Monthly Archives: ئازار 2022

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خولێکی راهێنانی نێودەوڵەتی لەبواری پرۆگرامسازی بەڕێوەدەبات

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ خولێکی راهێنانی نێودەوڵەتی بۆ مامۆستایان و قوتابیانی خوێندنی باڵا لە بواری پرۆگرامسازی و سیمیولێشن لە هەردوو کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەرێوەچوو کە بۆ ماوەی 5 رۆژ بەردەوام بوو.

شایەنی باسە ئەم چالاکیە لە چوارچێوەی خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی بیلیفیڵدی ئەڵمانی و زانکۆمان ئەنجام دەدرێت و تیایدا نوێترین پێشکەوتنەکانی بوارەکە بۆ بەشداربووان روونکرایەوە بە هەردوو شێوازی تیۆری و پراکتیکی.

خولەکە تایبەت بوو بە مامۆستایان و قوتابیانی خوێندنی باڵا لە بواری پرۆگرامسازی و سیمیولێشن، لە ماوەی پێنج رۆژ بەرێوەچوو بۆ هەر رۆژێک 5 کاتژمێر بەردەوام بوو لە هەردوو کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر.

کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر فیستیڤاڵی ساڵانەی خۆی ئەنجام دەدات

رۆژی چوارشەمە رێکەوتی 30ـی ئاداری 2022 لە ژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د کاوە عبدالکریم شێروانی و بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان مامۆستا ئەحمەد کانی و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ لاوەند دزەیی و بەسەرپەرشتی راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د بۆتان مجید ئاسنگەر ڤیستیڤاڵی ساڵانەی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر لە ژێرناونیشانی “فیستیڤاڵی تەکنەلۆجیا و داهێنان 4” بەڕێوەچوو.

لە ڤیستڤاڵەکەدا چەندین بەرهەم و کاری قوتابیان و مامۆستایان نمایشکرا کە بە شێوازێکی سەردەمییانەو بە کوالیتییەکی بەرز بەرهەم هاتبوون وە لە لایەن میوانان و ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی بەرچاویان لێکرا.

شایەنی باسە کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر ساڵانە بەردەوام فیستیڤاڵی تایبەت بە بواری تەکنەلۆجیا بەرێوەدەبات و تیایدا بەرهەمی زانست و تەکنەلۆجیاو فێربوونی قوتابیان نمایش دەکرێت کە لە ماوەی ۲ ساڵی خوێندنیاندا کاریان لەسەر کردووە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولێکی تۆپی پێی بچوککراوە لەسەر ئاستی زانکۆ بۆ قوتابییان دەهێنێت

لە درێژەی کار و چالاکیەکانی بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 30ـی ئاداری 2022 لە یاریگای پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کۆتایی بە خولی تۆپی پێی بچووککراوەی تایبەت بە قوتابیان هات.

بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. یوسف مصطفی رسول ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێرو ی.راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و ژمارەیەک بەرێوبەری سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرۆکی بەشە زانستییەکان، کۆتایی بە خولی تۆپی پێی بچووککراوە هات کە لەسەر ئاستی زانکۆ بۆ هەڵبژاردەی قوتابیانی کۆلێژ و پەیمانگەکان کرابووەوە.

لە یاری کۆتاییدا هەردوو تیپی قوتابیانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر ئەنجام درا، لە کاتی ئاسایی یاریەکەدا هەردوو تیپ بە دوو گۆڵ یەکسان بوون، بۆیە یاری کەوتە لێدانی یەکلا کەرەوە، لە ئەنجامدا تیپی کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بووە پاڵەوانی خولەکە.

لە کۆتاییدا لە لایەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووان خەڵات بەسەر یاریزانی براوە و باشترینەکانی خول و ناوبژیوانی یاریەکە و ڕێکخەرانی خول دابەش کرا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولێکی تۆپی پێی بچوککراوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەهێنێت

لە درێژەی کار و چالاکیەکانی بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی 28ـی ئاداری 2022 بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مصطفی رسول و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و یاریدەدەرانی راگر و مامۆستایان، لە یاریگای پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کۆتایی بە خولی تۆپی پێی بچووککراوەی مامۆستایان و فەرمانبەران هات.

خولەکە لە ماوەی رابردوو بۆمامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنکی هەولێر کرابوویەوە و یاری کۆتایی ئەنجام درا لە نێوان تیپی کۆلێژی تەکنیکی سۆران و تیپی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر.

لە کاتی ئاسایی یاریەکەدا هەردوو تیپ بە سێ گۆڵ یەکسان بوون، بۆیە یاری کەوتە لێدانە یەکلا کەرەوەکان، لە ئەنجامدا تیپی پەیمانگەی تەکینیکی کارگێڕی هەولێر سەرکەوتنی بەدەست هێنا بووە پاڵەوانی خولەکە.

لە کۆتاییدا لە لایەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرانی ئامادەبوو خەڵات بەسەر باشترینەکان و یاریزان و ناوبژیوانی یاریەکە و ڕێکخەرانی خول دابەش کرا.