پەیامی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن

به‌ناوى خواى گه‌وره‌ و میهره‌بان


ئه‌ندامانى به‌ڕێزى ئه‌نجومه‌نى زانكۆ..
مامۆستایانى هاوپیشه‌م..
به‌رێزان ئه‌ندامانى ستافى كارگێرى و ته‌كنیكى زانكۆ..
قوتابی و خوێندكاره‌ خۆشه‌ویسته‌كان..


خۆشحاڵم و شانازى ده‌كه‌م كه‌ له‌سه‌ره‌تاى ساڵى تازه‌ى خوێندنى 2022-2023 به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت پێشوازیتان لێبكه‌م، كه‌ تیایدا چاوه‌رێى كارى به‌رهه‌مدار تر و پێشكه‌وتوو تر ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌ى كه‌ هه‌موومان له ژینگەى زانكۆ به‌ ناونیشانه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌وه‌ بۆیان كۆبووینه‌ته‌وه‌.


پیرۆزبایی ده‌كه‌م له‌ سه‌ركرده‌كانى زانست و قوتابیان و خوێندكارانى زانست و مەعریفه‌ كه‌ له‌م ساڵى خوێندن هه‌نگاوێكى تر بۆ داهاتوو ده‌نێن و خشتێكى تر بۆ بنیاتنانى ئاینده‌ى كوردستان داده‌نێن.


ئێمە له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر، کار ده‌كه‌ین بۆ په‌ره‌پێدانى گشت به‌رنامه‌كانى زانكۆ وەک په‌ره‌پێدانى كارگێرى زانكۆ و باشتركردنى ده‌رئه‌نجامه‌كانى خوێندن و گرنگیدان به‌ به‌كارهێنانى ستاندارده‌ كوالیتی بەرزه‌كان كه‌ له‌ زانكۆ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌كارده‌هێنرێن، ئەمەش بە ئامانجی زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ستافی ئەکادیمی و تەکنیکی زانکۆ .


هەر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ده‌مه‌وێت به‌ مامۆستا به‌رێزه‌كانم بلێم : كۆمەڵگاى ئێمه‌ چاوه‌ڕوانییەکی زۆری له‌ ئێوه‌ هەیە، بۆیه‌ با ئێوه‌ش به‌قه‌د ئه‌وه‌ى به‌ ئێوه‌ سپێردراوه‌ به‌رپرسیاربن، ده‌ستى قوتابیه‌كانتان به‌ره‌و گۆشه‌ى زانست و زانین بگرن و هاوسه‌نگى له ‌نێوان مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌زه‌یى باوكایه‌تى و ووریایى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندندا بكه‌ن.


هەر له‌و ده‌رفه‌ته‌دا داوا له‌ قوتابیان و خوێندكارانى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر ده‌كه‌م كه‌ زیاتر گرنگی بە خوێندن بدەن و ئارام بن چونکە رێگای زانست‌ ئارامگرتن و ماندووبوونى ده‌وێت، هەروەها پێویستە گرنگی كه‌لتووریش بدەن و به‌شدار بن‌ له‌ پێشكه‌وتنى ووڵاته‌كه‌مان چونکە ئاینده‌ى نیشتمان له‌ ده‌ستى ئێوەدایه‌ و پێشكه‌وتنى كۆمەڵگا له‌سه‌ر شانى ئێوەیه‌.


هەروەها ده‌مه‌وێت پیرۆزبایى له‌ ستافى ته‌كنیكکار و فه‌رمانبه‌رانى كارگێرى زانكۆ بكه‌م ئه‌و كارمه‌ندانه‌ى كه‌ یارمه‌تى و هاوكارى مامۆستایانن له‌ تێپه‌ڕاندنى ساڵى خوێندندا و ئاماده‌كردنى زه‌مینه‌یه‌كى گونجاو بۆ پێشوازى كردن له‌ ساڵى نوێى خوێندن.

لە کۆتاییدا هیوادارم ئەمساڵ ببێتە ساڵی زیاتر بەرەوپێشچوونی کوردستان لە گشت بوارەکان بەتایبەتی لە رووی زانستی و ئەکادیمییەوە.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر
9/9/2022