وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خەڵات و رێزلێنان دەبەخشێتە دوو قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 31ـی کانونی دووەمی 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر خەڵات و ڕێزلێنانی پێشکەش بە قوتابیانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە پێشبڕکێی هواوی (ئای.سی.تی) بەشداریان کردوەو پلەی دووەمیان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست هێناوە.

لە دیدارێکدا کە بریکاری وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەڵاحەدین و لوبنانی فەرەنسی و نوێنەرانی کۆمپانیای هواوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازی کرد لە قوتابیانی بەشدار لە پێشبڕکێى (ئای.سی.تی) کرد و دەستخۆشی لێکردن بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی شایستە و هیوای خواست لە داهاتودا پلەی باشتر و نازناوی گەورەتر بۆ هەرێمى کوردستان بەدەست بهێنن، هەروەها دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی پێشبڕکێکە کرد بۆ ڕەخساندنی زەمینەکی گونجاو بۆ پیشاندانی توانا زانستیەکانی قوتابیان لەبواری تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان.

شیاوی باسە بەشداربووانی پێشبڕکێکە لە هەرێمى کوردستان پێکهاتبوون لە قوتابیانی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەڵاحەدین و لوبنانی فەرەنسی، تیمێک لە بەشداربوان پلەی دووەم و ئەوانی تریش پلەی حەوتەمیان بەدەستهێناوە، لە هەردوو تیمەکەشدا لە کۆى شەش قوتابی چواریان قوتابى زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن.

لەکۆتایشدا د. ئارام محمد قادر خەڵات و ڕێزلێنانی پێشکەش بە قوتابیانی بەشدار لە پێشبڕکێکە کرد، دواتریش سوپاس و دەستخۆش ئاراستەى تیمى مامۆستایان و زانکۆ بەشدارەکانى پێشبرکێکە کرد.