Daily Archives: شوبات 8, 2022

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێک بۆ هونەرمەندی گەورەی کوردستان مەزهەری خالقی رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 8ـی شوباتی 2022 لەچوارچێوەی دیداری هەفتانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د. هێمن هەورامی، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی د. عبدالفتاح عبدالرزاق و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرپرسانی حزبی و حکومی و هونەرمەند و شاعیر و مامۆستا و قوتابی، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیدارێکی بۆ هونەرمەند و گۆرانی بێژی گەورەی کورد مامۆستا مەزهەری خالقی رێکخست لەژێر ناونیشانی (گرنگی و بایەخی هونەر لە پاراستن و پەرەپێدانی کەلتوری کورد دا).

لە دەستپێکی دیدارەکەدا مامۆستا مەزهەری خالقی باسی لە ژیان و دەستکردن بە کاری هونەری خۆی کرد هەروەها باسی چەند لایەنێکی ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی کرد کە خۆی لە نزیکەی 200 بەرهەمی تۆمارکراو دەبینێتەوە، هەروەها باسی کارکردنی لە بواری راگەیاندن لە رادیۆی تاران کرد، دواتر باسی لە سەرەتای دامەزراندنی ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد کرد کە لە شاری سلێمانی لە ساڵی 2003 دایمەزراندووە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا مامۆستا مەزهەر باسی لە گرنگی هونەر و بەتایبەتی گۆرانی کرد بۆ ناسینی گەلان و بە شوناسی میللەتی وەسف کرد و وتی “کاتێک گەلان زمانی خۆیان لێ زەوت دەکرێت گۆرانی جێگەی زمان دەگرێتەوە و لە رێگەیەوە هەموو شتێک دەتوانێ بڵێت وە ئەم کەلتورە دەوڵەمەندەی ئێمە بەهۆی ئەو هەستانە بووە کە لە رۆحی مرۆڤی کورددا ماوە بەو هەموو ئەدەبیاتە بەو هەموو میلۆدییە دەری بڕیوە و بووە بە شوناسێک بۆ ئێمە، بەراستی هەرچی مە هەرچی باس بکەم دڵۆپێکە لە دەریایەک”.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن مامۆستا مەزهەرەوە بە وردی وەڵام درانەوە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە مامۆستا مەزهەر و هەروەها سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ ئەنجامدانی دیدارەکە