Daily Archives: كانونی دووه‌م 19, 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمێک بۆ رێزلێنان لە هەڵگرانی نازناوی زانستی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆرە یاریدەدەرەکان رێکدەخات

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 19ـی کانونی دووەمی 2023 بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. عبدالفتاح عبدالرزاق، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی بڕوانامە و مەدالیای رێزلێنانی بەخشییە هەڵگرانی نازناوی زانستی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆرە یاریدەدەری سەر بە میلاکی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانی زانکۆمان.

لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی د. ئەمیر چالی، راوێژکاری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی د.دیار جەباری، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ کاک لاوەند دزەیی، بەرپرسی ناوچەی ئایندە کاک ئەمین لاجانی، ژمارەیەک لە راگری کۆلێژ و پەیمانگەتەکنیکییەکان و مامۆستایانی زانکۆ ئامادەبوون.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و مامۆستایان و ئامادەبووانی کرد، هەروەها پیرۆزبایی لە هەڵگرانی نازناوی زانستی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆرە یاریدەدەرەکان کرد بەبۆنەی بەرزکردنەوەی پلەی زانستییان و وتی: “بەرێزان ئەو رێزلێنانە تەنها بریتی نیە لە مەدالیایەک یاخود بڕوانامەیەک بەڵکو رێزلێنانە لە شەونخونی بەرێزتان و لەو توێژینەوانەی بڵاوتان کردووەتەوە، رێزلێنانە لەو هەموو خزمەتەی زانکۆیی کە کردووتانە کە بەهۆیەوە گەیشتوون بەم رۆژە و بەخۆشحاڵییەوە زێزتان لێدەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: دەمانەوێت لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زیاتر پەرە بە پلەی زانستی بدەین و ژمارەی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر بگاتە ئاستێکی دڵخۆشکەر، ئەوەی ئێستا هەیە هەم لە ژمارەی مامۆستا و هەم لە ژمارەی ئەو بەرێزانەی کە پلەی زانستییان پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لەچاو ناوی گەورەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ئاستی پێویستدا نیە، بۆیە ئێمە هیوادارین کە بەرێزتان هەوڵبدەن توێژینەوەی زیاتر ئەنجامبدەن، ئەوانەی نەگەیشتوونەتە ئاستی پلەکەی ئێوە بەتایبەتی مامۆستا و مامۆستای یاریدەدر دەستیان بگرن و هانیان بدەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن ئەو پلە زانستییە بەدەست بهێنن.

لەکۆتاییدا دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هاندان و پشتگیری کردنتان بۆ ئەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریش وەک زانکۆکانی دیکەی عێراق و کوردستان بگاتە ئاستێکی زۆر بەرزتر”.
پاشان دەستکرا بە دابەشکردنی خەڵاتەکان لە لایەن سەرۆکی زانکۆ و میوانان و راگری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانەوە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر سەردانی سەرۆک بارزانی دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەیاوەری شاندێکی نەنجوومەنی زانکۆکانی جیھان کە پێکھاتبوو لە د. ئۆرھان حیکمەت عەزیز ئۆغلۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆ نیودەوڵەتییەکان و د.کامەران یونس محەمەد ئەمین سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین و د.نورەدین ئیسماعیل سەرۆکی زانکۆی ھەولێری پزیشکی و د.شیروان شەریف قرتاس سەرۆکی زانکۆی سۆران و د.ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی بەیان سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی-یان کرد.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان کورتەیەکیان لە بارەی بارودۆخی زانکۆ و ناوەندە ئاکادیمییەکان و ئاستی گەشەی زانستی لە هەرێم خستەڕوو. هەروەها پێزانییان بۆ پەرۆشیی سەرۆک بارزانی هەبوو کە لە سی ساڵی رابردوودا هەمیشە پشتیوانی زانکۆ و ناوەندە ئاکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان بووە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ڕۆڵی زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان لە پێشخستنی ڕەھەندە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و پێگەیاندنی تاک ئاڵوگۆڕ کرا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی بڕوانامە دەبەخشێتە ژمارەیەک قوتابی بەشدار لە چەند پرۆگرامێکی نێودەوڵەتی جیاجیا

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 19ـی کانونی دووەمی 2023 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونییاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و قوتابیان، بڕوانامەی بەشداربوونی بەخشرایە ژمارەیەک قوتابی کە بەشداربوون لە سێ پرۆگرامی نێودەوڵەتی.

لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پۆلێک لە قوتابیانمان بەشداربوون لە پرۆگرامەکانی:

خولێکی هاوینە لە وڵاتی پۆڵەندا کە 13 قوتابی بۆ ماوەی سێ هەفتە بە شێوەی ئۆنلاین و هەفتەیەک لە زانکۆی ڤۆرسلۆڤ بۆ زانست و تەکنەلۆژیا مەشقیان ئەنجام دا.

ئەمەش بووەهۆی ئەوەی کە زانکۆمان یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژوو بکات لەگەڵ زانکۆی ڤۆرسلۆڤ بۆ زانست و تەکنەلۆژیا بۆ بەردەوام بوونی هەماهەنگی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی ناوبراو.

بەشداریکردنی 7 قوتابی لە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی کەلتوری لە زانکۆی کوالالامپور لە وڵاتی زالیزیا بۆ ماوەی یەک هەفتە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکەوتننامەی زانکۆمان لەگەڵ یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی بۆ مەشق و راهێنانی قوتابییان بەڕێوەچوو، پرۆگرامەکە لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوامی دەبێت.

بەشداریکردنی 42 قوتابی بە سێ گروپی جیاواز لە پرۆگرامی

Global Solutions Sustainability Challenge

بە هاریکاری رێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکی و هاوبەشی سێ کۆلێژی جیا لە ئەمریکا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە سەردەمییەکان بەشێوەی ئۆنلاین بۆ ماوەی 8 هەفتە بەردەوام بوو بەسەرپەرشتی مامۆستایان ( بەرپرسی هۆبەی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە سەرۆکایەتی زانکۆ پ.ی.د. عبدالله عمر یاسین، سەرۆکی بەشی تەکنەلۆژیای نەوت کارپێکردن و کۆنترۆڵ لە پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە د. رەوشەن عثمان علی، بڕیاردەری بەشی شیکاریی نەخۆشییەکان لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر م. هەورۆ دلاوەر).