Daily Archives: شوبات 16, 2022

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێک دەربارەی قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رێکدەخات

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 16ـی شوباتی 2022 لەژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ئاو و بەرێوبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رەحمان خانی، سەنتەری توێژینەوە زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێکی دەربارەی قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ رێکخست.

سیمپۆزیۆمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێکرد دواتر بەرێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی پ.ی.د. هێمن کاکەخان عەوڵا بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی کرد لە بەرپرسان و پسپۆڕان و شارەزایانی بوارەکە و مامۆستایانی زانکۆ، هەروەها کورتە باسێکی لە کێشەکانی ئاو و ئەو هۆکارانە کرد وای کردووە ئەم سیمپۆزیۆمە ئەنجام بدرێت ئەویش.

دواتر دەستکرا بە پێشکەش کردنی پانێڵەکان لە لایەن پ.ی.د. داود رسول مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی خەبات:

بەشی یەکەمی پانێڵی یەکەم پ.ی. د. عبدالله عمر یاسین بەرپرسی پەیوەندییە کەلتوورییەکان لە بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، پرێزنتەیشنێکی پێشکەش کرد لە ژێر ناونیشانی (مەترسییەکانی کەم ئاوی لەسەر کۆچی ناوخۆیی لە عێراق) کە تیایدا بەوردی باسی لە کاریگەری کەم ئاوی لەسەر دیاردەی کۆچکردن لە عێراق و جیهان کرد کە بە هۆی کەمی یاخود زۆری باران بارین خەڵکی لە جیهاندا ناچار دەبن کۆچ بکەن، هەروەها چەندین داتا و پێشبینی و توێژینەوەی دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دەرباری کێشەی کەم ئاوی بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی و جیهان خستەروو.

لە بەشی دووەمی پانێڵی یەکەمدا پ.د. طارق حەمەکریم مامۆستا لە بەشی خاک و ئاو لە کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین پرێزنتەیشنێکی پێشکەش کرد لە ژێر ناونیشانی (پێشبینی بڕی باران وەکو ئامرازێک بۆ داڕشتنی پلانی بەرێوەبردنی ئاو لە ئایندەدا) بە گرنگییەوە باسی لەوە کرد کە پێویستە لە ئایندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەین وە زۆر گرنگە پلانمان هەبێت بۆ بەرێوەبردنی سامانی ئاو بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە ژینگە و وڵاتمان بکەوێت.

لە بەشی یەکەمی پانێڵی دووەمدا ئەندازیار رەحمان خانی بەرێوبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بابەتێکی پێشکەش کرد لەژێر ناونیشانی (چوارچێوەی سیاسەتی حکومەت بۆ سامانی ئاو) تیایدا ستراتیژیەت و سیاسەتی حکومەتی بۆ سامانی ئاو بە وردی خستەروو هەروەها بە زانیاری پشتراستکراو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئا، باسی لە کێشە و گرفتەکانی کەمی ئاو لەم ساڵانەی دواییدا سەرەڕای بارینی باران لە کوردستان کە ئەویش هۆکارەکەی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیان کە بەنداویان لەسەر هەردوو زێی گەورە و زێی بچووک دروست کردووە، لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا ئەندازیار رەحمان خانی باسی لەو بەنداوانە کرد کە حکومەت لە بەرنامەیدایە دروستیان بکات بە لەبەرچاوگرتنی پێویستترینیان بۆ ئەوەی بتوانن بە رێژەیەکی زیاتر کەڵک لە باراناوی وەرزی زستان و بەهار وەربگیرێت.

لە کۆتا بەشی پانێڵی دووەمدا پ.ی.د. جیهان محمد فتاح سەرۆکی بەشی سەرچاوەکانی ئاو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی (کۆکردنەوەی ئاوی باران) پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە رێگاکانی گلدانەوەی ئاوی باران کرد کە هەندێکیان تێچوویان زۆرە و هەندێکیشان تێچوویان کەمە، هەروەها باسی باشترین رێگاکانی گلدانەوەی ئاو کرد کە وڵاتان سوودی لێوەردەگرن.

لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان واڵا کرا و بەوردی لە لایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵام درانەوە، لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ د. کاوە شێروانی وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی کرد بۆ رێکخستنی سیپۆزیۆمەکە و هەروەها زۆر سوپاسی بەرێوبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ رەحمان خانی و پسپۆڕان و مامۆستایانی بوارەکە کرد بۆ ئەو زانیاری و گفتوگۆ و پێشنیارانەی کە پێشکەشیان کرد چونکە ئاو لە ئێستا و داهاتووشدا چەکێکی کاریگەرە بە دەست وڵاتانەوە لە دژی یەکتر بەکاری دەهێنن.

دواتر بە بەخشینی بروانامەی رێزلێنان بە پانێڵیستە بەرێزەکان لە لایەن سەرۆکی زانکۆوە کۆتایی بە کارەکانی

سیمپۆزیۆمەکە هات