سەرۆکی زانکۆ پرۆژە و نۆژەنکردنەوەکانی کۆلێژی تەکنەلۆجی و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەسەردەکاتەوە

ئەمرۆ 17ـی نیسانی 2023، پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی بە یاوەری یاریدەدەری راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر و بەڕێوبەری ئەندازە و پرۆژەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەندازیارانی سەرپەرشتیار، پرۆژە و نۆژەنکردنەوەکانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێری بەسەرکردەوە.

سەردانی بەڕێزیان بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بنیات نان و نۆژەنکرنەوەکان هەروەها گوێگرتن لە داواکاری سەرپەرشتیارانی پرۆژەکان.

پرۆژەکان گرنگییەکی زۆریان بۆ هەردوو کۆلێژی تەکنەلۆجی و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر هەیە و پێکهاتوون لە پێنج پرۆژە ئەوانیش:

  1. دروست کردنی باڵەخانەی هۆڵ و تاقیگەی تازە کە پڕۆژەیەکی سێ نهۆمیە و زیاتر لە بیست هۆڵ و تاقیگە لە خۆ دەگرێت لەگەڵ 10 ژووری مامۆستایان و کارگێری کە لەسەر رووبەری 1200 مەتر دوجا دروستدەکرێت و لە سەر داهاتی زانکۆ ئەنجام دەدرێت.
  2. دروستکردنی سەنتەری چالاکی قوتابیان بە رووبەری 200 مەتر دوجا کە لە قۆناغی کۆتاییدایە.
  3. نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی پێشووی یانەی قوتابیان کە بۆ وەرشەکانی ئاسنگەی و دارتاشی و ساردکاری لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر نۆژەندەکرێتەوە.
  4. دروستکردنی باخچەیەکی مۆدرێن و تایبەت لەسەر رووبەری 2500 مەتر دوجا بەمەبەستی زیادکردنی رێژەی سەوزایی بۆ خاوێنی ژینگە کە بۆ بۆنە تایبەتەکانی قوتابیان بەکاردەهێنرێت.
  5. نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی تایبەت بە تاقیگەکانی کۆمپیوتەر و ژووری ستاف بۆ (بریتش کۆنصل) کە کۆتایی پێهاتووە لە پرۆسەی وەرگرتندایە.

شیاوی باسە لە ماوەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بە پێی بەرنامەیەکی تۆکمە و چڕ وپڕ و لەژێر رێنمایی و سەرپەرشتی بەڕێزیان کار لەسەر چەندین پرۆژەی بیناسازی و زانستی و کەلتوری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کراوە و بەردەوامییان دەبێت.