رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 31ـی کانونی دووەمی 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی پێشوازی کرد لە هاوبەشانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پرۆژەی (کامپڵەس) کە پێکهاتبوون لە حەوت دامودەزگای نێودەوڵەتی لە ووڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا ویۆنان.
لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرس و راهێنەرانی پرۆژەی ناوبراو لە زانکۆمان ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی هاوبەشانی ئەوروپی لە پرۆژەی کامپڵەس کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کارکردنی هاوبەشی نێوان زانکۆمان و دامودەزگا ئەوروپییەکان، هەروەها سوپاسی هاوبەشانی کرد کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان دەستنیشان کردووە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی کامپڵەس، هەروەها ئامادەیی زانکۆی نیشاندا بۆ هەرکارێکی پێکەوەیی بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەنجان و قوتابیانی کوردستان و پەنابەرانی کەمپەکان.
شیاوی باسە شەش مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵی رابردوو بەشداری خولێکی تایبەتیان لە وڵاتی ئیتاڵیا کرد بەمەبەستی بوون بە راهێنەر لەم سەردانەی شاندی دامودەزگاکاندا بروانامەی راهێنەرییان پێ دەبەخشرێ.
ئەم پرۆژەیە بە کۆمەکی دارایی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت کە ئامانج لێی یارمەتیدانی پەنابەران و دەرچووانی زانکۆکەمانە لە بەرەوپێشبردنی پرۆژەکانیان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان.