ماوەی رابردوودا بوون بە راهێنەر، بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە بریتین لە 30 قوتابی کە راهێنانیان پێدەکرێت لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی هەردوو کۆمپانیای (Kesk و Emomegifts).

لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە رێکخەر و سەرپەرشتیارانی وۆرکشۆپەکە کرد و گوتی: ئەم جۆرە وۆرکشۆپ و خولانە گرنگی تایبەتیان هەیە بۆ قوتابیان و ئامانجی ئێمەش وەک ئەنجومەن و سەرۆکایەتی زانکۆ ئەوەیە قوتابیانمان بەشێوەیەک پێبگەیەنین کە بتوانن لە داهاتوو ببنە سەرکردە لەبوارەکەی خۆیاندا و بەشێوەیەک لێهاتوو بن کە وەڵامدەرەوەی بازاڕی کار بن، و بۆ ئەمەش پاڵپشتی تەواویان دەکەین و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو بەرنامە ستراتیژیەی کە دامانڕشتووە بۆ بەرەوپێشبردن و بەرزتر کردنەوەی ئاستی قوتابیان، هەروەها لێرەشەوە دەمەوێت زۆر سوپاس رێکخراوی سپارک و دۆینک بکەم کە هاوئاهەنگن لەگەڵ زانکۆمان بۆ رێکخستنی ئەم وۆرکشۆپە.


ئەم وۆرکشۆپە دەرفەتێکە بۆ قوتابیان لەرووی پێگەیاندنی کارامەیی و ئاشناکردنیان بە بازاڕی کارو چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەوکێشانەی کە رووبەڕووی کۆمپانیاکان دەبنەوە، وە بەهێزکردنی سکیڵی پەیوەندی کردن و بڕوابەخۆبوون.

شیاوی باسە ئەم وۆرکشۆپە چاڵنجێکە لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، موسڵ و تەکنیکی باکوور.