سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە کونسوڵی روسیا لە هەولێر دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 30ـی نۆڤەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە کونسوڵی روسیا لە هەولێر ماکسیم روبن کرد.
لەم دیدارەدا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەرێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتەیەکی دەربارەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کونسول باسکرد هەروەها دواتر کونسوڵی روسیا باسی لە پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان کوردستان و وڵاتەکەی کرد لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا دەربارەی دروست کردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆمان و کونسوڵخانەی روسیا لە هەولێر هەروەها لەرێگەی ئەوانیشەوە زانکۆمان پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی روسیا دروست بکات بەمەبەستی سود وەرگرتن لە توانا زانستییەکانی هەردولا.
هەروەها کونسوڵی روسیا لە لای خۆیەوە بەڵێنی دا کە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانمان بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش داوای کرد کە نامەیەکی فەرمی پێشکەش بە کونسوڵخانە بکرێت و ئەوانیش وەک کونسوڵخانە ئاراستەی زانکۆکانی وڵاتەکەیان بکەن تاکو لە داهاتوودا پەیوەندی دروست بکرێت بۆ سود وەرگرتن لە توانا زانستییەکانی یەکتر.

سەرۆکی زانکۆ خەڵات و رێزلێنانی بەخشییە 9 قوتابی بەشدار لە پێشبڕکێی ساڵانەی کۆمپانیای هواوی

رۆژی سێشەممە رێکەوتی 29ـی نۆڤەمبەری 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب و راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. بۆتان مجید احمد، راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری پ.د. ایاد زکی، بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان پ.ی.د. هێمن کاکەخان و د. جمال بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای هواوی لە عێراق مەراسیمی رێزلێنان بۆ 9 قوتابی زانکۆمان لە بەشەکانی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن و ئەندازیاری سیستەمی زانیاری بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا کە سەرۆکی هەردوو بەشی زانستی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری و ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن، بەرپرسی سەنتەری ئەکادیمیای هواوی-(ئای.سی.تی) لە زانکۆکەمان م. شیرین و بەرپرسی نوسینگەی (ی. ق. ک) ـی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەیبوون خەڵات و رێزلێنان بەخشرایە 9 قوتابی سەرکەوتوو لە پێشبڕکێیەکانی کۆمپانیای هواوی 2022 کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا مامۆستا سالار احمد رسول سەرۆکی بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن لە دوای بەخێرهێنان کورتەیەکی لەسەر مێژوو و کار و چالاکییەکانی بەشەکەیان پێشکەش کرد پاشان سەرۆکی زانکۆ د. ئیدریس لە وتەیەکدا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە قوتابیانی سەرکەوتوو و قوتابیانی زانکۆمان بەگشتی کرد، هەروەها سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرۆکایەتی و ستافی بەشەکان کرد، دواتر د. بۆتان لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا باسی دەستکەوتەکان و پێشووەچوونەکانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر کرد و پیرۆزبایی و دەست خۆشی ئاراستەی قوتابیانی سەرکەوتوو کرد.

دواتر پەیامی (ی.ق.ک) لە لایەن حسێن تۆڤی پێشکەشکرا و پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکەوتوان کرد، هەروەها قوتابیانی سەرکەوتوو وتەیەکی سوپاسگوزارییان ئاراستەی سەرۆکی زانکۆ و راگر و سەرۆک بەش و مامۆستایانی کۆلێژەکانیان کرد کە بەردەوام پاڵپشتیان دەکەن و هانی قوتابیان دەدەن بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان.

شیاوی باسە لە ئاستی یەکەمدا لەسەر ئاستی عێراق 60 قوتابی هەڵبژێردران کە خۆشبەختانە 8 قوتابی لە بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای و گەیاندن و (1) قوتابیش لە بەشی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بوو.

لە ئاستی دووەمی پێشبڕکێیەکەدا 2 لە قوتابیەکانی بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و هاوڕێ لەگەڵ 4 قوتابی دیکەی زانکۆکانی عێراق بریارە بۆ بەشداربوون لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست سەفەری وڵاتی (سەڵتەنەی عومان) بکەن و بەشدار بن لە راوندی سێیەمی پێشبڕکێکە کە بڕیارە لە 20ـی دیسەمبەری 2022 بەڕێوەبچێت، کە تیایدا ژمارەیەک قوتابی دیکە هەڵدەبژێردرێن بۆ بەشداری کردن پێشبڕکێی کۆتایی لەسەر ئاستی جیهان.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستی کرد بە هەڵبژاردنی پەنابەران بۆ بەشداری کردن لە خولێکی راهێنان

لە چوارچێوەی پرۆژەی کامپ پڵەسدا بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پولیتەکنیکی هەولێر خولێکی راهێنان بۆ پەنابەرانی کامپەکانی شاری هەولێر و دەوروبەری(قوشتەپە، کەورگۆسک، دارەشەکران، باسرمە) بەڕێوەدەبات. دوای ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵسەنگاندن ژمارەیەک پەنابەر و قوتابی هەڵبژێردران بۆ بەشداری کردن لەم خولە.

مەبەست لەم خولە یارمەتیدان و راهێنانى پەنابەرانە بۆ ئەوەی تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببن تاوەکو ببنە سەرچاوەیەکی ئابووری بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان هەروەها لە خولەکەدا کار لەسەر پەرەپێدانی تواناکانى پەنابەران دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار و گەشەپێدانی پرۆژەکانیان.

شايەنی باسە پڕۆژەکە لەلایەن ئیراسمەس پڵەس لە یەکێتی ئەوروپا کۆمەکی دارایی دەکرێت، کە تا کۆتایی ساڵی .2024 بەردەوام دەبێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر و رێکخراوی (دەبڵیو. ئێف. پی) پڕۆژەیەک بۆ کەمدەرامەت و ئاوارەکان رادەگەیەنن

لە چوارچێوەی هەوڵ و هەنگاوەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆمان بەستنەوەى زانکۆ بە کۆمەڵگە و بنیاتنانی زەمینەسازی بۆ گەنجان، بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدان و رەخساندنى هەلى کارى سەرۆکایەتى زانکۆکەمان بە هەمامەنگی لەگەڵ رێکخراوی خۆراکی جیهانیی (دەبڵیو. ئێف. پی) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆگرامێک بۆ کەمدەرامەت و ئاوارەکانی نیشتەجێی شاری هەولێر و رادەگەیەنێت.

ئامانج لەم پڕۆگرامە یارمەتیدانى ئاوارە و کەمدەرامەتەکانى نیشتەجێی شاری هەولێرە  لە رێگەى پێشکەشکردنى خولی راهێنان و فێرکردن و رەخساندنی هەلی کار بۆیان لە بوارەکانى زمانی ئینگلیزى و تەکنۆلەژیای زانیاری و کارسازی.

ماوەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە ١٠ مانگە کە تیایدا خولی راهێنان و فێرکاری زمانی ئینگلیزى و تەکنۆلەژیای زانیاری بەشێوەى ئۆنڵاین لە چوار مانگی یەکەمی دەستپێکی پڕۆگرامەکەدا بۆ بەشداربووان دەکرێتەوە. دواى هەڵسەنگاندنى ئاستی توانستى بەشداربووان لە رێگەى تاقیکردنەوەی دیارییکردنی ئاست بۆ دوو بەش پۆلێن دەکرێن ( سەرەتایی و پێشکەتوو). هەروەها لە مانگی پێنجەمدا خولی کارسازی لە پۆل روو بەڕوو پێشکەشدەکرێت. لە ماوەى پێنج مانگی کۆتایى پڕۆگرامەکە هەوڵی رەخساندنى هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ بەشداربووان دەدرێت. 

لەو پڕۆگرامەدا ١٥٠ کەس دەرفەتی وەرگرتنیان پێدەدرێت. وا باشترة كەسی بەشداربوو هەڵگری بڕوانامە بێت. نابێت کەسی بەشداربوو قوتابی بێت هەروەها تەمەنی لەنێوان ١٨-٣٥ ساڵ بێت. لە چوار مانگی یەکەمی پڕۆگرامەکەدا  بەشداربوو مانگانە ١٥٠ هەزار دیناری پێ دەرێت.

ئارەزوومەندان لەو پرۆگرامەدا، بەبووونی ئەو مەرجانەی سەرەوە دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە خۆیان تۆمار بکەن.

لێرە کلیک بکە