رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 7ـی ئاداری 2023 لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدان بۆکار بەهاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆواتر وۆرکشۆپی پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پێشانگای هەلی کاری ئەنجامدا.
وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەرێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان، بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان رێکخرابوو بە مەبەستی هاوکاری و بەشداریکردن لە پێشانگای هەلی کار کە بڕیارە لە مانگی ئایاردا بەڕێوەبچێت.
پاشان شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری پێشانگای هەلی کار و سەرچاوە مرۆییەکان بەرێز مارک بابەتێکی پێشکەش کرد و تیایدا بە پێی ستانداردە جیهانیەکان دەرچوانی زانکۆ سوودمەندی یەکەم دەبن بۆ دەست خستنی کار لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان.
ئەم وۆرکشۆپە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشە لەلایەن دامەزراوەی (کۆواتەر ئینتەرناشناڵ) و (جی.ئای. زی)ـی ئەڵمانی جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی دەکرێت.
پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت کە دوو بواری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش: پەرەپێدان و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندنی بەشی ڤێتێرنەری لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە ناردنی ستافی ئەکادیمی بەشی ناوبراو بۆ زانکۆیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ وڵاتی بەلجیکا و هۆڵەندا بەمەبەستی ئاشناکردنیان بە نوێترین شێوازی تەکنیکی بەشی ڤیتێرنەری و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی سەردەمییانە و چارەسەرکردنی کەمکردنەوەی کێشە کشتوکاڵیەکان و زیاترکردنی بەرهەم.
لایەنی دووەمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە گرنگی دانە بە ستافی کارگێری بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدان بۆ کار لە سەرۆکایەتی زانکۆ، ئەنجامدانی چەند وۆرکشۆپ لە بواری پەرەپێدانی تواناکان و دروست کردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و بازاری کار.



