یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە داڕشتنی سراتیژیەتی خوێندنی تەکنیکی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان بەڕێوەچوو

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 6ـی نۆڤەمبەری 2022 لە سەرۆکایەتی زانکۆ، بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پ.ی.د. نجیب تۆما بتۆ یەکەمین کۆبوونەوەی هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دهۆک و سلێمانی، تایبەت بە داڕشتنی ستراتیژیەتی خوێندن لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری هەر سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەشداربوون، باس لە داڕشتنی ستراتیژیەتی خوێندن لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان و هەروەها رێکخستنی کاروباری کارگێڕی و تەکنیکی هەرسێ زانکۆکە کرا بەهۆی تایبەتمەندی خوێندنی تەکنیکی.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی توێژینەوە و خوێندنی باڵا باسی لێوەکرا کە پێویستە بە ئاراستەی کرداری و تەکنیکی رێکبخرێت بەشێوەیەک کە توێژینەوەکان جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان بکەنەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە سیستەمی خوێندنی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی کوردستان کە بەچەند ئاراستەیەک رێکخراوە لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکانی پرۆسەی خوێندن و پێویستی بازاڕی کاردا بگونجێت و سوود لە تواناکانی قوتابیان وەربگیرێت لە خوێندنی تەکنیکی.

شیاوی باسە کۆبوونەوەکان بەردەوامییان دەبێت تاکو رێنماییەکی نیشتمانی بۆ خوێندنی تەکنیکی لەسەر ئاستی کوردستان رێکدەخرێت.

ئامادەبووان:

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر:

پ.ی. د.نجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی.

پ.ی. د بۆتان مجید ئەندام و نوێنەری هەرسێ زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکە لە لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی بۆلۆنا پرۆسێس لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

م. کۆڤان عمر ئەندامی لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی بۆلۆنا پرۆسێس لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک :

پ.ی.د. مسعوود عبدالکریم سەرۆکی لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی بۆلۆنا پرۆسێس لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی:

پ د سۆران ابوبکر محمد سعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و سەرۆکی لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پرۆسێس لە زانکۆی ناوبراو.

 م.ی. گوڵاڵە علی حمە أمین ئەندامی لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پرۆسێس لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.