سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی دەرچوون دەبەخشێتە بەشداربووانی خولی شەشەمی پێداگۆجی

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 2ـی نۆڤەمبەری 2022 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی و پ.ی.د. ژاڵە بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مەراسیمی بەخشینی بڕوانامە بە دەرچووانی خولی شەشەمی پێداگۆجی لە سەنتەری پێداگۆجی زانکۆمان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، میوانان و بەشداربووانی خولەکەی کرد و پیرۆزبایی لە مامۆستایانی سەرپەرشتیار و بەشداربووانی خولی شەشەمی پێداگۆجی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا د. ئیدریس گووتی :” پێداگۆجی واتا زانستی بنەماکانی وانەوتنەوە و پێویستییەکی گرنگی سەردەمیانەیە لە دروستکردنی مامۆستای ئاست بەرز بۆ خزمەتکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتووی کوردستان.
پێداگۆجی پێویستی بە کارلێکی مانادار هەیە لە نێوان مامۆستا و قوتابی کە ئامانج لێی یارمەتی دانی فێرخوازانە بۆ بنیاتنانی فێربوون و پەرەپێدانی لێهاتووی قوتابی، کەواتە ئامانج لە خولەکانی پیداگۆجی ئەوەیە کە مامۆستا ببێتە خاوەن کارامایی زۆرگرنگ وەک: قوتابی بکرێتە چەقی پرۆسەی فێرکردن، دیزاینکردنی پرۆگرامی خوێندن لەسەر بنەمای دروستکردنی توانا و لێهاتوویی، ئامادەکردنی ژینگەی تەندروست بۆ قوتابییان، مامۆستا چۆن وا لە قوتابیيان بکات کە بتوانن ببنە خاوەن بیرۆکە و داهێنان، چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوە”.
هەر لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ باسی لە گرنگی تەکنەلۆژیای سەردەم کرد لە پرۆسەی فێرکردن کە چۆن ئامرازەکانی گەیاندن ببنە هۆی پێشخستنی پرۆسەی خوێندن هەڵسەنگاندنی قوتابییان، لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ دووبارە پیرۆزبایی لە سەرپەرشتیاران و دەرچووانی خولەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

شیاوی باسە خولی شەشەمی پێداگۆجی لە 2/3/2022 دەستی پێکرد تاکو 31/8/2022 کە تیایدا 25 هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بەشداربوون و لە لایەن مامۆستایانی پێنج زانکۆی جیاوازەوە سەرپەرشتی خولەکە دەکرا.